حەمید مەحموودی، پێشمەرگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە ٤٠ ڕۆژ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد، لەلایەن خەڵکی ئاوایی هەوی سەر بە سقز ڕێوڕەسمی چلەی بۆ گیراوە و بەو هۆیەوە لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە هەڕەشە لە بنەماڵەکەی کراوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی هەینی ٣ی خەرمانان، هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سەقز، لەبابەت ئەوەیکە لەلایەن خەڵكی ئاوایی هەوی ڕێوڕەسمی چلە بۆ حەمید مەحموودی، پێشمەرگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە چووە، هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ناوبراو کردووە و باوک و برای حەمید مەحموودییان بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کردووە.
جێگەی ئاماژەیە کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سەقز، پێشتریش هەڕەشە لە بنەماڵەی حەمید مەحموودی، کرابوو کە دەبێ ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی ناوبراو بە بێدەنگی و بە دوور لە هەر چەشنە دروشمدان بەڕێوە ببەن.
حەمید مەحموودی، خەڵکی گوندی هەوی لە ناوچەی تیلەکۆی سەقز، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بەداخەوە قەتعی نوخاع ببوو کە سەرەڕای هەوڵی بێوچانی پزیشکەکان و بەدواداچوونی تیمی نەخۆشخانە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٣ی پووشپەڕ، گیانی لەدەست دا.