پێشەوا عەلیپوور
خەباتی ٧٨ ساڵەی حیزبی دێموکرات بە تێکۆشانی سێساڵەی کۆمەڵەی ژێ کافیشەوە، خەباتێکی شوناسخوازانە بووە لە پێناو دیاریکردنی مافی چارەنووسی کورد. خەبات بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی کورد لە قۆناغی جۆراوجۆردا شێوە و شکڵی تایبەتی بەخۆیەوە گرتووە و لەگەڵ ئەمەش نەک هەر شێوازەکانی بەدواداچوونی ئەم حیزبە بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکان لەگەڵ یەکتر ناتەبا نەبوون، بگرە هاوتەریب و درێژەی ڕێگایەکن بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکە کە سەربەخۆییە.
لەسەردەمێکدا کە خوێندەواری لە ئاستێکی نزمدا بوو، پێشەوا قازی و ڕووناکبیرانی ئەو سەردەم بیری سەربەخۆییخوازی دەهێننە گۆڕێ و ناسیۆنالیزمی کوردی دەبەنە نێو هەناوی کۆمەڵگەی کوردی. دواتریش کۆمارێک دادەمەزرێنن کە ئەگەرچی تەمەنی کورت بوو، بەڵام لەودا سەرجەم توخمە پێکهێنەرەکانی دەوڵەت-نەتەوەیان جێ خست. "ئاڵا، سروودی نەتەوایەتی، کابینەی وەزیران، حوکمڕانیی قانون و دانانی سپای میللی پێشمەرگە کە میرات و بەها و بایەخەکانی کۆمارن و هەتا ئێستاش بۆ کورد شانازین و لە پارچەکانی دیکەش نەهادینە بوون".
سرووشتی پرسی کورد و دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار داگیرکەری دڕ و پڕچەکدا وایکردووە کە گەلێک جار پرسی سەربەخۆیی لە دوو توێی خودموختاری یان مافی خۆبەڕێوەبەریی لە سیستمی فێدڕاڵدا خۆ بنوێنێ، کە ئەمەش نەتەنیا پاشەکشە نییە لە ئامانجە سەرەکییەکە، بەڵکوو دیرایەت و چارەسەرێک بووە کە ڕێبەرانی پارچەکانی دیکە و حیزبی دێموکراتیش بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی لەهەمبەر نەتەوەی کورد و ئامانجە ڕەواکانیدا و لەپێناو پاراستنی مان و مەوجودییەتی کورد بەکاریان هێناوە.
ئەگەر سەرنجێکی وتار و نووسراوەکانی ڕۆژنامەی "کوردستان"ی سەردەمی کۆمار بدەین بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە ویستی سیاسیی کورد سەربەخۆیی کوردستانە و هەنگاو و بڕیارەکانیش هەر لەو ڕاستایەدا بوون، بەڵام کاتێک سۆڤییەت پشتی کۆمار بەردەدات و بەشیک لە عێل و عەشیرەکان لە کۆمار هەڵدەگەڕێنەوە، پێشەوا قازی هەوڵی ئەوە دەدات لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی لە ڕێگای دیپلۆماسی و دانوستان، ڕێگایەک بۆ پاراستنی خەڵک و دەسکەوتەکانی کۆمار بدۆزێتەوە و هەموو هەوڵی خۆی دەدات کە ئەرتەش نەیەتە نێو مەهاباد و شارەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار، هەر بۆیە بە هێنانەگۆڕی پڕۆژەی ئیدارەی خۆجێیی هەوڵ دەدات فشاری دەوڵەتی ناوەندی لەسەر کۆمار لابدات. تەنانەت ڕەوتی دادگایی پێشەوا قازی و بەرگرییەکانی پێشەوا قازیش بەهیچ جۆر پاشەکشە لە سەربەخۆیی تێدا بەدی ناکرێت، بۆ نموونە ئەو تاوان و تۆمەتانەی کە دادگای ڕێژیمی پاشایەتی ئاراستەی پێشەوا قازی کردبوون یەکیان داڵدەدانی بارزانییەکان بوو کە دادگا بە بێگانە ناوی هێنابوون، یەکێکی دیکە لە تۆمەتەکان هەڵگێڕانەوەی ئاڵای ئێران بوو کە پێشەوا قازی لەوێ لەبری ئەوەی وەک تاوانبار قسە بکە، ڕەوتی دادگای پێچەوانە کردەوە و داکۆکیکارێکی سەرسەختی شوناس و نەتەوەکەی خۆی بوو و، بە فیداکاری خۆی و دانانی گیانی پارێزگاری لە نەتەوەکەی خۆی کرد و نەیهێشت چارەنووسی گەلی ئازاربایجان تووشی کورد بێت.
بە گشتی خوێندنەوە و شیکاریی ڕووداوە مێژووییەکان لە سەردەمە جیاوازەکاندا بە پێودانگی ئێستا ناکرێن، خەمڵاندن و هەڵسەنگاندنی هەڵوێست و ڕووداوەکانی هەر سەردەمێک پێویستی بە لێکدانەوەی بابەتییانەی دەرفەت و لەمپەر و فاکتەرە جیاوازەکانی ئەو سەردەم هەیە. ئەوەی کە هەنووکە سیاسەت و لێکدانەوەکانی حیزبی دێموکرات درز ناخاتە دیواری سەربەخۆیی کورد ئەوەیە کە باوەڕمەندانی ڕێبازی سەربەخۆیی بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات بە باوەڕ و هیواوە دەڕواننە هەنگاوە سیاسییەکانی حیزبی دێموکرات بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی، هەر بۆیە بۆ یەک چرکەش لە بڕیارەکانی ئەم حیزبە دوودڵ نین. ئەمەش وایکردوە حیزبی دێموکرات پاش ٧٨ ساڵ خەبات، لەنێو نەوەیەکدا پێگەی هەبێ کە نێونجی تەمەنیان ١٤ بۆ ١٨ ساڵە.
پاش نسکۆی کۆماری کوردستان و دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران، بۆ دووهەمجار لە مێژوودا حیزبی دێموکرات دەرفەتی حوکمڕانی کەوتە دەست و پشت بە هێزی جەماوەر، ڕێژیمی پاشایەتیی لە کوردستان ڕادەماڵێ. لەو کاتە هەستیارەدا حیزبی دێموکرات بە ڕێبەرایەتیی دوکتور قاسملوو بە ئاواتی دەستەبەرکردنی مافی نەتەوایەتیی کورد لەگەڵ ڕێژیمی نوێ سیاسەتی دیالۆگ و دانووستانی گرتەبەر.
لەو قۆناغەدا پانتایی سیاسیی ئێران و کوردستان ببوو بە مەیدانی وێککەوتنی ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان کە هەرکام بە جۆرێک دەیانویست هێژموونیی خۆیان بەسەر ئێران و کوردستاندا بسەپێنن. هەربۆیە ئیدارەی سیاسەتی حیزبی دێموکرات، پێویستی بە وردبینی و تێبینیی تایبەت هەبوو و دوکتور قاسملوو لەو دۆخە ناهەموارەدا وێڕای پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و تەشکیلاتی، بە نوێگەری و هێنانەگۆڕی بەرنامەی نوێ بۆ خەباتی حیزبی دێموکرات و گەلی کورد؛ بیرۆکەی خودموختاری بۆ کوردستان و دێموکراسی بۆ ئێرانی وەک ڕێگا حەلێک هێنایە گۆڕێ. دوکتور قاسملوو لەسەر بنەمایەکی نوێ و مۆدێرن قەوارە و سیاسەتی حیزبی دێموکرات دادەڕێژێتەوە و کەسایەتی تاکیی سەربەخۆ لە ڕیزی خەباتدا دروست دەکات کە ئێستاکەش ئەم وانەگەلە هەوێنی بەردەوامی خەباتی نەتەوەیەکی مافزەوتکراون.
ئەو سەردەم لەلایەک ڕێژیمی ئیسلامیی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو و لەلایەکی دیکەش هێزە جۆراوجۆرەکانی دیکەی مودەعیی دەسەڵات لە تاران، بە خوێندنەوەی جیاواز لە واقیعی کۆمەڵگەی ئێران و بە چاوپۆشی لە فرەیی نەتەوەیی، دەیانویست شکڵی نوێی حوکمڕانیی ئێران هەر وەک ڕێژیمی پاشایەتی و لە ڕاستای ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە بەرگی ئیسلامی بەسەر نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا قەڵب بکەن. هەر بۆیەش هێزێکی پێشکەوتنخواز و خاوەنئایدیای وەک حیزبی دێموکراتیان بۆ تەحەمول نەدەکرا و بۆ بردنە پێشی ئامانجە دزێوەکانی خۆیان، بوونی ئەو حیزبەیان بە بەربەست دەزانی.
تەنانەت دوای ئەوەی نوێنەری حیزبی دێموکرات و شەخسی دوکتور قاسملوو لە هەڵبژاردنی مەجلیسی خیبرەگان سەرکەوتنی بەدەست هێنا و هەروەها دوای ئەوەیکە بەربژێرەکانی حیزبی دێموکرات لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسدا دەنگی متمانەی خەڵکیان مسۆگەر کرد، ڕێژیم لە ڕێگای بەکرێگیراوان و دەست و پێوەندییەکانییەوە دەستی بە ئاژاوەنانەوە کرد تاکوو بەو بیانووە هێرش بکاتە سەر کوردستان. بەو حاڵەش دوکتور قاسملوو بە پشتبەستن بە هێزی جەماوەر و بۆ ئەستاندنی مافی نەتەوایەتیی کورد و قەناعەت پێهێنان بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات لە تاران، بە جێخستنی خودموختاری بۆ کوردستان هەوڵی دەدا بە چەشنێک قەوارەیەکی کوردی دروست بکات کە بتوانێ بووژانەوەیەک بێت بۆ خەباتی میللی دێموکراتیکی نەتەوەکەمان.
ئەگەرچی دوکتور قاسملوو قەت نەیشاردۆتەوە کە سەربەخۆیی مافی کوردە و ناکرێ حاشا لە ویستی سەربەخۆیی کورد و جیلی دوای خود موختاری بکرێت، بەڵام لەو قۆناغەدا هەوڵی دەدا بە چەسپاندنی خودموختاری لە چوارچێوەی ئێراندا لانیکەمی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد لەو بەشەی نیشتمانەکەیدا وەدی بهێنێت.
سەرجەم هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو لە قۆناغە جیا جیاکاندا هەم شوێندانەر و هەمیش مێژوویی بوون کە دەبێ لە لاپەڕەکانی مێژوودا وەک ناسنامەی سەربەرزی تۆمار بکرێن.
ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لە هەڵوێستە مێژوویی و گرنگەکانی حیزبی دێموکرات:
١- مەحکومکردنی هێرشی خوێندکارانی پێڕەوی خەتی ئیمام بۆسەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران و بەبارامتە گرتنی کارمەندانی باڵوێزخانە لەلایەن بەسیجییەکانی خەتی خومەینی
٢- پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بۆ لایەنە ئێرانییەکان و خومەینی دوای شەڕی سێ مانگە و پاش شکستی سپا و ڕاماڵینی هێزی داگیرکەر کە پێداگری لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد دەکرد لە شکڵی خودموختاری. ئەم نامەیەی حیزبی دێموکرات کە لە پێگەی هێزەوە بڵاو بۆوە، دۆخی ئەوکاتی گۆڕی و ئەو ئاخوندەی سێ مانگ پێشتر فتوای جیهادی لەدژی کورد دا، ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ دانی بە شکستی خۆی دانا و لەپەیامێکدا بەڵێنی دا هەیئەتی دەوڵەت ڕاسپێری کە لەگەڵ نوێنەرانی خەڵکی کوردستان وتووێژ بکەن. ئەوکات لە وەڵامی ئەو پەیامەدا دوکتور قاسملوو لە حزووری جەماوەری سەدان هەزار کەسی لە مەهاباد گوتی ئێمە "لبیک" بەو پەیامە دەڵێین.
٣- هەڵوێستی حیزبی دێموکرات لە شەڕی نێوان ئێران و عێراق هەڵوێستێکی مێژوویی بوو. حیزبی دێموکرات ئەوکات وێڕای هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، ڕەزبەری ١٣٥٩ لە پەیامێکدا دەستدرێژیی دەوڵەتی عێراق بۆ سەر خاکی ئێرانی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر دەوڵەتی مەرکەزی (ئێران) داخوازییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردستان بە ڕەسمی بناسێ، حیزبی دێموکرات ئامادەیە تەواوی هێزی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەلاماری ئەرتەشی عێراق وەکار بخا. کە ئەم هەڵوێستە لە نەوعی خۆیدا و لەنێو خاکی عێراقدا بوێری و پێداگریی ئەو حیزبەی نیشان دا لەسەر پڕەنسیپە نەگۆڕەکانی.
٤- هەڵوێستی حیزبی دێموکرات لە بۆمبارانی شیمیایی هەڵەبجە لەدژی دەوڵەتی عێراقیش لەو دەگمەن هەڵوێستانە بوو کە حیزبی دێموکراتی تووشی کێشەش کرد، دوای ئەوەیکە شاری هەڵەبجە لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٦٦ لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە شیمیاباران کرا، دوکتور قاسملوو کە تەنیا سەرکردەیەکی کورد بوو لە دەرەوەی وڵات دەنگی دەبیسترا، دەستبەجێ لە ڕێگای ڕاگەیاندنە گشتییەکان لە درەوەی وڵات ئەم جینایەتەی ڕێژیمی عێراقی لەقاو دا و زۆر بەتوندی مەحکوومی کرد.
٥- پشتیوانیی حیزبی دێموکرات لە ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لەو دەگمەن هەڵوێستانەیە لە هەناوی دەوڵەتی عێراقدا بۆ ڕاپەڕینی باشوور هاتە ئاراوە. ڕێبەران و فەرماندەکانی ئەوکاتی شۆڕشی کوردی باشوور دەیگێڕنەوە کە بزووتنەوەکەیان لەوپەڕی دەسکورتیدا بوو کە پەنا بۆ حیزبی دێموکرات دەبەن و حیزبی دێموکراتیش سەرجەم سەرمایەی خۆی دەخاتە خزمەتی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان.
جێی خۆیەتی هەڵوێست و وانەکانی حیزبی دێموکرات ببنە سەرلەوحەی خەبات نەک هەر لە ڕۆژهەڵات، بەڵکوو لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان. سەربەخۆیی بڕیار و سەربەخۆیی سیاسی و خەبات بۆ جێخستنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی پێویستە ببێتە ئەسڵی نەگۆڕ بۆ هەموو لایەک.
یەکێکی دیکە لەو تایبەتمەندییانەی حیزبی دێموکرات کە لە حیزب و لایەنە سیاسیییەکانی دیکەی جیا دەکاتەوە و بۆ لێفێربوون دەبێ، ئەوەیە بە پێچەوانەی زۆر حیزب و کەسایەتیی سیاسی، بەرپرسانی حیزبی دێموکرات هەرگیز هەڵپەی دەرکەوتن لەگەڵ دەسەڵاتداران و داگیرکەرانی هیچ پارچەیەکی کوردستانیان نەبووە و گەورەترین شانازی حیزبی دێموکرات ئەویە کە خاڵی ڕەشی لە کارنامەی پێوەندی لەگەڵ هیچ دەوڵەتێکدا نییە و لەسەر حیسابی تێکدانی خەبات و تێکۆشانی هیچ پارچەیەک، خەباتی خۆی درێژە پێ نەداوە.
ئەم ڕۆژانە کە یەکەمین ساڵیادی وەسەریەککەوتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتە، خۆڕاگریی ئەم حیزبە و تێپەڕین لە هێرشی مووشەکیی سپا لە جەنگەی شۆڕش و یەکگرتنەوەدا، دیرایەتی ڕێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ئەو حیزبە دەردەخات. هەروەها زیاتر لە هەموو کات بۆمان دەردەکەوێت دەرکی زەروورەتی یەکگرتن و یەکیەتیی تەشکیلاتی لەلایەن ڕێبەرایەتیی ئەو حیزبەوە تا چ ئاست گرنگ و شوێن دانەر بووە و نیشانی دا کە ئەم حیزبە چارەنووسی بزووتنەوەی کورد دیاری دەکات. لە یەک ڕستەدا یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات کاتالیزۆرێک بوو بۆ شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و شەقامەکانی ڕۆژهەڵات کە جمەی دەهات لە درووشمەکانی قاسملوو و حیزبی دێموکرات، سەلمێنەری ئەم قسەن. ئەمەش نەک هەر نابێ ئەم حیزبە و ڕێبەرایەتییەکەی لەخۆبایی بکات، بەڵکوو ئەرک و بەرپرسیاریەتی زیاتر بۆ ئەو حیزبە دروست دەکات و قەڵەمبازی ساڵی ڕابردووی، دەبێ ببێتە هەوێنی سەربەخۆیی و گەیشتنی کورد بە ئامانجە لەمێژینەکەی.