کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکبوونەوەی ڕیزەکانی حیزب، ئەزموون و دەستکەوتەکانی

21:49 - 3 خەرمانان 2723

فاڕووق سۆهرابی

٣٠ گەلاوێژی ئەمساڵ ساڵڕۆژی وەسەریەک‌کەوتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لەدوای شانزدە ساڵ لێکدابڕانی دوولایەنی دێموکرات بوو. بێگومان یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات بەرهەمی تێگەیشتنی وردی ڕێبەری لەسەر زەروورەتی یەکبوونەوە، خواستی بەدەنەی وشیار و بەرپرسیار و هەروەها شوێندانەریی گوشار و پێداگریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو.

لە ڕاستیدا بە ئەنجام‌گەیاندنی پڕۆسەی یەکبوونەوە لە نەفسی خۆیدا سەرکەوتنێکی گەورە بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، هاوکات نیشاندەری ئاستی وشیاریی نەتەوەیی و تێگەیشتنی سیاسیی قووڵی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و؛ هەروەها دەربڕی پێگەی جەماوەریی حیزبی دێموکڕات و ئاوێتەبوونی خەڵک و حیزبی دێموکرات بوو. بە واتایەکی دی لەسەرخەتبوونی بەردەوام و پێداگریی هەموو چین و توێژەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی بنەماڵەی شەهیدان بۆ پرسی یەکگرتنەوە و وڵامدانەوە و بە ئەنجام‌گەیاندنی ئەو خواستە پیرۆزە لەلایەن حیزبەوە، نیشاندەری پەیوەندی و کاریگەریی ڕاستەوخۆی حیزب لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک قوڵایی ستراتیژیی خۆی بوو. لە لایەکی دیکەوە یەکگرتنەوەی سیاسی و تەشکیلاتی حیزب دەرەنجامی خەسارناسی و تێگەیشتنێک بوو لە خەسار و شکست‌هێنانی پڕۆسەکانی لێکدابڕان.

خاڵی بەهێزی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان ئەوە بوو کە ئیرادەی یەکبوونەوە و ئاخێزگەکەی نێوخۆی ڕیزەکانی دوو لایەن بوو، هەروەها بە ئەنجام‌گەیاندنی پڕۆسەی یەکگرتنەوەش لەژێر گوشار یان دەستێوەردانی هیچ لایەنێکی سێهەم نەبوو، بەڵکوو بە خواست، ئیرادە و هەوڵی ڕێبەرایەتیی هەر دوولایەن لە ئەنجامی ڕێککەوتن و لێک‌تێگەیشتن لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی بوو بە ئەنجام گەیشت .

هەر بەدوای یەکبوونەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، بە هیوا و ئومێدێک کە بۆ خەڵک گەڕایەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕشێکی نوێ سەری هەڵدا کە دواتر سەرتاسەری ئێران گرتەوە و لە وڵاتانی دەرەوەش ڕەنگدانەوەی باشی هەبوو. خاڵی گرینگ ئەوە بوو کە دوای شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان ئەوە حیزبی دێموکرات بوو کە باش توانی ڕەوتی شۆڕشەکە مودیرییەت بکا. ئەوە بوو کە بانگەوازەکانی مانگرتنی بەردەوام کە لەلایەن ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە دەدران و بەباشی لەلایەن شەقامی کوردستانەوە وەڵام دەدرانەوە؛ دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامیی وەلەرزین خست.

ڕاستە خۆپێشاندانەکان لەلایەن ڕێژیمەوە زۆر بەتوندی سەرکوت کران، بەڵام هەر لە خۆیدا سەرکوتی خوێناوی سەرهەڵدانەکە نیشاندەری ترسی ڕێژیم و لەرزۆکی دەسەڵات لە ئیرادەی گۆڕانخوازانەی خەڵکی ئێران و کوردستان بوو. هەر لە درێژەی شۆڕشەکەشدا و پشتیوانی بەردەوامی ڕاپەڕینی سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حیزبی دێموکرات کە بە دروشمەکانیانەوە دیار بوو، چاوی داگیرکەر بە پێگەی بەهێز و جەماوەریی حیزبی دێموکرات هەڵنەهات. ئەوە بوو ڕۆژی شەشی ڕەزبەری ١٤٠١ بە پێشێلکردنی هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و خەباتکارانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا. ئەو هێرشانە بوونە هۆی شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگە، بەڵام گرینگ ئەوە بوو کە خەڵک لە نێوخۆی کوردستان بە مانگرتن و دواتریش خۆپێشاندانی بەرین لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات وڵامی جینایەتەکانی ڕێژیمیان دایەوە و وێڕای ڕیسواکردنەوەی ڕێژیم، هاوپشتی و پشتیوانیی خۆیان بۆ حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی سیاسیی کورد ڕاگەیاندەوە.

بەمجۆرە یەکبوونەوەی ڕیزەکانی حیزب بوو بە هۆی وەسەریەک‌خستنەوەی وزە و و هێزێک بوو کە بەخێرایی ئەو یەکدڵییە لەنێو کۆمەڵگەی ڕەنگی دایەوە، و واژۆی لە سەر بەرحەقبوونی ئەو واتایە کرد کە؛ هێز لە یەکگرتن‌دایە.

لە بەردەوامیی خەبات لەپێناو دابینبوونی مافە نەتەوەیییەکان و سەرخستنی پلان و پڕۆژەکانی حیزبی دێموکرات ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکی حیزبییە بەهەست بە بەرپرسیارەتی مێژوویی، ئەو دەستکەوتە نیشتمانییە بپارێزێ و لە گوتار و کرداریدا هەوڵ بۆ یەکڕیزیی زیاتر و کەمکردنەوەی دەمارگرژیی تاکلایەنی بدار و  لەجیاتی ئەوە بە ورە، تێگەیشتن و وشیاریی سیاسی نەتەوەیی، هەوڵ بۆ یەکگرتووی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات. ئەسڵ ئەوەیە کە پێویستە هەموومان وەزە و هێزی خەباتگێڕیمان بۆ بەرەنگاری و ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بخەینە سەر یەک.