کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردبوون، ئاوێنەی ڕەنجی کوردایەتی

20:40 - 2 خەرمانان 2723

شەریف فەلاح

پرسی مێژوو بۆ نەتەوەی کوردی بێدەوڵەت و کیان و سەروەری، یەکێک لە گرنگترین پرسە هەنووکەییەکانی هاوچەرخە، لێ مخابن بەشی هەرە زۆری مێژووی سیاسیی قۆناغ و بڕگە مێژوویەکانمان لێ زەوت کراوە، یان شێوێندراوە و، یان بزرە. چونکە ئەم مێژووە پڕ لە ڕەنج و ئازارە یان لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان (فارس، تورک و عەرەب)ەوە نووسراوە کە وێڕای چەواشەکاری و شێواندن لە بەرژەوەندیی خۆیان نووسیویانە، یان لەلایەن ئورووپاییە ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە بۆ قازانج و بەرژەوەندیی تایبەت و هەندێ جاریش لەڕووی بەزەییەوە گۆشەنیگایەکیان لە ئێمە کردووەتەوە. بۆیە پشتبەشتن بەم دوو شێوازە لە نووسینەوەی مێژوومان، ڕێگەهەتڵەکردنە. جیاواز لەم دوو شێوازە خودی مێژوونووسانی کوردیش هەن کە لەم بوارەدا هەوڵی سەرەتاییان داوە، لێ مخابن ئەمەش تژییە لە لاوازی و سەرچاوەیان هەمان نووسەرانی سەر بە دەوڵەتانی داگیرکەر و ڕۆژهەڵاتناسانە.

سەرەڕای ئەو دۆخە لەباری مێتودی نووسین، شرۆڤە و شیکاریی ڕووداوەکانی کورد و کوردستان لاوازییەکی زۆریان پێوە دیارە. لەلایەکی دیکەش، هەندێکیان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی گوتاری زاڵی داگیرکەران و خۆیان لە ڕاستییەکان بواردووە و سانسۆریان کردووە. یان هەندێکیشیان لەژێر کاریگەری و هەژمۆنیی ئایدۆلۆژیای حیزب و لایەنێکی تایبەتدا خامەیان کۆڵەوارە، دەستەمۆ کراوە و لەپێناو بەرژەوەندیی لایەنێکدا ڕاستییەکانیان شێواندووە و خۆڵیان کردووەتە چاوی نەتەوەکەیان. لەم نێوەدا ئەوەی جێگەی ئومێدە بۆ کورد، گێڕانەوە و مێژووی زارەکییە، چونکە نە داگیرکەران و نە ڕۆژهەڵاتناسان دەستیان پێ ڕانەگەیشتووە و بە دەست‌لێنەدراوی ماوەتەوە، لێناو مێژووی زارەکیشدا هەڵە و کەموکۆڕی زۆرە و دەبێ بژاری بکەیت، هەتا دەقێکی ڕەسەن و خۆماڵیت دەست بکەوێ.

یەک لەو قۆناغ و بڕگە سیاسی و مێژووییە گرنگانەی کورد کە زۆری لەبارەوە نووسراوە و بە دیکیۆمێنت کراوە، قۆناغی دروستبوونی کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستانە، کە هەم داگیرکەرانی کوردستان تۆماریان کردووە و هەم ڕۆژهەڵاتناسان و پاشان هەم نووسەر و مێژوونووسانی کوردیش ئاوڕیان لێ داوەتەوە. کە وەک باسمان کرد، داگیرکەران و ڕۆژهەڵاتناسان بە چ ئاراستە و ئامانجێکدا نووسیویانە و مێژوونووسانی کوردیش لەمبارەوە تووشی هەڵەی سەرچاوە و شێوازی نووسین بوون و لە ئەنجامدا وێنایەکی پڕ لە پارادۆکسیان دەرخواردی کۆمەڵگەی کوردستان داوە. لە دوو دەیەی ڕابردوودا شۆڕشگێڕ و خەباتکارانی نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان زۆربەیان دەستیان دایە پێنووس و بیرەوەری و سەربردەی خۆیان وەک کارەکتەری شۆڕش نووسیوەتەوە، کە هەندێکیان ناوی مێژوویان لەسەر داناوە. جیاواز لە لایەنی ئەرێنی و بەئەرشیڤکردنی قۆناغ و بڕگەکانی شۆڕش، شێوازی نووسین و گێڕانەوەیان لاوازە و تژییە لە پارادۆکس و بەرژەوەندیخوازانەیە. زۆر جار بوغز و ڕق و قین لە کەس، لایەن و ڕەوتێک وای کردووە، ڕاستیی ڕووداوەکان بشێوێنن و لە ئەنجامدا بۆ خۆقوتارکردن لە بەرپرسیارێتی، خۆڵیان لە چاوی جەماوەر کردووە و خۆیان بە قارەمان و پاڵەوانی ڕووداوەکان داناوە و لایەنی بەرانبەریش بە دۆڕاو، خایین و خەتابار لەقەڵم دراوە. لەم سەربردە و گێڕانەوانەدا کە زۆرێکیان ناچنە خانەی نووسینی مێژووەوە و بەگشتی ڕوانینێکی ڕەش و سپی، دروست و نادروست، قارەمان و دۆڕاو، فریشتە و شەیتان بەسەریاندا زاڵە. بۆیە لەبەر ترس، بەرژەوەندیی کەسی و گرووپ و حیزب، خۆیان لە ڕاستییەکان بواردووە و لە ئەنجامدا شێواویی مێژوویی خوڵقاوە.

"کوردبوون"

بۆیە پێش باسکردن لە نێوەرۆکی کتێبی "کوردبوون" (بەشێک لە بیرەوەریییەکانی کاپیتان حەمەدی مەلوودی) لە ساغکردنەوە و بە بەڵگەمەندکردنی وریا ماملێ، ئەو پێشەکییەم لە سەرەوە نووسی، هەتا بڵێم بەڕای من "کوردبوون" کتێب و سەرچاوەیەکی گرنگ و دەگمەنە و لەڕووی شێوازی نووسین، نێوەرۆک، ڕاستی و دروستیی ڕووداوەکان بە چاک و خراپەوە، لە هەموو کتێبەکانی دیکە کە لەمبارەوە نووسراون، جیاوازە. لەڕاستیدا "کوردبوون" ئاوێنەی تەواو باڵانوێنی ڕەنج و ئازاری کوردبوون و کوردایەتییە.

بۆچی کوردبوونم پێ دەگمەن و جیاوازە؟ چونکە هەڵێنجراوی فکر و ئەندێشەی قارەمان و شؤڕشگێڕیکی ڕاستەقینە و نیشتمانپەروەرێکی خۆنەویستی هەتا سەر ئێسقان دڵسۆز و خاکەڕای ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. چونکە خۆی پەروەردە و خاراوی ڕەنج و کوێرەوەریی کۆمەڵگەی نەریتییە. نووسینی کەسێکە لە نازی دایک بێبەری، ژێرچەپۆکەی زڕدایک و باوکی بێ ڕوحم و هەڵقرچاوی دەردی برسێتییە. چرکە بە چرکە، سات بە سات، مانگ بە مانگ و ساڵ بە ساڵ دەرد و مەینەتی بە گیان چەشتووە. بە دەیانجار هەتا سەرە مەرگ ڕۆیشتووە. هەر لە ساواییەوە پیلانی کوشتن و لەنێوبردنی داڕێژراوە، ئیتر چۆن نەمردووە و چۆن ماوە و چۆن ژیاوە؟ ئەوە با خوێنەر هەوڵی دەستخستنی کتێبەکە بدات، هەتا لە چیرۆک و سەربردەی حەمەدی مەولوودی بگات و ڕاستیی ڕووداوەکانی موکریان، هێرش و کوشتاری ڕووس و عەجەم، ئازادکردنەوەی مەهاباد لەلایەن سمکۆی شکاک، سووکایەتیی ژاندارمە و ئاژانی حکوومەتی پالەویی زاڵم بە نەتەوەی کورد و فەرهەنگ و دابونەریتمان تێ بگات.

پێم وایە حەمەدی مەولوودی، هەروەک خۆی لە چەندین شوێنی نووسینەکەیدا دەڵێ "بەو کەچە سەوادەمەوە" ڕاستگۆترین، سادقترین و دڵسۆزترین شۆڕشگێڕی سەردەمی ژیانی خۆی بووە لە سەردەمی کۆمەڵەی ژێکاف و سەردەمی دامەزرانی کۆمار و ڕووداوەکانی دوای کۆماریش. چونکە زۆر بوێرانە و بە وردی ئاماژەی بە خاڵی لاواز، ئەرێنی و نەرێنی و کەموڕییەکانی ناو ڕێکخراو، حیزب و کۆمار و تاکەکەس و تەنانەت خۆشی کردووە و بە چاک و خراپەوە ئەوەی دیویە و چەشتوویە بە زمانێکی سادە و ساکار و بێ گرێ‌وگۆڵ نووسیویەتەوە. بۆیە "کوردبوون" ئاوێنەی ڕاستییەکانی سەردەمی کۆمارە، چونکە کاپتان حەمەدی مەولوودی تەنیا سەروەریی کورد و کوردستانی لا مەبەست بووە و لە ژیانی شۆڕشگێڕانەیدا نەیویستووە لەپێناوی بەرژەوەندیدا لەژێر دەمامکی کوردایەتیدا سەروەت و سامان پێکەوە بنێت و ماڵ و منداڵ و ئازیزان و سامانی فیدای شۆڕش و بیروباوەڕی کردووە. خوو و خدەکانی وەک: بوێری و سەربەخۆیی، نەترس و قسەلەڕوو، ڕاستگۆ و دەستپاکی و دڕ لە هەمبەر دوژمنی داگیرکەری ئێرانی و ئاغاوات و دەوڵەمەندی مەسڵەحەتچی، وایان کردووە ببێتە خۆشەویستی نێو توێژی هەژار و لێقەوماوان و ئاغا و بەگ و ساماندارەکانیش چونکە لێیان ڕاساوە و لەقاوی داوە، دژی بوون. بۆیە قارەمانێکی ئاوا دەگمەن بێگومان لە ڕاستی زیاتر ئەگەر لەدژی خۆشی بووبێت، نەینووسیوە. بۆ ئەوەی لە دۆخی ژیانی منداڵانی هەژار و زگبرسی و بێلانە، لە ژان و بڕک و ئازار و دەربەدەریی مێرمنداڵێکی بێ دایک و نازلێشێواو تێ بگەن، دەبێ کوردبوون بخوێننەوە. بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەی نەریتیی داماو بە دەست خۆرافات و دەست و پێ بەستراوی ئایین تێ بگەن، ئەوا سەربردەی کاپتان حەمەدی مەولوودی بخوێننەوە. بۆ ئەوەی لە ناخی مرۆڤێکی ڕاستگۆ و بێ پێج و پەنا تێ بگەن کە لەتاو برسێتی و بێ خانە و لانەییدا دەستی داوەتە دزی، ئەوا دەبێ "کوردبوون" بخوێنننەوە. بۆ ئەوەی لە قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤێکی خاراوی ڕەنج و ئازار تێ بگەن، بۆ ئەوەی بزانن مێرمنداڵێک هیچ کاتێ ملکەجی زوڵم و ستەم و نادادپەروەری نەبووە و لەپێناو پاراستنی کەرامەت و غرووی میللیدا بەگژ ژاندارم و ئەمنییە و ئاژاندا چووە، دەبێ کوردبوون بخوێننەوە. ئەگەر دەتانەوێ لە ڕاستیی یەکێک لە سەرەکیترین بەربەستەکانی بەردەم شۆڕش و خەباتی کورد تێ بگەن، کە هەمان عیشیرەگەری، ئاغاوات، شێخ، سامانداری ڕەزیلن، دەبێ سەربردەکانی حەمەدی مەولوودی بخوێننەوە. بزانن کە ئەو عەشیرە و هۆز و تایفە بەرژەوەندیخوازانە کە ملکەجی فارسی داگیرکەر بوون، چۆن بە فێڵ و دەهۆ و تەڵەکە و تەنیا بۆ پاراستنی مڵک و سامان و پارە خزیونەتە ناو کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستانەوە و هاوکات لەژێریشەوە پێوەندییان لەگەڵ داگیرکەران هەبووە و لە کاتی تەنگانەدا وەک ماری پەپکەبەستوو چۆن چزوویان لە پێشەوا و کۆمار گرت و پاڵیان بە داگیرکەروە دا، بۆیە حەمەدی مەولوودی وەک قارەمانێکی بوێر و ڕاستگۆ لێیان ڕاساوە و بۆ چرکەیەکیش باوەڕی بە هیچکامیان نەبووە، بۆیە "کوردبوون" ئاوێنەی کوردایەتی و کۆمەڵگەی نەریتیی ژێر چەپۆکەی عەشیرە و ئاغایە.

لە دووتوێی "کوردبوون"دا بە زمانی سادە و ساکار، بەڵام لە هەمانکاتدا قووڵ تیشک خراوەتە سەر هەڵە و کەمۆکۆڕییە سیاسییەکانی ژێکاف، حیزبی دێمۆکرات و کۆمار و تەنانەت پێشەوا قازی محەممەد و هەڵوێستەکانیان بەرانبەر بە داگیرکەران و تەنانەت یەکیەتیی سۆڤیەتیش. ئەگەر دەتانەوێ لە دەلاقە و گۆشەنیگایەکی دیکەی جیاوازەوە لەکۆی ڕووداوەکانی سەردەمی کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستان تێ بگەن، ئەگەر دەتانەوێ لە پیلان و مەکری خایینانی نێوخۆیی (عەشیرە و ئاغاواتی بەرژەوەندیخواز) و هاوکات نییەتی داگیرکەرانی کوردستان، تێ بگەن، ئەگەر دەتانەوێ شۆڕشگێڕانی ڕاستەقینەی ئەو سەردەم بناسن کە لەپێناو پاراستنی کۆمار و سەروەریی خاکی نیشتماندا چییان کردووە، ئەگەر دەتانەوێ لە بەشێک لە ڕووداوەکانی بەرەی سایین قەڵا، میاندواو، بەرەی سەرا و سەقز و بانە و سەردەشت و شەڕی "مەکڵاوێ"، ئەگەر دەتانەوێ لە ڕۆڵی بارزانییەکان و شۆڕشگێڕان و ئەفەسرانی نیشتمانپەروەری باشووری کوردستان لە کۆماری کوردستان تێ بگەن، ئەوا دەبێ "کوردبوون" بخوێننەوە. ئەگەر دەتانەوێ لە ژان و برینی بەسۆی غەریبی و ئاوارەیی لە وەتەن و خاک تێ بگەن و بزانن مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ و ئاشقی نیشتمان چۆن بەو ژان و ئازارانەوە لە باشوور و ئازەربایجان تلاوەتەوە، تێ بگەن، ئەوا "کوردبوون" باشترین سەرچاوەیە لەم بوارەدا.

بۆیە دەڵێم "کوردبوون" ئاوێنەی ڕەنجی کوردایەتی و قووڵایی تراژیکی شۆڕشی کوردە بۆ سەربەخۆیی، چونکە سەرچاوە و خەزێنەیەکی گرنگ و دەگمەنە و دەکرێ توێژەرانی بواری مێژووی سیاسی، کۆمەڵناسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و تەنانەت دەروونناسیش بیکەنە هەوێنی توێژینەوەکانیان و لە ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە شرۆڤە و تاوتوێی بکەن.