کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا و ماددەی حەوتی ئەساسنامەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی

21:52 - 3 خەرمانان 2723

شاڕوخ حەسەن‌زادە

بەستێنی گوورانی بزووتنەوەکان و شەقڵگرتنی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە جوغرافیای ئێراندا بەهۆی پاڵنەرە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و هەروەها بوونی حکوومەتە ناخەڵکییەکان لە کۆتاییەکانی دەستەڵاتی قاجارەوە هەتا ئێستا بەردەوام بە شێوازی جۆربەجۆرەوە هەبووە. هاوکات بەجیهانیبوون کە گرنگایەتیی جۆری داڕشتنی سنوورە کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، گۆڕانکاریی بنچینەیی لە بەستێن‌گەلی وەک ڕەوشی کۆمەڵگە، ئابووری، ڕامیاری و فەرهەنگی کاریگەریی زۆری لەسەر کۆمەڵگەی ئێران بە گشتی دوای تێپەڕین بەسەر دەستەڵاتی پاڵەوییەکان داناوە، کە ئەمەش گۆڕین لە ئاکار و پاڕادایمەکانی نێو کۆمەڵگەی وەدی‌ هێناوە.

لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە (١٣٥٧) کۆمەڵێک ڕووداو لەنێوان حکومەتی ناوەندی بە سەرکردایەتیی "خومەینی" و بزووتنەوەی کورد هاتە ئاراوە کە بووە هۆی یەکەم هەڵوێستی مەدەنیانەی خەڵکیی کوردستان (کۆچی خەڵکی مەریوان) و دواتر بە وازنەهێنانی حکومەت و بێ‌ئاکام مانەوەی دیالۆگ لە نێوان نوێنەرانی نەتەوەی کورد و حکوومەت، بە فەرمانی جیهاد شەڕ بەسەر کوردستاندا سەپێنرا. دوای ئەمەش لە زۆر شاری کوردستان ناڕەزایەتیی مەدەنی خوڵقان کە هیچ ئاکامێکی لەبەرانبەر بڕیاری شەڕ و لەنێوبردنی بزووتنەوەی کوردستان نەبوو و هەموو جارێ بە توندترین شێواز لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە سەرکوت دەکرا. دوای ئەوەیکە کورد ناچار کرا ئەمجارە بۆ بەرگری لە خۆی پەنا بۆ چەک ببات و لەم شێوە ڕەوایەی خەبات کەڵک وەربگرێت، قۆناغێکی نوێ لە خەبات بۆ مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد دەستی پێ کرد. هەمیسان ڕێژیم بە کەڵک‌وەرگرتن لە هێزی زۆر و پێشکەوتووترین کەرەسەگەلی نیزامی هێرشی کردە سەر کوردستان و گەلێک جینایەت و تاوانی وەک کارەساتەکانیی قاڕنێ و قەڵاتان و ... خوڵقاند، هەروەها لە دادگا سەحراییەکاندا "خەڵخالی" هەموو پێوەر و پرەنسیپە ئەخلاقی و یاساییەکان وەک مافی بەرگری لەخۆ، مافی هەبوونی پارێزەر، هەبوونی بەڵگەی پێویست بۆ تاوانبارکران، دادگایەکی ئاشکرا و دادپەروەرانە و...ی پێشێل کرد و سەرەڕۆیانە بێ هیچ ترس و سڵەمینەوەیەک بە پشتبەستن بە حوکمی ڕاستەوخۆی "خومەینی" سەدان لاوی کوردی بەبێ بەڵگە لەسێدارە دا. لەلایەکی دیکەشەوە وێڕای سەپاندنی شەڕ بە سەر خەڵکی کورد، گرتن و بێسەروشوێن کردن بەبێ بەڵگەی قەزایی، کوشتن، تێرۆر، شاربەدەرکردن و... ڕەوشی مەدەنی کۆمەڵگەی کوردستانی تێک‌دا.

دوای کۆتایی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، مردنی خومەینی، تێرۆری ڕێبەرانی کورد (د.قاسملوو و د.شەرەفکەندی) و وەگەڕکەوتنەوەی دەرفەت بۆ خەباتی مەدەنی و سیاسی لە سایەی دۆخی ئاڵۆزی ئابووری و ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران، قۆناغێکی دیکە لە خەبات دەستی پێ کرد. ئەگە بە کورتی باسی چوار ڕاپەڕین یان ناڕەزایەتیی مەدەنیانەی خەڵک لەبەرانبەر زوڵم و زۆرییەکانی ڕێژیم دەرحەق بە خەڵکی کورد بکەین دەتوانین ئاماژە بکەین بە؛ ڕاپەڕینی بەشێک لە شارەکانی کوردستان دوای کوشتی "شوانە سەیدقادری" لە مەهاباد (١٣٨٤)، مانگرتنی خەڵک و داخستنی دووکان و بازار لە ساڵیادی تیرۆری د.قاسملوو (٢٢ی پووشپەڕی ١٣٨٤ و بەردەوامیی بۆ ماوەی چەند ساڵێک)، کاردانەوە بە کوشتنی "فەریناز خوسرەوانی" لە مەهاباد کە ئەم بزووتنەوەیە بە هوتێل تارا ناسراوە (١٣٩٤) و ناڕەزایەتی و مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان دوای مووشەکباران‌کردنی بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە ١٧ی خەرمانان لەلایەن سپای پاسدارانەوە، کە دوای چوار ڕۆژ سەرجەم دووکان و بازار بە هێمای ناڕەزایەتی بەم کردەوە تیرۆریستییە داخران و خەڵک مانیان گرت. ئەم جووڵەیە لە جۆری خۆیدا بێوێنە بوو و مێژووی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران هەڵوێستی ئاوا یەک‌دەست و مەدەنیی بەخۆیەوە نەدیبوو.

لە هەموو ئەو ڕاپەڕینانەدا هێزەکانی حکوومەت بە توندترین شێوە خەڵکیان سەرکوت کردووە و دەستیان لە هیچ کردەوەیەکی ناڕەوا نەپاراستووە. هەڵبەت ئەوە جگە لە دەیان خۆپێشاندان، کەمپەین و مانگرتن و ناڕەزایەتی سینفە جۆراوجۆرەکانی شەبەنگی کۆمەڵگە وەک کرێکاران، فەرهەنگیان، مامۆستایان، خانەنشینان و ... بووە کە بەردەوام لەبەر سیاسەتە نادرووستەکانی ڕێژیم دەچەوسانەوە و پاتە دەبوونەوە یان کەڵکوەرگرتن لە بۆنە جۆراوجۆرەکانی وەک جێژنی نەورۆز کە وەک دەرفەتێک بۆ خستنەڕووی داواکارییەکانی گەلی کورد کاریگەریان لەسەر زیندووڕاگرتن و بردنە سەری ئاستی وشیاری کۆمەڵگە هەبووە. لە هەموو ئەو ناڕەزایەتی و بزووتنەوە کورتماوانەدا هاندەر و داخوازی خەڵکی کورد بۆ پرسی نەتەوەیی و ئازادی دەگەڕایەوە و خێرا خۆی لەو ڕووادوە کە ببووە هۆی دەستپێکی ناڕەزایەتی دەقۆستەوە بۆ داواکارییە ڕەوا سیاسیەکانییان.

بەردەوامیی ئارێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەوشی خراپی ئابووری و سیاسەتی چەوتی نێوخۆیی و دەرەکی لە کۆمەڵگەیەک کە بەرەو جیهانێکی ئازاد و دێموکراتیک دەڕوانێ و سیستەمی ئۆلیی پاشکەوتوو و نەریتی، هەروەها خواست و داواکاریی خەڵک بۆ مافەکانیان بەپێی پێوەرە جیهانییەکان مافی مرۆڤ، ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان، نەمانی هەڵاواردن و مافی نەتەوەیی، ئایینی و... لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران بەتایبەت نەتەوە زوڵم‌لێکراوەکانی ئەو جوغرافیایەیە کە لە دوامین سەرهەڵدانی خۆی بەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی بە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد، کە بووە مۆتەکەی ڕێبەرانی ڕێژیم و هیوا بە ڕووخانی یەکجارەکیی ئەو حکوومەتە دیکتاتۆرە.

لەم نێوەدا کوردستان بەهۆی پێشەنگ‌بوون لە خەبات بە دژی ڕێژیم و داخوازییە ڕەوا و دێموکراتیکەکانی بەردەوام نووکەڕمبی دوژمن سینگی کۆمەڵگەی کوردی دەپێکێ و بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێ، بەجۆرێک لە ماوەی ڕاپەڕینی ژینادا سەدان هاونیشتمانی لە ژن و مناڵ و پیاو گیانیان لێ سەندرا و، هەزار کەس بریندار و چەند هەزار کەسیش دەسبەسەر یان بێسەروشوێن کران و لە گرتنگەکاندا سووکایەتییان پێ کرا و ئەشکەنجە دران. هەروەها جێ‌بەجێکردن و پێدانی حوکمی ئێعدام و زیندانی درێژماوە بەشێکی دیکە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بووە دەرحەق بە خەڵکی ڕاپەڕێو کە بە شێوەیەکی مەدەنیانە ویست و داواکارییەکانی خۆیان دەربڕیبوو. هێزەکانی سەرکوتکەری حکوومەتیش لە ڕەوتی شۆڕشدا بە هێرشکردنە سەر شار و ئاواییەکان بە چەکی سووک و نیوەقورس، گەمارۆدان، دەسبەسەرکردنی کادری دەرمان و پزیشکانی نەخۆشخانەکان، داخستنی زۆرەملێی دووکان و شوێنی کاسبیی خەڵک، هێرشە شیمیاییەکان بۆ سەر قوتابخانەکان بەتایبەت خوێندگەی کچان لە قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی و جینایەت‌قوڵقێنی هەوڵیان داوە پاشەکشە بە خەڵک بکەن.

دوای ئەو هەزاران پیشێلکارییانەی بەئاشکرای حکوومەت، بە پێشنیاری وڵاتانی ئاڵمان و ئیسلەند ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، لە دانیشتنێکی تایبەتدا شوڕای مافەکانی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەک‌گرتووەکان بە بڕیارنامەیەک دەنگی بە وەڕێخستنی "کۆمیتەی دۆزینەوەی راستییەکان" دا.

دیارە ئەگەرچی کارکردی شوڕا پێوەندیی ڕاستەوخۆی دەگەڵ بابەت‌گەلی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی نێودەوڵەتی نییە، بەڵام دەکرێ لەکاتێکدا پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بە تایبەتمەندیی وەک سیستماتیک‌بوون و بەردەوامیان هاوکات بێ، ئەوجۆرە پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ دەکرێ بە پێودانگی پێوەندیدار بە یاسای سزادانی نێودەوڵەتی دابنێین، بۆ ئەو مەبەستەش دەتوانین ماددەی ٧ی ئەساسنامەی دادگای (تاوانەکان)سزادانی نێودەوڵەتی"لاهە" بێنینە گۆڕ کە بە ئامانجی بەرەوڕووبوونەوەی پڕتوندوتیژ دەگەڵ خەڵکی سڤیل و لە چوارچێوەی جینایەتی بەدژی مرۆڤایەتی لەو بابەتانەی کە پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام و سیستماتیکە، دێتە گۆڕ. لەم دۆخەدا بەشێوەی پێناسەی پێوەندی نێوان مافەکانی مرۆڤ و بابەتی پێوەندیدار دەگەڵ پاراستنی ئاشتی و تەناهی نێونەتەوەیی کە لە دەستەڵاتی ئەنجوومەنی تەناهی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەو ئیمکان و توانا یاساییەی هەیە بابەتی باسکراو بخاتە مەیدانی دادگای سزادانی نێودەوڵەتی و لە ئەگەری مەحکوومبوونی لایەنی بەرانبەر دەتوانێت بەپێی ڕۆژەنی حەوتەم لە جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەناوی مەترسی بۆ سەر ئاشتی و تەناهی مرۆڤەکان دەستتێوەردانی ئاشتیخوازانە بکا؛ وەک ئەوەی پیشتر لە شەڕێ نێوان دوو کۆریا کرا یان لە عێراق، ئەفغانستان، لیبی و... کراوە.

یەکێک لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، چاودێریکردنی وڵاتانە بۆ بەڕێوەبردن و بەڵێنییەکانیان لەهەمبەر گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان و پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ، هەروەها ئەو توانا و دەستەڵاتەشی هەیە هەتا لە نێوان خاڵەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بابەتەکانی سزادانی نێونەتەوەیی پێوەندییەک ساز بکات. هەر لەم سۆنگەیەوە و بەلەبەرچاو گرتنی ئاگادارکردنەوەکانی "جاوید ڕەحمان"، ڕێپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و، دەکارکردنی چەمکی "تاوان بەدژی مرۆڤایەتی" لەلایەن ناوبراوە بۆ سەرکوتی هێزەکانی حکومەتی لەکاتی خۆپێشاندانەکان، ئەو پەیوەندییەی باسمان کرد، زیاتر مانای خۆی دەردەخات.

بەوپێیە وڵاتانی جیهان هاوتەریب دەگەڵ بەڵێنییە نێودەوڵەتییەکان، خۆیان بە ئەرکدار دەزانن لە بەرامبەر کردەوەی وەک جینایەت بەدژی مرۆڤایەتی هەڵوێستیان هەبێ و ئەم کارە وەک تاوان بناسێنن و لە کاتی پێویستیشدا لایەنی تاوانبار سزا بدرێ. گەڵاڵەی بەرپرسیارەتی نێودەوڵەتی لەهەمبەر کردەوەکان بەپیچەوانەی گرێبەستەکان، پەسندکراوی ساڵی ٢٠٠١ی کۆمیسیۆنی مافە نێونەتەوەییەکان، لە ماددەی ٢ بەم شێوەیە بەرپرسیارەتییەکان پێناسەیان بۆ کراوە: هەرکات بەپێی مافە نێونەتەوەییەکان وڵاتێک بەپێچەوانە بجووڵێتەوە، ئەو کارەی دژی بەرپرسیارەتییەکەیتی کە هەڵیگرتووە و لەسەر شانی بووە. هەروەها لە ماددەی ٧ی ئەساسنامەی دادگای سزادانی نێونەتەوەیی "لاهە"دا هاتووە؛ مەبەست لە تاوانە دژە ئینسانییەکان لەم ئەساسنامەیەدا هەرکام لەو خاڵانەی ژێرەوەن کە بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکەین:

کاتێک بەهۆی هێرشێکی بەربڵاو یان ڕێکخراو بەدژی حەشیمەتەێکی مەدەنی و بە شێوەیەکی ئاگاهانە کردەوەیەک دەکرێ، وەک: کوشتنی بەئانقەست، سێدارە، بەکۆیلەکردن، شاربەدەر یان ڕاگواستنی زۆرەملێ، زیندانیکردن، بێبەشکردنی زۆر لە ئازادییەکان، ئەشکەنجە، دەستدرێژیکردن، بەکۆیلەکردنی ڕەگەزی، نەزۆککردن، کوێرکردنەوەی وەجاغ یان هەر جۆرێکی دیکە لە توندوتیژی جەستەیی، وەدواکەوتن و ئازاری بەردەوامی هەر گرووپ یان کۆمەڵە کەسێکی سەلماو بە هۆکاری سیاسی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، کردەوەی نامرۆڤانە کە بە مەبەستی سەدەمەلێدان لە جەستە یان سەرجەم لایەنەکانی ڕوحی بەڕێوە بچێ، دەکەوێتە چوارچێوەی تاوانەکان بە دژی مرۆڤایەتی.

بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتری ئەو پرسە و ئیمکانی بەڕێوەچوونی دادگایەکی لەم چەشنە هەڵبەت بە شێوازی مەدەنی لە دەرەوەی بازنەی دادگای سزادانی نێونەتەوەیی دەتوانین ئاماژە بە "دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی ئابان" بکەین. دوای ڕووداوەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ کە زۆربەی شارەکانی (بەشێکی کوردستان) ئێرانی گرتەوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەتی بە شێوەیەکی پڕ لە توندوتیژ ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانەیان سەرکوت کرد و لە ئاستێکی بەربڵاو و سیستماتیک بەئاشکرا مافەکانی مرۆڤ پێشێل کران. ساڵی ١٤٠٠ بە پێشنیاری سێ ڕێکخراوەی ناحکوومی لە لەندەن دادگایەکی هێمایی و نافەرمی لەسەر ئەو پێشێلکاریانە بەڕێوە چوو و ئامانجیشی ئەوە بوو کە؛ لە ئامادەنەبوونی لایەنی فەرمی و دەستەڵاتداری نێودەوڵەتی کە سەڵاحییەتی قەزاییان هەیە، بەداوداچوون بۆ ئەو تاوانە مەزنانە بکەن کە لە پێوەندی دەگەڵ کوشتاری مانگی خەزەڵوەردا بە شێوەیەکی ڕێکخراو ڕوویان دابوو. هەرچەند ئاکام و حوکمی ئەو جۆرە دادگا خەڵک‌تەوەرانە مەرج نییە ناکا جێبەجێ بکرێ و زیاتر لایەنی سەمبۆلیکی هەیە، بەڵام هەر بەپێی لێکۆڵینەوەکان، بەڵگە و وتووێژ دەگەڵ شاهیدەکان، لایەنی "جینایەت بەدژی مرۆڤایەتی" هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و  بەم ڕوانگەیە دادگا کارەکانی خۆی پۆلێن کردبوو. لە کۆتاییشدا لە بڕیارێکی ڕەمزیدا هاتبوو: بەپێی بەڵگە و قسەی شاهیدەکان، حکومەت وێڕای شوڕای بەرزی ئەمنییەتی میللی، شوڕاکانی دابینکردنی ئەمنیەتی پارێزگاکان، هێزە ئینتزامییەکان، سپای پاسداران، هێزەکانی بەسیج، باقی هێزە لیباس شەخسییەکان لە "جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی"دا دەوریان هەبووە. لەو حوکمەدا پێداگری لەسەر ئەو خاڵانەش کرابوو کە، کوشتن، بێسەروشوێن‌کردن، ئەشکەنجەدان و توندوتیژیی ڕەگەزی" لەو بڕگانەی تاوانەکانی دژبە مرۆڤایەتین کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خەزەڵوەری ١٣٩٨دا کردوونی.

ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ماوەی ٢٠٠ ڕۆژی سەرەتای بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، بە شێوەیەکی بەربڵاو و لە ئاستێکی زۆردا پێشێلکاریی مافی مرۆڤی بەئاشکرا و سیستماتیک کردووە و هەتا ئیستاش ئەو پێشێلکارییانە درێژەیان هەیە. بەپێی ئامار و بەڵگەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و وتووێژ دەگەڵ بەشێک لە خەڵکی چالاکی ڕۆژهەڵات لە ڕووداوەکانی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەرکەوتووە، لانیکەم ١٣٠ هاونیشتمانی بە تەقەی ڕاستەوخۆ و ئەشکەنجەدان لە گرتنگەکان گیانیان لەدەست داوە کە لەو ئامارە ١٣ کەسیان منداڵ (ژێر ١٨ ساڵ) و ٦ کەسیشیان ژن بوون. هەروەها نزیک ٦ هەزار هاونیشتمانی بە فیشەکی چەکی شەڕ یان تاپڕ (ساچمەیی) بریندار بوون بە جۆرێک برینی بەشێکیان کاریی بووە کە هەرنەبێ ناوی ١٨ کەس لەوان ئاشکرا بووە کە ڕووناکی چاوێک یان هەردووک چاویان لەدەست داوە. یان گرتن و بێسەروشوێن‌کردنی زیاتر لە ٧٥٠٠ هاونیشتمانی، ئەشکەنجە و دەستدرێژی‌کردن و سووکایەتی، پۆلۆمپ‌کردنی دووکانی خەڵکی کاسبکار بە بیانووی بەشداریکردنی لە خۆپێشاندان و مانگرتنەکان، هێرش بۆ سەر قوتابخانەی مناڵان بەتایبەت کچان و... نیشان دەدات کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەبێ ڕێزگرتن لە بڕیار و بنەماکانی تەنانەت ئەو گرێبەستە مافە مرۆڤیانەی بۆخۆی واژۆی لەسەر کردوون یان یاسای بنەڕەتیی خۆیەتی، هەزاران پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی کردووە و دەکرێ بخرێتە چوارچێوەی جینایەت بەدژی مرۆڤایەتیش.

دوای دەستبەکاربوونی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، چالاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی چاوەڕوانیی ئەوەیان هەیە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئاستی جیهانیدا کار بۆ پەلکێشکردنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ شوڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن، جا با بەهۆی بوونی مافی ڤێتۆی چین و ڕوسیە ئەگەری ئەوە هەیە هیچ بڕیارنامەیەک بەدژی ڕێژیم پەسند نەکرێ. یان بدرێتە دادگای نێونەتەوەیی سزادان بۆ وڵامدەربوونی لەهەمبەر ئەو تاوانە زۆرانەی کردوویەتی.