کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی ٣٩ مانگ بەندکردن بەسەر وەرزشوانێکی خەڵکی سەقزدا

10:31 - 12 گەلاوێژ 2723

هیوا عەزیزپوور، وەرزشوانی خەڵکی سەقز، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، ٣٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هیوا عەزیزپوور، ڕاهێنەر و وەرزشوانی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە، بە سەرۆکایەتیی "جەواد مستەفایی"، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی"، ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم"، سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

هیوا عەزیزپوور لە کاتی ناڕەزایەتییە گشتییەکان بە دژی هێرشی کیمیایی سیستەماتیکی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر قوتابخانەکان، ناڕەزایەتیی دەربڕی و هەر بەو هۆکارەش دەسبەسەر کرا.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کراوە و دوای نزیکەی ١٢٠ ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.