کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرهەنگێکی ئێتیمۆلۆژی (شیکاریی وشە)ی زمانی کوردی لە وڵاتی سوید چاپ و بڵاو کرایەوە

10:49 - 5 خەرمانان 2723

فەرهەنگێکی ئێتیمۆلۆژی (وشەناسی و ڕیشەدۆزی) بە ناوی "هەنگەواژەی ژیانەوە" لە نووسین و ئامادەکردنی نووسەر و ئەدیب و زمانزانی کۆچکردوو کاک ئەحمەد کاکەمەمی ناسراو بە "مامۆستا کرمانج" لە وڵاتی سوید چاپ و بڵاو کرایەوە.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە کتێبخانەی کوردیی شاری ستۆکهۆڵم، فەرهەنگی "هەنگەواژەی ژیانەوە" لە نووسین و ئامادەکردنی نووسەر و ئەدیب و زمانزانی کۆچکردوو کاک ئەحمەد کاکەمەمی ناسراو بە "مامۆستا کرمانج" لە ڕێوڕەسمێکدا کە لەلایەن "کتێبخانەی کوردیی ستۆکهۆڵم"و "یەکیەتیی نووسەرانی کورد لە وڵاتی سوید" ڕێک خرابوو، ناسێندرا و چەندین وتاریش لەسەر کەسایەتیی نووسەرەکە و بەرهەمەکە پێشکەش کران.
فەرهەنگی "هەنگەواژەی ژیانەوە" کە فەرهەنگێکی ئێتیمۆلۆژی واتە "وشەناسی و ڕیشەدۆزی"یە، بە هەزاران بێژە و وشەی زمانی کوردی لەخۆ دەگرێت. ئەو فەرهەنگە لە دوو بەرگ و زیاتر لە ٢٠٠٠ لاپەڕەدا، پشتبەستوو بە چەندین سەرچاوەی زمانیی دێرین و سەردەم، هاوکات وێڕای شارەزایی نووسەر لە زمانی کوردیدا، ڕیشە و ڕەگ و پێشینەی ئەو وشە و واژە کوردییانەی سەرڕاست کردووەتەوە و بەو کارەی بناغەیەکی پتەو و هەنگاوێکی زانستییانەی لە ڕاستای بەجیهانیکردن و دانپێدانان بە کەونارایی زمانی کوردیدا هەڵگرتووە.
لەو ڕێوڕەسمەدا وێرای پەیامی سپاس و پێزانینی بنەماڵەی کاک ئەحمەد کاکەمەمی کە لەلایەن "ناسر کاکەمەمی"یەوە خوێندرایەوە، بەشی زۆری وتارەکان لەسەر ژیان و کەسایەتیی سیاسی و ئەدەبیی کۆچکردوو کاکەمەمی بوون کە هەریەک لە ڕوانگەی خۆیانەوە تیشکیان دەخستە سەر زانایی و تایبەتمەندییە دیار و خسڵەتە بەرزەکانی ئەو نووسەرە گەورەیە. 
وتاربێژی سەرەکی، کاک تایر عەلیار بوو کە هەم وەک هاوسەنگەرێکی لەمێژینەی کاکەمەمی لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا و هەمیش وەک شارەزایەکی بواری زمان و ئەدەبیات و مێژوو ئەرکی پێداچوونەوەی ئەو فەرهەنگەی ئەنجام داوە، لە باسێکی سەرنجڕاکێشدا ئاماژەی بە گرینگی و بایەخی ئەو بەرهەمە دا و لە ئاستی کارێکی ناوازە و دانسقەی زانکۆیی و ئاکادیمیای وڵاتێکی سەربەخۆدا وێنای کرد.