کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: هێڵی سوور بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، ڕێککەوتنێکە کە بۆ ئێمە باش نەبێت

11:27 - 8 جۆزەردان 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بەو هێڵە سوورەی کە نابێت ڕێژیمی ئێران بیبەزێنێت تا پڕۆسەی هێرشە نیزامییەکانی واشنگتۆن دەست پێ نەکاتەوە، ڕایگەیاند لە کۆتاییدا هێڵی سوور، ڕێککەوتنێکە کە بۆ ئێمە باش نەبێت. من دۆخەکە بەرەو پێش دەبەم و دەبینین چی ڕوودەدات.

ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فاکس نیوز" هۆشداریی دا کە بەزاندنی ئەم هێڵە لەلایەن ئێرانەوە، دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هێرشی نیزامیی ئەمریکا.

سەرۆککۆماری ئەمریکا بە فاکس نیوزی ڕایگەیاند هەرچەندە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وتووێژکاری زۆر باشن، بەڵام هێزە سەربازییە تێکشکاوەکەیان ئەو دەسەڵاتە بە ئەمریکا دەدات کە مەرجە دڵخوازەکانی خۆی بسەپێنێت؛ کە گرینگترینیان ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمییە.

ترامپ جەختی کردەوە ئەوان ژیرن، بەڵام لە کۆتاییدا هەموو کارتەکان لە دەستی ئێمەدان، چونکە لە ڕووی سەربازییەوە شکستمان پێ هێناون.