کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنی خەڵکی بەلووچستان بە دژی دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی ئایینیی بەلووچ

10:48 - 1 خەرمانان 2723

پاش دەسبەسەرکردنی "مەولەوی فەتحی محەممەد نەقشبەندی"، بەرنوێژی شاری ڕاسک لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، خەڵکی ئەو پارێزگایە بە بەستنی ڕێگای نێوان شارەکان و داخستنی دووکان و بازاڕ و نووسینی دروشمی دژ بە ڕێژیم، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

پاش ئەوەیکە دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی "مەولەوی فەتحی محەممەد نەقشبەندی"، بەرنوێژی هەینی و مامۆستای دیاری ئایینیی بەلووچستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم دەسبەسەر کرا، خەڵکی شارە جیاجیاکانی بەلووچستان و بە تایبەت شاری ڕاسک بە داخستنی دووکان و بازاڕ، بەستنی ڕێگای نێوان شارەکانی سەراوان و سەوران و نووسینی دروشم لە شار و ناوچەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

هەر لەو پێوەندییەدا، مەولەوی عەبدولحەمید، بەرنوێژی هەینیی زاهیدان ڕایگەیاند: وا باشترە هەرچی زووتر مەولەوی نەقشبەندی ئازاد بکرێت و ناکرێت تەنیا لەبەر ناڕەزایەتی دەربڕین بە سیاسەتەکانی حکوومەت ناوبراو دەسبەسەر بکرێت، ئازادکردنی ناوبراو بە قازانجی هەموو لایەکە.

شایانی باسە کە پاش سەرهەڵدان و شۆڕشی ژینا، ماوەی ساڵێکە ناڕەزایەتییەکان لە بەلووچستان و بە تایبەت ڕۆژانی هەینی بەردەوامە و خەڵکی بەلووچ بە شێوەی جۆراوجۆر دژی ڕێژیم وەستاونەتەوە.