کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتی ئەوە هاتووە پێکەوە بیر بکەینەوە

00:45 - 1 خەرمانان 2723

د. مەجید حەقی

هیچ نەتەوەیەک و هیچ ڕەوتێک یەک شەوە لەدایک نابێت. هەموو ئەوانەی "ئیدعای" خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوایەتی دەکەن و هەموو ئەوانەی خۆیان بە "شۆڕشگێر" دەزانن ئامانجی سەرەکیان ڕزگاری نەتەوایەتی و گەیشتن بە ئامانجەکانی مرۆڤی نەتەوەی کوردە. لەو ڕووەوە هیچ بۆچوونێک نە لە بۆچوونی دیکە "پیرۆز"تر و نە لە بۆچوونی دیکە ڕاستترە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانێکە بەدەست دەردێکی مێژووییەوە دەناڵێنێ کە بە "دەردە کورد" ناو دەبرێ و قووڵایی ئەو قەیرانەش کاتێک دەردەکەوێت کە جیابیری لە پێوەندی لەگەڵ پرسە سیاسیەکانی ڕۆژەڤدا هەبێت؛ ئەوکات نەیاری سەرەکی لەبیر دەچێت و کورد و بزاڤی سیاسی کورد دەکەوێتە گیانی یەکتر و خۆخۆری.

دەسپێکی شۆرشی "ژن ژیان ئازادی" کە بەشیوەی هاودەنگ و هاوئاهەنگ بەرێوە دەچوو، هیوایەکی زۆری بە هەموو خەلکی کوردستان بەخشی. کوردستان ببوو بە هێمای یەکگرتنەوە و سەرچاوەی هێزوەرگرتن و ئیلهام‌بەخشین بۆ هەموو بەشەکانی ئێران. حیزبە لێکدابڕوەکانی کوردستانی بەخێرایی یەکگرتوویی حیزبیان ڕاگەیاند و دیالۆگێکی نەتەوەیی خەریکی پەرەسەندن بوو. لێ مخابن مانگی هەنگوینی یەکگرتوویی کورد زۆری نەخایاند. کەشی نابڕوایی زوو هێرشی کردە سەر یەکگرتووییە ناسکەکەی کوردستان و بە دەسپێکی گفتگۆ و ڕاگەیاندنی مەنشووری "جۆرج تاون" مەودای نێوان هێزەکانی پێکهێنەری ناوەندی هاوکاری حیزبە کوردستاییەکانی کوردستانی ئێران دوور کەوتەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هێرش بۆ سەر یەکتر داگیر کرا. وەک ئەوەی پرۆژەی ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا ئامانجی پێکهێنانی لێکدابڕان و ڕووخاندنی دیوارەکانی یەکگرتوویی کورد بووبێت. بڵقێک کە بە مەنشووری جۆرج تاون (مەهسا) و لە کەشی میدیایی فارسی زمانی ناوەندگەرادا پێک هات، هەوڵی دا ئەو مەنشوورە بە تاقانە ئاڵترناتیو لەقەڵەم بدات و دوای ماوەیەکی کورتیش بە هەمان خێرایی پێکهاتنی، بەرەبەرە پێکهێنەرانی مەنشوور ڕیزی خۆیان لە یەکتری جیا کردەوە.

مەنشووری مەهسا نەتەنیا بوو بەهۆی لێکترازانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و تا ئاستێکی زۆریش بەلارێدابردنی خەبات و سەرنجی گەلانی ئێران، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بوو بە هۆی لێکدابڕانێکی دیکە لەنێو کوردستاندا. ساردییەکی سامناک بەسەر پێوەندییەکانی نێوان حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکاندا سەپا، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران تووشی لێکدابڕان بوو و، لە ڕەوتی ڕووداوەکانی سەرەتایی ئەو لێکدابڕانەدا بەداخەوە دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە گیانیان لەدەست دا و؛ ئەنجام قەیران و برینێکی دیکە بە جەستەی قەیراناوی کورد و کوردستان زیاد بوو.

سەرەڕای ئەوەی لێرەولەوێ حیزبە کوردستانییەکان کۆنفڕانس و سمیناری هاوبەشیان پێک هێناوە و، سەرەڕای ئەوەی حیزبە کوردستانییەکان پێداگری لەسەر دیالۆگ و پێکەوە کارکردن دەکەن، بەڵام بەکردەوە بەهۆی ڕووداوەکانی دوای کۆبوونەوەکەی جۆرج تاون کەشی داسەپاو بەسەر بزاڤی نەتەوایەتیی کوردستان شایەتی جۆرێک لێکترازانە و ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە هاوپەیمانییەکانی نێوخۆی کوردستان بنەماکانیان زۆر لاوازن. هۆ: نەبوونی ستراتێژییەکی ڕوونی نشتیمانی و هاوبەش لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا و دیارنەبوونی هێلەسوورەکانی نشتیمانی. بەمجۆرە دەرکەوت ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هاوپەیمانی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا دەبێ وەک یەکەیەکی یەکگرتوو و یەکپارچە ببیندرێت و هاوپەیمانییەکان نابێ ببێتە هۆی لەمەترسی خستنی یەکیەتیی نەتەوەیی. 

یەکێک لە گرینگترین ئەزموونی شۆرشی ژینا ئەوەیە: کۆمەڵگەی کوردستانی کۆمەڵگەیەکی دابەشکراو و پلۆرالە و چارەسەرەکانیش زیاتر لە یەک دانەن، واتە هیچ بۆچوونێکی بەتەنیا ناتوانێت ئاڵترناتیڤ بێت. ئەوەی یەکمان دەخاتەوە بایەخە نەتەوایەتی، ئاواتەکانی بەرزی نیشتمانی و ئازادیی نەتەوەییە. مێتۆد و جۆری گەیشتن بەو ئاواتە لەوانەیە جیاواز بێت، بەڵام جیاوازیی بیرکردنەوە نابێ ببێتە هۆی ئەوەی کوردستان وەک تەواوییەتێکی یەکگرتوو لەبەرچاو نەگیرێت و هاوپەیمانە تاکتیکییەکان زیان بە ستراتێژی نەتەوەیی بگەیەنن. قووڵایی ستراتێژیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەتەوەکانی بندەستی ئێرانن و هەر هاوپێمانییەک کە فرەنەتەوەیی‌بوونی ئێران و نەتەوەبوونی کورد بباتە ژێر پرسیار نەتەنیا سەر ناکەوێ بەڵکوو زیان بە تەواویەتیی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەیەنێت.

کاتی ئەوە هاتووە پێکەوە بیر بکەینەوە. پێکەوە دەست بکەینەوە بە دیالۆگێکی نەتەوایەتی بۆ گەیشتن بە یەکگرتوویەکی نەتەوایەتی و بەکارهێنانی هەموو تواناکانی نێو کۆمەڵگە. پێکەوە بیرکردنەوە کارێکی ئاسان نییە، زۆر لە ئێمە نەک ئامادە نین بیر لەو ڕێگایە بکەینەوە، بگرە دەمانهەوێ بە "حەزف" و لە مەیدان‌دەکردنی لایەنەکانی دیکە تەنیا بۆخۆمان بیر بکەینەوە؛ ئاکامی ئەوەش لەنێوبردنی هەموو هێزەکانمان دەبێت.

لە زانستی فیزیکدا فێر کراوین "مادە" لە ئەتۆم پێک هاتووە. ئەتۆمەکانیش بە ڕادەیەکی یەک‌میلیارد بچووکتر لەو ئاستەن کە تەنانەت بە میکرۆسکۆپیش ببینین. ئەتۆمەکان لەنێو مادەدا بە خێرای دەجووڵێن و جاری وایە وێک دەکەون و مادە تووشی تەقینەوە یان گۆڕانی شیمیایی دەکەن. هەمان وێنە لە پێوەندی لەگەڵ کێشەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردا دەبیندرێت، خێرایی کێشەکان و قووڵایی کێشەکان بە ئاستێکە کە مرۆڤی کورد بەئاسانی لێک دەکەون. کاتێک دوو ماددە لێک دەکەون ئەنجامەکەی دەبێتە بەریەککەوتن و ئەم بەریەککەوتنەی نێو کۆمەڵگە دەبێتە هۆی لەبەرانبەر یەک وەستانی کۆمەڵگە و دواجار بەفیرۆچوونی هێز و تواناکانمان.

ئێمە تاک و ڕێکخراوە کوردییەکان چۆن فێری جۆرە چالاکی و خەباتێک بین کە دیالۆگ و وێکگەیشتنمان زیاتر بکات؟ چۆن دەتوانین ئێکۆلۆژیی سیاسی خۆمان بەرەو ژینگەیەکی سالمی پڕگەشەونەشە بگۆڕین؟ چۆن دەتوانین پێشی گەڕانەوە بۆ دواوە و ژیان لە ڕابردوودا بگرین؟ هەنگاوی یەکەم بۆ دەسپێکی پرۆسەیەکی وا بریتیە لە: ١. هەڵسوکەوتی لۆژیکی و دوورکەوتنەوە لە دەمارگرژی و گەشەسەندنی توانایی هەڵسوکەوت و کردار بە شێوەیەکی نوێ و جیاواز لە ڕابردوو؛ چونکە ئەو شێوازە وەڵامدەر نەبووە. ٢. گەشەپێدانی نەرمی‌نواندن و گوهەربارتر بۆ تێگەیشتن لە یەکتر بەبێ ئەوەی پێویست بە تاوانبارکردن و قەزاوەت بێت. ٣. مەجال و دەرفەتی شیکردنەوە و شرۆڤەکردن بۆ یەکتر بەجێ بێڵین بۆ ئەوەی نەبینە قوربانیی کەشی هەست و ئیحساساتی لەنەکاو.

سەرمایەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و مرۆڤیی ئێمە گرینگتر و خاوەن ڕێزتر لەوە دەبێ ببن کە ئێمە بەدەستی خۆمان بیانڕووخێنین. جۆری بیرکردنەوەی ئێمە شێوازی قسەکردن و دەربرینی ئێمە دیاری دەکات. ئێمە دەبێ هەموومان توانای پێکەوە بیرکردنەوەمان گەشە پێ بدەین و بتوانین لە نەخۆشی و شێرپەنجەی خۆخۆری و یەکتر شکاندن ڕزگارمان بێت. ئەو نەخۆشیە گشتیە هەموو هێز و توانای لە ئێمە ئەستاندووە.