کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی ڕێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لەسەر پرسی کورد (هەڵسەنگاندن بۆ پەیماننامەکان لە ڕوانگەی مافی نێونەتەوەییەوە)

20:24 - 2 خەرمانان 2723

مستەفا مەولوودی

هەتا دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و چاردە خاڵەکەی "وودرو ویلسۆن" سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکا (١٨ی ژانوییەی ١٩١٨)، مەنشووری ئاتلانتیک (١٩٤١)، ڕاگەیەندراوی نەتەوە یەکگرتوویەکان (ژانوییەی ١٩٤٢) و پەیماننامەی نێونەتەوەیی حقووقی مەدەنی و سیاسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (پەسندکراوی ٢٦ی دێسامبری ١٩٦٦)، لە مێژوودا یاساکان بە زۆری عورفی بوون یان دەسەڵات و هێز بابەتەکانی یەکلایی کردۆتەوە.

بەپێی تێگەیشتن و خوێندنەوەی من بە دوو هۆ زۆربەی نیزیک بە تەواوی ئەو پەیماننامانە یاسایی و ڕەوا نین، بۆ؟

یەکەم: یاساکان بە زۆری عورفی بوون، لە یاسای عورفییشدا، ڕەچاوی ئیرادە و خواستی نەتەوەکان و دانیشتووان دەکرێ. بە کەڵکوەرگرتن لە یاسای عورفی چەندین نەتەوە و پێکهاتەی ئەتنیکی و میللی و دینی و مەزهەبی بە یەکەوە حاواونەوە و، ماف و حقووقی یەکتریان لەبەرچاو گرتووە و تەنانەت پاراستوویانە، بەڵام لەو پەیماننامانەی پەیوەندیدار بە کوردستان و خەڵکی کوردستان بەستراون، لە پەیماننامەی زەهاوەوە تا پەیماننامەی سایکس-پیکۆ لە هیچ بوارێکدا ڕەچاوی یاساکانی عورفی نەکراوە، کە لە جێگای خۆیدا ئیشاڕەیان پێ دەکەین.

دووهەم: ئەو پەیماننامەی دەوڵەتان بەستوویانن، هەموویان دەرئەنجامی شەڕ بوون. لایەنی دۆڕاو و شکستخواردوو ناچار بووە شەرتەکانی لایەنی براوە قبوڵ بکات بۆ نموونە وەک پەیماننامەی گوڵستان لە نێوان ڕووسیە و ئێران لە ئۆکتۆبری ١٨١٣ی زایینی.

لە پێوەندی لەگەڵ یاسای عورفیدا، دەتوانین ئاماژە بە دوو جۆری بکەین؛

یەکەم: ئەو یاسا عورفییانەی بە تێپەڕبوونی کات و زەمان جێگایان گرتووە و کاریان پێ کراوە و بوون بە یاسایەکی عورفی نەنووسراو و جێگرتوو. ئەوانە لەبەر ئەوەی ئیرادەی خەلک و گەلانیان تێدا لەبەرچاو گیراوە و ڕەوایی خۆیان لە ئیرادەی کۆمەڵ وەرگرتووە و ماونەتەوە، بەردەوام بوون. بەشێکی زۆریشیان بوون بە یەکێک لە سەرچاوەکانی یاسای دەوڵەتی و ناوخۆیی و زۆریشیان بوون بە سەرچاوە بۆ یاسای نووسراوی نێودەوڵەتی لە کۆنوانسیۆن و میساقەکانی نێودەوڵەتی لە سەردەمی نووسینی دەستووری وڵاتان و ڕێکخراو و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا سوودیان لێ‌وەرگرتوە.

یاسای عورفی لە سەردەمی زوودا کاری پێ کراوە. تەنانەت هەر لە کوردستان هەم لە سەردەمی خەلافەت‌دا و هەم لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانی و فەرمانڕەواکانی ئێرانیش کاریان پێ‌کراوە. بەو شێوەیە میرانی کوردستان لە ناوچە و هەرێمی کوردستان بە دەسەڵاتی تەواوەوە فەرمانڕەواییان کردوە. لەسەر ئەساسی یاسای عورفی لەگەڵ حاکمانی عەرەب و تورک و فارس پەیماننامەی نووسراویشان ئیمزا کردوە.

سروشتییە لە سەردەمی یاسای عورفیدا، بەهۆی دەسەڵاتدارەوە بە خەراپی لە یاسای عورفی کەڵک وەرگیراوە کە یان بە هۆی خراپ بەکارهێنانیان زیانی قەرەبوو نەکراویان لە کۆمەڵ داوە. لەبەر ئەوەی ئەنجامی خراپیان هەبووە یان بە هۆی خراپ بەکارهێنان لە سەردەمی دەستووری نووسراودا کەمتر کەڵکیان لێ وەرگیراوە. سروشتییە هەر وەک یاسای نووسراو ئەگەر لەسەر بنا‌غە و ئیرادەی گەلان نەبێ و دژی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ بێ پووچ و نامەشروعە. یاسای عورفی کارپێکراویش ئەگەر دژی بەرژەوەندییەکانی مرۆڤ و گەلان بێ، بە تێپەڕبوونی زەمان لەنێو چووە و ئاسەواریشی هەرچی بێت ناپەسند و نامەشروعە.

ئەگەر یاسای عورفی بە مەبنا دابنێین بۆ یاساییبوونی ئەو پەیماننامانە، زۆر ئاسان بەو ئەنجامە دەگەین کە بەو هۆیانەی خوارەوە ئەو پەیماننامانە یاسایی نین:

١- یاسای عورفی بە تێپەڕبوونی کات و زەمان بە ئیرادەی ئینسان و گەلان دروست بووە. بەڵام هیچ یەک لەو پەیماننامانەدا کە کاریگەرییان لەسەر چارەنووسی گەلی کورد داناوە، ئیرادەی گەلی کوردی تێدا لەبەرچاو نەگیراوە، وەک پەیماننامەی زەهاو، ئەرزەرووم (١ و ٢) و سایکس - پیکۆ.

٢- یاسای عورفی بە تێپەڕبوونی کات و زەمان لە مێژوودا دروست بوون و هاتوونەتە ئاراوە، یانی یاسای عورفی هەڵقوڵاوی ڕاستیەکانی مێژوویە. لە حاڵێکدا لەو پەیماننامانەدا نەک هەر ڕاستییەکانی مێژوو لەبەرچاو نەگیراون، بەڵکوو مێژووی نەتەوەیەکی ڕەسەنی وەک کوردیان خەوشدار کردوە و کاریگەریی زۆر خراپیان لە دوای خۆیان جێ هێشتووە.

٣- یاسای عورفی لە پێوەندیی باش و دروستی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کولتووری و فەرهەنگیدا دروست دەبن، بەڵام ئەو پەیماننامانە تەواو بەپێچەوانەی پێوەندیی کۆمەڵایەتی، کولتووری و فەرهەنگی پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیە بە تایبەتی کوردی بەئامانج گرتووە. ئەوەندەی بۆی کراوە بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەتانی حاکم پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کولتووری و فەرهەنگییەکانی شێواندوە.

٤- یاسای عورفی یارمەتی دەکات بە مامەڵەی بازرگانی و گەشەی ئابووری، بەڵام هەموو ئەو پەیماننامانە کۆسپی گەورەیان بۆ ئاڵووێر و بازرگانی دروست کردووە و خەڵکی هەرێمەکە لەو پێوەندییەدا زیانی قەرەبوونەکراوی لە ئاڵووێر و بازرگانی و ئابووری لە ناوچەکەدا بەرکەوتووە.

٥- یاسای عورفی یارمەتی دەکات بە پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی ئینسانەکان و پێکهاتەکان و نەتەوەکان. بەڵام پەیماننامەکان دوژمنایەتی کۆن و تازەی لە نێو پێکهاتەکاندا دروست کردوە و هەتا ئێستاش نەبڕاونەتەوە. هەر ئەوەی لە سەدەی ٢١ی زایینیدا هێزێکی وەک "داعش" سەر هەڵدەدا، لە نادروستی و نایاسایی بوونی ئەو پەیماننامانەوە سەرچاوە دەگرێ.

٦- یاسای عورفی یارمەتی دەکات بە ئاشتیی گەلان؛ بەڵام ئەو پەیماننامانە کەمترین یارمەتیان بە ئاشتی گەلان نەکردوە. لە ئێستاشدا ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست کە پێکهاتەیەکی تێکەڵاو و ئاڵۆزی هەیە، ڕووی ئاشتی بە خۆیەوە نەبینیوە و لە هەموو وڵاتەکاندا بە زۆری کێشەی گەورەی سیاسی، نەتەوایەتی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و فەرهەنگیی چارەسەرنەکراو هەیە. مەترسی و شەڕ نەک هەر نەڕەویوەتەوە، بەڵکوو مەترسیی هەڵایسانی شەڕی گەورە هەست پێ دەکرێ و هیچ بە دووریش نازاندرێ کە بەزوویی شەڕی گەورەی تێدا ڕوو بدات. هەموومان دەزانین لەگەڵ ئەوەی لە سەدەکانی ڕابردوودا بە دەیان پەیماننامە لەنێو فەرمانڕەواکان و دەوڵەتان هاتوونەتە ئاراوە، هاوکات چەندین شەڕی گەورە گەورەش ڕوویان داوە؛ وەک شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق کە چل ساڵ پێش ئێستا دروست بوو و زیانی گەورەی گیانی، ماڵی، کۆمەڵایەتی و ڕووحیی لە خەڵکی ئەو دوو وڵاتە داوە و تەنانەت ئاور و پڕیشکی ئەو شەڕە بەر وڵاتانی دیکەش کەوتووە. یان هەر شەڕی نەتەوەی کورد بەدرێژایی مێژوو و هاوکات لەگەڵ بەستنی ئەو پەیماننامانەش لە ئێستادا بە شێوەی جۆراوجۆر بۆ وەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانی درێژەی هەیە و نەبڕاوەتەوە، یان شەڕی داعش لەگەڵ هەموو بەها ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکان کە زۆریش ڕێکاری دروست نەگیراونەتە بەر بۆ تەواوکردن و خاشەبڕکردن و هەروەها شەڕی چەند ساڵەی سووریە کە گەورەترین کارەساتی ئینسانی و وێرانی لێ کەوتۆتەوە.

٧- یاسای عورفی بە تێپەڕبوونی کات و زەمان بۆتە سەرچاوەیەکی یاسایی بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەکانی کێشەکانی حقوقی و یاسایی بەڵام ئەو پەیماننامانە بوون بە هۆی دروستکردنی زۆر قەراری دژی گەلی بۆ بەچۆکداهێنانی گەلانی بن دەست و بێ ماف کردنیان و بەشێوەیەک بەڕێوەچوون کە یاسا سەربەخۆ نەبێت. زۆر یاسای نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی ژێرپێ نراون.

کۆنڤانسیۆنی ١٩٦٩ی ڤییەن بۆ ڕێكه‌وتتنامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاوا باسی هۆکاری هەڵوەشانەوەی پەیماننامەکانی کردووە كه‌ بریتین له‌:

١- لەژێرپێنانی یاسای نێوخۆیی

٢- هەڵە

٣- فێڵ و تەڵەکە و بەرتیل وەرگرتن

٤ – ئیجباركرن (زۆرلێكردن)

ئەو پەیماننامەی دەوڵەتان بەستوویانن، هەموویان دەرئەنجامی شەڕ بوون. لایەنی دۆڕاو و شکستخواردوو ناچار بووە مەرجەکانی لایەنی براوە قبوڵ بکات. بۆ نموونە له‌ پەیماننامەی گوڵستان لە نێوان ڕووسیە و ئێران لە ئۆکتۆبری ١٨١٣ی زایینی ئیجباركردنی تێدا بووه‌. نیزیک بە تەواوی ئەو پەیماننامانە لە ئەنجامی سەرکەوتن و شکست لە شەڕەکاندا به‌ستراون. هەربۆیە بێ لەبەرچاو گرتنی ئیرادە و خواستی گەلان و لە هەلومەرجی ناتەندروست ئەنجام دراون.

پەیماننامەی زەهاو لە ئەنجامی چەند شەڕ لە نێوان ئیمپراتۆریی عوسمانی و فەرمانڕەوای ئێرانیدا هاتۆتە ئاراوە و هۆیەکانی ڕەوا نەبوون. پەیماننامەی زەهاو لە ئەنجامی شەڕی چاڵدێڕان لە ساڵی ١٥١٤ کە سوڵتان سەلیمی عوسمانی لەشکری سەفەویی شکست داوە و شاسمایلی سەفەویی لە تەورێز وەدەرناوه‌ و ئەو شارەی داگیر کردوە و لە ڕێککەوتنێکدا کوردستانیان لە نێوخۆیاندا دابەش کردووە. سروشتییە بە هەر پێوانەیەک لێکی بدەینەوە، ئەو پەیماننامەیە ناكه‌وێته‌ خانه‌ی هیچ بنه‌مایه‌كی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌. لەبەر ئەوەی:

یەکەم: هۆیەکەی ڕەوا نییە، بەرژەوەندیی گشتی لەبەرچاو نەگرتووە، بۆتە هۆی دەیان کارەسات و زیان‌گەیاندن بە پێکهاتە و خەڵکی کوردستان و تەنانەت خەڵکانی دیکە لە ئێران و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی؛ جیا لەوەش چارەسەری کێشەکانی نەکردوە. بۆیە لە ڕوانگەی منەوە ئەو پەیماننامە و هەموو ئەو پەیماننامانەی دوای ئەویش لەو ناوچەیە گرێ دراون، ناڕەوا و نامەشروع و نایاسایین.

پێش پەیماننامەی زەهاو، پەیماننامەی ئاماسیا لە ساڵی ١٥٥٥دا، پەیماننامەی ئاشتی لە ساڵی ١٥٩٠ کە ناسراوە بە پەیماننامەی فەرهادشا، پەیماننامەی قووستەنتەنییە (ئیستانبووڵ) لە ساڵی ١٧٣٩، هەروەها پەیماننامەی ساڵی ١٧٤٦، هەروەها پەیماننامەی ئەرزەروومی ١ لە ساڵی ١٨٢٣ و پەیماننامەی ئەرزەروومی ٢ لە ساڵی ١٨٤٧، هەموویان سروشت و تایبەتمەندیی پەیماننامەی زەهاویان هەیە. لە ڕوانگەی منەوە هۆیەکەیان ڕەوا نییە، ئیرادەی گەلان و پێکهاتەکانیانی لەبەرچاو نەگرتووە و ئەنجامەکەشیان نەک هەر ئاشتی بۆ خەڵک بە دواوە نەبووە بەڵکوو زیان و خەسارێکی زۆریشیان بە دوای خۆیاندا هێناوە هەر بۆیە یاسایی و مەشروع نین.

پەیماننامەی سێڤەریش کە بە بەراورد لەگەڵ پەیماننامەکانی دیکە لە هەموویان باشترە و تا ڕادەیەک کێشەکانی چەند نەته‌وەیەکی وەک عەرەب و ئەرمەن و یونانی پێ چارەسەر کراوە، بەڵام ئەویش لە ئەنجامی شەڕی یەکەمی جیهانی و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز و خاوەن بەرژەوەندی، ئەنجامەکەی بۆ قازانجی زۆری ئابووری و بازرگانیی وڵاتانی وەک بریتانیا، فەرانسە، ئەمریکا و براوەکانی شەڕ بووە. ئەویش نەیتوانیوە کێشەکان چارەسەر بکات و بەپێی هێندێک ڕێکاری قورس کە دایناوە بەربەستی گەورەی دروست کردوە بۆ ئەوەی کورد بە مافی نەتەوایەتی خۆی نەگات یان ڕێگای سەخت ببڕێ. من ناڵێم پەیماننامەی سێڤەر یاسایی نییە، بەڵام زۆر ناتەواوە؛ وەک پێویست عەداڵەتی تێدا ڕەچاو نەکراوە. یانی ئەوەی بۆ ئەرمەنەکانی کردوە کە مافی ڕەوای خۆیانە، بۆ کوردی نەکردوە. ئێستاشی لەگەڵ بێ گەلی کورد لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتننامانەدا لە نەهامەتی دایە و خەلاسی نەهاتووە و بە بەشێکی کەمیش لە مافەکانی نەگەیشتووە.

پەیماننامەی لۆزان لە ئەنجامی شەڕەکانی نێوخۆی تورکیە لە ساڵی ١٩١٩ تا ١٩٢٣ هاتۆتە ئاراوە. ئەو پەیماننامەیە بەئاشکرا و زۆر ڕوون قبووڵی کردووە کە تورک دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی لەسەر حیسابی نەتەوەکانی دیکە بە تایبەت کورد دروست بکات. ئەنجامی ئەو پەیماننامەیە بێ‌مافکردنی کورد لە بەشێکی زۆری کوردستان بووە. بۆتە هۆی تێکدانی پێوەندیی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و کولتووریی چەند پێکهاتە و نەتەوەیەکی وەک کورد، کلد و ئاشوور. یانی ئامانجی پەیماننامەی لۆزان بە هیچ شێوەیەک ڕەوا نەبووە؛ بۆتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشە لە ناوچەکە و بە هۆی ئەو پەیماننامەیە ئێستاش دانیشتوانی ئەو دەڤەرە بە گشتی و بە تایبەت کورد لە مافەکانی خۆیان و لە هەموو مافێكی حقوقی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بێبەش کراون؛ بۆیە پەیماننامەی لۆزان ڕەوا و یاسایی نییە. پەیماننامەی سەعدئاباد و بەغداش دیارە هەر کامەیان مەبەستێکی تایبەتییان هەبووە .پەیماننامەی سەعدئاباد بۆ هاوکاری و کۆنترۆڵی سنووری ئەو چەند وڵاتە (ئێران، عێراق، تورکیە و ئەفغانستان) بووە کە پەیماننامەکەیان ئیمزا کردوە. بەڵام سنووری سێ وڵات شوێنەواری حقوقی و یاسایی و کاریگەریی لەسەر کوردستان و خەڵکی کوردستان داناوە. ئامانجی پەیماننامەکە بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەتەکانە و زۆر بە زیانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و خەڵکی سەر سنوورەکانە بە تایبەتی، هەر بۆیە ڕەوا و مەشروع و یاسایی نین.

 

دووه‌م: پەیماننامەی ئەلجەزائیر ساڵی ١٩٧٥ لە نێوان حکوومەتی ئێران و عێراقدا ئیمزا کراوە، بەڵام عێراق بەرتیلی داوە بە ئێران بۆ ئەوەی هاوکاریی شۆڕشی مەلامستەفا بارزانی نەکات. بەشێکی لە خاکی عێراق بە تایبەت لە "شط العرب"ی داوە بە ئێران. ئەوە به‌پێی عورف و له‌ یاسای ئاساییشدا باتڵە، چونکە دەوڵەتی ئێران بۆ ئەوەی هاوکاریی مەلامستەفا نەکات بەرتیلی لە حکومەتی عێڕاق وەرگرتووە. وەرگرتنی بەرتیل پەیماننامەکە خەوشدار و باتڵ دەکات. بێجگە لەوەش پەیماننامەی ئەلجەزائیر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە و ڕەوای نەتەوەیەکی ئازادیخواز و مافویستی تێک‌شاندوە کە ئاکامی حقووقی ئەو پەیماننامەیە شوێنەواری زۆر کارەساتباری لە پاش خۆی دروست کردوە. هەرەسی بە شۆڕشی کورد هێناوە، بەستێنی دروست کردووە بۆ هەڵایسانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق کە شوێنەواری ئەو شەڕە زۆر دیارن و قەرەبووش ناکرێنەوە یان زۆر بە زەحمەت قەرەبوو دەکرێنەوە. وەک وێرانیی گوندەکانی کوردستان، بەکارهێنانی گازی شیمیایی بەسەر خه‌ڵكی هەڵەبجەدا، ئەنفالکردنی ١٨٢ هەزار کورد، داڕمانی ئابووری، تێکچوونی سەدان شوێنەواری مێژوویی، فەرهەنگی، کولتووری تاد... کە ئێستاش خەڵکی عێراق بە گشتی و بە تایبەت کوردستان پێیەوە دەناڵێنێ.

 

سێیه‌م: به‌پێی مادده‌ی 64 له‌ کۆنڤانسیۆنی ١٩٦٩ی ڤییەن بۆ ڕێكه‌وتننامه‌كان‌ له‌ كاتی ده‌ركه‌وتنی ڕێسایه‌كی فه‌رمانپێكه‌ر( قاعدة آمرة) كه‌ له‌ یاسای نێو ده‌وڵه‌تی جێگیر بوو ئه‌وا ڕێكه‌وتننامه‌ كارپێكراوه‌كان كه‌ دژن له‌گه‌ل ئه‌و ڕێسایه‌، هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌ و له‌ كارپێكردن ده‌وه‌ستن. پره‌نسیپی مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی میلله‌تان وه‌ك ڕێسایه‌كی فه‌رمانپێكه‌ر جێگایه‌كی دیاری هه‌یه‌ له‌ یاسای تازه‌ی نێوده‌وڵه‌تاندا. به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كانی نێوان ده‌وڵه‌تان هه‌موو میلله‌تان به‌بێ جیاوازی مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان هه‌یه. بەپێی ڕێكه‌وتننامه‌ی نێونەتەوەیی مافه‌ مەدەنی و سیاسییه‌كان و ڕێكه‌وتننامه‌ی مافه‌ ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌كان، پەسندکراوی ١٩٦٦، سه‌باره‌ت به‌ مافی دیاریكردنی چاره‌نووس له‌ بەشی یەکەمی هه‌ردوو ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ وا هاتووه‌: "هەموو نەتەوەیەک مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی هەیە و لە ڕێگای ئەو مافەوە دەتوانێ چارەنووسی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و گەشەی فەرهەنگی خۆی سەربەستانە دیاری بکات".

هەروەها بەشی یەکەم لە مادەی ٢دا دەڵێ: هەموو نەتەوەیەک دەتوانێ بۆ ئامانجی خۆی بێ ئەوەی زیان بە بەڵێننامەی پەیوەندیدار بە هاوکاریی ئابووری نێونەتەوەیی بگەیەنێ کە لەسەر بنه‌مای قازانجی بەرانبەر و مافی نێونەتەوەیی سەربەستانە بەستراوە لە سەروەت و کانگاکانی ژێرزەوینی و سروشتی سوود وەربگرێ. بە هیچ هۆکارێک ناتوانرێ نەتەوەیەک لە پێویستی و کەرەسەی بژێوی ژیان بێبەش بکرێ.

هەروەها لە مادەی ٣دا دەڵێ: دەوڵەتانی ئەندامی ئەو میساقە بە تایبەت دەوڵەتانی بەرپرس لە سەرپەرەستی و ئیدارەی وڵاتانی موستەعمەرە و لە ژێر قەیمومییەت، دەبێ لە دابین كردنی مافی خودموختاری و ڕێز بۆ ئەو مافە بە پێی ڕێوشوێنی مەنشووری نەتەوە یەکگرتوویەکان پەلە بکەن.

ئەگەر له‌ نێوەرۆکی ئەو سێ مادەیە ورد بینه‌وه‌و سەرنج بده‌ین، لەو پەیماننامانەدا هیچ یەک لەو مادانە لەبەرچاو نەگیراوە بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ كورددا. خەڵکی کوردستان بە هەموو خوێندنەوە و پێوانەیەک دەبوایە و مافی خۆیەتی خاوەنی کیان و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێ. گەڵیک بە مێژوویەکی دێرینی لانیکەم ٢٥٠٠ ساڵە لەو ناوچەیەو وڵاتێک بە پانتایی زیاتر لە پێنج هەزار کیلۆمیتری چوار گۆشە و حەشیمەتی نیزیک بە ٤٠ میلیۆن کەس. بەڵام ڕێگەی پێ نەدراوە ئیرادەی خۆی بۆ وەدەست‌هێنانی دەوڵەتی سیاسی مەسۆگەر بکات، بەڵکوو دابەش کراوە لە نێو چوار وڵاتدا، لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەشدا لە مافی خودمووختاری به‌پێی میساقی نەتەوە یەکگرتوویەکان پێ نەداوە. بەڵکوو لە زۆر ڕێگاوە کۆسپی بۆ دروست کراوە تا مافی خۆبەڕێوەبەریی ناوچەییشی نەبێت. لە باری ئابووریشەوە گەورەترین زوڵمی لێ کراوە. لەگەڵ ئەوەی کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەنده‌و خاوه‌ن هێزی مرۆیی گه‌وره‌یه‌، بەڵام لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، ناوچەی هەره‌ دواکەوتوویە بە نسیبەت بەشەکانی دیکەی وڵاتی ئیران و عێراق و سووریە و تورکیە.

لە باری ئابوورییەوە هیچ کات مەجال نەدراوە کوردەکان لە سەرچاوەکانی داهاتی خۆیان واته‌ سه‌رچاوه‌كانی سەر زەوی و ژێڕزەوی و ئاوی سوود وەربگرن. هەموو هەوڵیان ئەوە بوو کوردستان بە پاشکەوتوویی و خەڵکەکەی بە هەژاری ڕابگرن. ئەوە ئەنجامی سیاسەتی غەڵەتی فەرمانڕەوایانی حاکم بەسەر کوردستاندا بووە کە ئەو هەموو شەڕانەی لەسەر خاکی کوردستان لێ کەوتۆتەوە و لە دوایدا بۆ کوتایی بە شەڕەکانیان ئەو پەیماننامانەیان هێناوەتە ئاراوە، كە هەموو بە زیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کورد شکاوەتەوە. ئەو شەڕ و پەیماننامانە زۆر زەرەری قەرەبوونەکراویان لە کوردستان و کورد داوە.

بۆیە بە هەر پێوانەیەکی عورفی و حقوقی جا چ حقوقی سیاسی بێ، چ حقوقی مەدەنی یان حقوقی کۆمەڵایەتی، ئەو پەیماننامانە کە لە مێژوودا لە نێوان ئیمپراتوورییەکان و دەوڵەتانی حاکم بەسەر کوردستان هاتوونە ئاراوە، هەموویان ئەنجامی شەڕی ماڵوێرانکەر بوون بۆ خەڵکی کوردستان. کوردیان لە هەموو بارێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی تووشی کارەسات و تراژێدیا کردوە. لە هیچ یەک لەو پەیماننامانە ئیرادەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەو گەلەیان لەبەرچاو نەگرتوە. بۆیە بە هەر پێودانگێک لێکی بدەینەوە، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئه‌و ڕیكه‌وتننامانه‌ی باسمان كردن، لە هیچ کامیان مافی پێکهاتەکان بە تایبەت کوردیان لە هیچ بارێکەوە لەبەرچاو نەگیراوە. هه‌روه‌ها لە هەموویاندا، ناقایلی و زۆرەملێ (ئیکراە و ئیجبار) هەیە، غوبن هەیە، پێشێلکردنی ماف هەیە، ئیرادەی گەلان لەبەرچاو نەگیراوە. پەیماننامەکان بە لەبەرچاو گرتنی قازانجی بازەرگانی و سوود و بەرژەوەندیی فەرمانڕەواکان و دەوڵەتانی زەلهێز کە لە ناوچەدا بوون ئیمزا کراون بۆیە من پێموایە هیچیان یاسایی و حقوقی و مەشروع نین.

هەموو ئەو پەیماننامەی بەستراون و پێوەندییان بە چارەنووسی خەڵکی کوردستانە، پێچەوانەی ڕوون و ئاشکرای ئەو دوو مادده‌یه‌ن، و دژن له‌گه‌ل ئه‌و ڕێسا فه‌رمانپێكه‌ره‌. به‌ر له‌و ڕێكه‌وتننامانه‌ش مافی دیاریكردنی چاره‌نووس بۆ میلله‌تان جێگه‌ی بایه‌خ بووه‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی. بۆ نموونه "توماس وودرو ویلسۆن"، سەرۆک‌کوماری ئەوکاتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ٨ی ژانویەی ١٩١٨، ئوسوولی چواردەخاڵیی مەشهوور دەردەکات.

- لە ماددەی یەکەم‌دا دەڵێ: دیپلۆماسیی وتووێژ لە نێوان دەوڵەتان دەبێ کراوە بێ. پێشگیریی لە هەر ڕێكکەوتنێکی نهێنی کردووە و بەپێی ئەو ماددەیە هیچ ڕێكکەوتنێک نابێ نهێنی و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بێ. ئەوە لە کاتێک‌دایە کە زۆربەی ئەو ڕێککەوتننانە بەنهێنی و بەدزی و بەبێ بەشداریی خەڵکی ناوچەکە کراوە بەجێی ئەوەی کە ڕێککەوتنێکی ئاشکراو و یاسایی بێ.

لە ماددەی ١٢دا دەڵێ: سەربەخۆیی نێوخۆی نیشتمانی گەلانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی (کورد، ئەرمەن و ئاشوور ) بێتە دی، لەو مادەیەدا تەنیا مافی ئەرمەنیان بە ڕەسمی ناسراوە و بوون بە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، بەڵام بۆ کورد و ئاشووری نەک هەر هیچ نەکراوە، بەڵکوو تووشی زۆر زیانی قەرەبوونەکراویش بوون. بۆیە مادام مادەیەک لە مادەکانی چواردەخاڵیی "ویلسۆن" جێبەجێ ناکرێ؛ ئەوە پێچەوانەی یاسای قبووڵ‌کراوی نێودەوڵەتییە کە گرینگیی تایبەتیی خۆی هەبووە، بۆیە بە هەڵسەنگاندنی لەگەڵ ئەو مادەیەشدا ئەو پەیماننامانە بە تایبەت پەیماننامەی لۆزان یاسایی نیە.

هه‌روه‌ها مەنشووری ئاتلانتیک کە لە ئووتی ١٩٤١ لە نێوان وینستۆن چرچیل سەرۆک وەزیرانی بریتانیا و ڕۆزوێڵت سەرکۆماری ئەمریکا کە لەسەری ڕێک‌کەوتوون و لە دواییدا لە سەرەتای ژانوییەی ١٩٤٢ بە ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتوویەکان کامل بووە و نیشان دەدا کە پێداگری دەکاتەوە لەسەر ئوسوولی چواردەخاڵی ویلسۆن و باسی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلان دەکات.

لە بەندی ٢ دا دەڵێ: ئەوان خوازیاری ئەوەن گۆڕان لە سنوورەکان بە خواستی  ئازادانەی خەڵکی بێت کە داوای دەکەن. هەروەها له‌ بەندی ٣ دا دەڵێ: ئەوان بە خواستی خەڵکی وڵاتانی جۆراوجۆر بۆ دیاریکردنی جۆری حکومەتەکانیان ڕێز دادەنێن و خوازیاری ئەوەن کە دەسەڵات و سەربەخۆیی بۆ ئەو گەلانە بگەڕێتەوە کە بە زۆر مافیان زەوت کراوە.

***

 

ئاکامگیری

ئەزموون و مێژووی خەباتی کورد لە چەند سەدەی ڕابردوودا پێمان دەڵێ کە پەیماننامەکان ئەنجام و ئاکامەکانیان دوای چەندین ساڵ گرینگی بە ئیرادەی گەلان نەداوە و ئاشتی و ئارامیان بە هیچ شێوەیەک وەک پێویست دابین نەکردوە، تەنانەت لە ئەنجامی ئەو سیاسەت و پەیماننامانە کە بەستراون زیانی قەرەبوونەکراوی سیاسی، نەتەوەیی، ئابووری و فەرهەنگی بە گەلان بە تایبەتی گەلی کورد کەوتووە. هەروەها ئەو پەیماننامانە ڕەوا و مەشروع و یاسایی نین و خوێندنه‌وه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی نوێش ئه‌وه‌ دەسەلمێنی.