ئەلبورز ڕوویینتەن
٢٥ گەڵاوێژ، ساڵرۆژی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکافە کە دوای چوار ساڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی لەسەر دامەزرا. دوای نزیک بە هەشت دەیە خەباتی بێوچان، ئێستاش لە ساڵرۆژی دامەزرانی ئەو حیزبەدا شاخ و شەقام و کۆڵانەکانی کوردستان و بەشێکی وڵاتەکانی دونیا بە ئاڕمی حیزبی دێموکرات دەڕازێنرێتەوە و ئەو یادە بەرز دەنرخێنرێ.
ئەمە بۆ حیزبێک کە بەشی هەرە زۆری تەمەنەکەی لە نێوخۆی وڵات دوور بووە و بەگوێرەی یاسای وڵاتانی داگیرکەر قەدەغە کراوە و تەنانەت بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەو حیزبە بە دەیان هەزار کەس خراونەتە بەندیخانەوە بە هەزاران کەس لە دار دروان، بەڵام دیسان هەر لە سەر پێ ماوە و بەبێ پیاهەڵدان ئێستاش شوێندانەرترین حیزبی کوردستان و ئێرانە، هەم جێگای شانازییە و شایانی لێکۆلینەوە و لێوردبوونەوەیە کە ڕەمزی مانەوەو شوێندانەریی بەردەوامی ئەو حیزبە لە چیدایە؟
بێ گومان وەڵامی پرسیارێکی لەو چەشنە و باس لە مێژوو و سیاسەتی حیزبێک کە تەمەنی لە هەشت دەیە نزیک دەبێتەوە بەدەر لە توانای وتارێکە، بەڵام پێویستی بە باس و تاوتوێیە؛ چونکە لێوردبونەوە لەو پرسیارە وێڕای ناساندن و پێزانینی خەباتی ئەو حیزبە لە ڕۆژهەڵات، وانەیە بۆ ڕێبوارانی خەبات کە چۆن درێژە بە خەباتەکەیان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن ویڕای بەردەوامی لە تێکۆشان، ئەو خەباتەش بە ئامانج بگەینن.
ناتوانین بێ باسکردن لە کۆمەڵەی ژێکاف بچینە نێو باسی مێژووی دامەزران و گەوهەری ئامانج و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات. کە لە کۆمەڵەی ژێکافیش ورد دەبینەوە چەند ڕاستییەکمان بۆ دەردەکەوێ کە کەم و زۆر و بەدرێژایی مێژووی حیزبی دێموکرات بۆ ئەم حیزبە وەک میرات ماونەتەوە کە "کوردایەتی" لە پێشەی هەمووانە.
لە سوێندی پەیوەستبوون بە کۆمەڵە و هەروەها بناغەی هزری کۆمەڵەی ژێکاف کە لە ڕێگەی بڵاوکراوەی "نیشتمان" بۆ ئێمە بە میرات ماونەتەوە کوردایەتی بە مانای ئازادیی نیشتمان و گەلی کورد وەک یەکێک لە سەرەکیترین ئامانجەکانی دامەزرانی ئەو کۆمەڵەیە هاتووە. ئەو کوردایەتییە دواتر خۆی لە دامەزرانی "کۆماری کوردستان"دا دیتەوە، و لە خەباتی پێشمەرگانەی ٤٦-٤٧دا خۆی بە بەرپرسیار زانی بۆ ئەوەی خەبات ببوژێنتەوە. لە کاتی شوڕشی گەلانی ئێران (١٣٥٧)دا کوردستانی ئازاد کرد و کە حکومەت خودموختاریی پەسند نەکرد و هێرشی کردە سەر کوردستان، بەرگریی لە کوردستان کرد و دواتر لە وەرزی نوێی خەبات و تێکۆشان و ڕاسانەوەی خەباتدا جارێکی دیکە خوێنی لە دەمارەکانی شۆڕش لە کوردستاندا گەڕاندەوە لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادییشدا کاتێک لە هەموو شوێنێک تەنیا باس لە لابردنی حیجاب بوو، لە کوردستان شارەکان ببوونە گۆڕەپانی سڕینەوەی دەسەڵاتی بێدادی و ئاڵای کوردستان هەڵدەدرا و بژی دێموکرات و بژی ئازادی دەگوترانەوە.
واتە تا بە ئەم چرکەساتەش ئەوەی لە ژێر ناونیشانی کوردایەتی بە واتای ئازادی بۆ گەل و نیشتمان دەکرێت، لە گەوهەری هزری و کرداریی حیزبی دێموکراتدا ماوەتەوە، بە حوکمی ئەوەی ئامانجی کوردایەتی واتە ئازادی بەدی نەهاتووە، خەبات بۆ ئامانجەش لە ڕێگەی ئەو حیزبەوە بەردەوامە یا بە واتایەکی دیکە چونکە حیزب بۆ ئەو ئامانجە خەبات دەکات تا بە ئێستا توانیویەتی لە سەر پێ بمێنێ و پایەدار و شوێندانەر ببێ.
لەوانەیە ئەو کوردایەتییە لەژێر ناونیشانی پەتیی کوردایەتی نەبێ و بەگوێرەی هەلومەرج و ڕاستیەکانی لە چوارچێوەی دروشمەکانی دێموکراسیخوازی یا خودموختاریخوازی یا فیدرلیخوازیدا ڕەنگدانەوەی هەبێت، کە هەندێک جار ڕەخنە لێ گیراوە، بەڵام کەس ناتوانێ حاشا لەو ڕاستییە بکات کە خەبات بۆ مافەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات کە گرینگترینیان ئازادییە بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی و هەروەها بە دەستهێنانی سەرەوەری لە سەر خاکی خۆی، بە ناوی حیزبی دێموکراتەوە گرێ دراوە. ئەوەش بەڵگەیە بۆ ئەو ڕاستییە کە حیزب لە بناغەی هزری خۆی کە خەبات بۆ کوردایەتییە دور نەکەوتۆتەوە و ناشتوانێ دور بکەوێتەوە و بەبێ کوردایەتی حیزبی دێموکرات نامینێ.
نەتەوەییبوونی کۆمەڵەی ژێکاف، نەتەوەییبوونی حیزبی دێموکراتی لێ کەوتەوە بە جۆرێک کە بە درێژای تەمەنی ئەو حیزبە نەک هیچکات کۆسپ نەبووە بۆ پارچەکانی دیکە، بەڵکوو لە هەموو بوارێکەوە یارمەتیدەریش بووە. دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژێکاف لە بواری فیکری و تەشکیلاتیدا بە دوای یەکخستنی کوردی دابەشکراو یا لانیکەم خەباتەکەی بوون بۆ ئەو مەبستەش پەیوەندییان بە کوردانی پارچەکانی دیکەوە کردووە، ئەو نەتەوەیی بیرکردنەوە هیچکات لە حیزبی دێموکرات دور نەکەوتەوە، تەنانەت ئەگەر بەگوێرەی هەلومەرج نەیتوانیبێ خەبات بۆ پارچەیەکی دیکە بکات دەستتێوەردانیشی نەکردووە و، لە بەردەم شۆڕش لە هەر چوارپارچە ڕوووسوور و سەربەرزە کە هەر هاوکاری کردووە. لاموایە هیچ شانازییەک لەوە گەورەتر نییە کە ئێمە ڕێبوارانی مەکتەبی دێموکرات بە سەری بەرز لە بەرانبەر بە هەموو کوردان دەتوانین ئەوە بڵێین کە ئێمە کۆسپ نەبووین و نین بۆ سەر خەباتتان تەنانەت ئەگەر بە زیانی خۆشمان بێ. ئەو ڕاستییە یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوە و شوێندانەری و شانازی لە خەباتی ئەو حیزبە هەژمار دەکرێت.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی کۆمەڵەی ژێکاف (وەک بناغەی حیزبی دێموکرات) ڕەخنەگرتن لە خۆی بوو. ژێکاف جیاواز لە شۆڕشەکانی پێشوی خۆی لە ڕێگەی توێژی ڕووناکبیر و نێوەڕاستی کۆمەڵگە بە مەبەستی دروستکردنی وشیاریی نەتەوەیی لە ڕێگەی زانست و پێگەیاندن دامەزرا، واتە بە ڕەخنەگرتن لە شۆڕشەکانی پێش خۆی بۆ چاکسازی و باشترکردنی دۆخی خەبات بۆ ئەوەی بە ئامانج بکات دروست بووە. ئەو ڕەخنەگرتنە لە خۆی وای کردوە کە بەردەوام و بەدرێژایی تەمەنی حیزبی دێموکرات مشتومڕێکی هزری و هەروەها ڕێکخراوەیی لەنێو حیزبی دێـموکرات هەبێ کە وێڕای ئاکامی نەرێنی، ئاکامی ئەرێنییشی هەبووە، ئەویش بەردەوام ویستی نوێبوونەوە و سەردەمیبوون لە ڕۆژەڤی ئەو حیزبەدا بە زیندوویی ماوەتەوە هەر ئەوەش وایکردووە درێژە بە تەمەنی بدات، چونکە ڕەخنەگرتن و ئازادیی ڕەخنەگرتن بە بناغەی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی دادەنرێ. لەکوێ ئەو بناغەیە ڕەچاو کرابێ شارستانیەت و زانست پێشکەوتنی بەخۆیەوە دیتووە بە پێچەوانەکەشی ڕاستە. ئەم ئەسلە لەنێو حیزبی دێموکراتیشدا وجودی هەبووە بە جۆرێک کە بەردەوام لە نێوان تاکەکانی ئەو ڕێکخراوە بەبێ هەبوونی پیرۆزی یا قەڵغانێک بۆ کەسانێک لە نێو ئەو حیزبە باسی فیکری و تەشکیلاتی وجودی هەبووە کە هەندێک جار تەنانەت وزەیەکی زۆریشی بۆ خەرج کراوە کە نەرێنی لە سەر خەبات شكاوەتەوە، بەڵام هیچ کات نەبووە کە حیزبی دێـموکرات حیزبێکی تاکە کەسی یا تاک بیری بێ. هەر حیزبی لەو چەشنەش دەتوانێ درێژە بە خەبات بدات و بەردەوام بە سەر کۆسپەکاندا زال بێ.
کۆمەڵەی ژێکاف بە نهێنی دامەزرا، واتە هۆکاری دامەزران تەنیا بۆ ویستی کوردان بۆ بە دامەزراوەکردنی خەبات دەگەڕێتەوە. ئەوەش وای کرد کە سەربەخۆیی لە نێو حیزبدا وەک ئەسلێکی گرینگ بمێنێتەوە و تەنانەت ئەگەر هەوڵێکی بەپێچەوانەش هەبووبێت ئەوا هەوڵەکە شکستی خواردووە و سەربەخۆیی وەک بنەڕەت لە حیزبدا ماوەتەوە. گرنگی ئەو ئەسلە لەوەدایە کە بەستراوەیی لە تەواوەتیی خۆیدا ڕەت دەکاتەوە و ویستی گەل لە پێشەوەی هەموو شتێک دادەنێت. هەر ڕێكخراوێکیش بۆ ویستی گەل خەبات بکا دەمێنێتەوە و شوێنێکی تایبەتی لەنێو خەڵکدا دەبێت.
لە ڕۆژی دامەزرانی ئەو حیزبەوە تا بە ئەمڕۆ باشترین و لێهاتووترین کەسایەتییەکانی نیشتمان لەو حیزبەدا خەباتیان کردووە و تەنانەت گیانیان پێشکەش بە ئازادیی نیشتمان کردووە و لە ڕێزی شەهیدانی ئازادی شوێنیان لە دڵ و مێشكی گەلدا بۆ هەمیشە کردۆتەوە. ئەو بابەتەش هێزێکی مەعنەویی یەکجار زۆری بە حیزبی دێموکرات داوە کە وەک سەرمایەیەکی بێکۆتاییە و لە نێو خەڵکدا بەردەوام بە زیندوویی دەهێڵێتەوە نازناوی حیزبی ڕێبەرانی شەهید، حیزبی شەهیدان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، حیزبی زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی خۆڕاگر، حیزبی پێشمەرگە و خەباتکاران و کۆڵنەدەران، حیزب ڕۆڵە بە ئازاو نەترسەکان هەر بە ئاسانی بە بەژنی حیزبێکدا نابڕێتەوە، حیزبی دێموکرات بۆ هەریەک لەو نازناوانە کە سەرمایەی مەعنەوین بە سەدان نمونەی زیندووی هەن.
لە چاوپێکەوتنیکی ڕێبەری نەمرمان دوکتور قاسملوو کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بە دامەزراوەییکردنی ڕێکخراوی حیزبی دێموکرات هەبوو سێ هۆکار "سیاسەتی دروست، قارەمانێتیی پێشمەرگە و پشتیوانی خەڵک" بۆ مانەوەی بەردەوامبوونی دێموکرات ئاماژە پێ دەکات. ئەو سێ هۆکارە لە هەموو کات و سەردەمدا وەک پێویستیەکی سەرەکی مانەوە و شووێندانەریی ئەو حیزبە هەبوون. سیاسەتی دروست خۆی لەو بڕیار و هێڵە نەتەوەییانەدا دەبینێتەوە کە خزمەت بە کوردایەتی دەکەن و پێوەری کوردایەتی دیسان ڕۆڵی سەرەکی لەو سیاسەتەدا خۆی دەبینێتەوە کە پێویستە بۆ بەردەوامی خەباتیش هەر بمێنێ. بۆ قارەمانێتی پێشمەرگە کە لە مێژووی بەرخودانی گەلان بێوێنەیە، کە هۆکارێکی جیدی مانەوە و بەردەوام بوونە. هەرچەند بگوترێ هەر کەم گوتراوە کە ئەوە تەنیا قارەمانێتیی پێشمەرگە لە ڕابردوودا نییە گرینگی ئەو هێزە نیشتمانی و ڕووناکبیرییەی کۆمەڵگە دەردەخات، بەڵکوو ڕیئالیزمی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دڕەندەیی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان ئەوە دەخوازێ کە ئەو هێزە نیشتمانییە پەرەی پێ بدرێت و وەک هەمیشە بەبایەخەوە چاوی لێ بکرێ. هێزی پێشمەرگە بە ژمارە و ئیمکاناتی نا، بەڵام بەهۆی باوەڕی بەهێزیەتی دوژمن لێی توقیووە و، بێگومان هەتا سیاستی دروست هەبێ و هێزی پێشمەرگە قارەمانێتی بنوێن، گەلیش هەر پشتیوان دەبێت؛ چونکە ئەو سێ هۆکارە سێ حەلقەی زەنجیرێکن کە لێک جیا ناکرێنەوە.
ئەو هۆکارانە و سەدان هۆکاری دیکە دەتوانین وەکو ڕەمزی مانەوەی حیزبی دێـموکرات ئاماژەیان پێ بکەین، کە مانەوە و شووێندانەریی خۆی بە شانازی دەزانێ، بەڵام بە هەمان ئەندازەی شانازییش خۆی لە بەرانبەر بە ئازادکردنی کورد و نیشتمانەکەی کوردستان بە بەرپرسیار دەزانێ و بۆ بەجێگەیاندنی ئەو بەرپرسیارەتییەش خەبات دەکات. سەڕەڕای هەموو ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی ئەوەی گەلی ئێمە تا بە ئەمڕۆ بە ئامانج نەگات کە لە دەرەوەی هێز و ئیرادەی دێموکرات بوون، پێویستە ئەو پرسیارەی "بۆ بە ئامانج نەگەیشتووین" بۆ نەوەی نوێی خەبات سەرچاوەی لێپرسینەوە بن، بۆ ئەوەی بەهێز بین تا سەر بکەوین. ڕێبوارانی ئەو مەکتەبە پێویستە وێرای ئەوەی شانازیی زۆر بە خەباتەکەیان دەکەن کە حەقی خۆیانە، لەپێناو سەرخستنی ئەو خەباتەش لە ڕەخنەگرتن ودیتنەوەی کەموکوڕییەکان بۆ چاکسازی و بەهێزترکردنی خەبات خۆیان نەدزنەوە و، ئەوەش بە بەشێکی خەباتیان بۆ سەرکەوتن بزانن.