کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنووردارکردنی ئینترنێت و مانگرتنەکان لە ئێران داڕمانی ئابووریی ئەو وڵاتەی لێدەکەوێتەوە

11:03 - 5 خەرمانان 2723

بانکی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە سنووردارکردنی ئینترنێت لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و مانگرتنی خەڵک دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی یەکجاریی ئابووریی ئێران.

بانکی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە هۆکارەکانی کاریگەری لەسەر ئابووریی ئێران ڕایگەیاند: پەرەسەندنی گرژییەکان و مانگرتنەکان، هاوکات لەگەڵ درێژەدان بە سنووردارکردنی حکوومەت لەسەر ئینترنێت، دەتوانێت کاریگەریی تێکدەرانەی درێژخایەن لەسەر کار و ئابووریی ئێران هەبێت.

ئەم بانکە لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بە بەردەوامیی ڕێژەی هەڵاوسانی ٤٠ لەسەدی و بێکاری لە ئێراندا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆکان و سەرمایەگوزارییە ناتەواو و سنووردارەکان، گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی وڵات لە ماوەی مامناوەنددا بە یەکجاری دادەبەزێت.

بانکی نێودەوڵەتی لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاماژەدان بە کاریگەرییەکانی قەیرانی ژینگەیی لەسەر کشتوکاڵ، بێکاری و ئاسایشی خۆراک، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەردەوامیی تێکدانی ژینگە ئەم قەیرانانە قووڵتر دەبێتەوە و شۆکێکی گەورەتر بۆ ئابووریی ئێران دروست دەکات.

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا باس لە کاریگەریی هۆکارە دەرەکییەکان لەسەر ئابووریی ئێران کراوە و نووسیویەتی، کەمبوونەوەی خواستی جیهانی بۆ نەوت و کەمکردنەوەی نرخی نەوت، هاوکات لەگەڵ گەمارۆکانی ئەمریکا، گرینگترین هۆکارن کە ئابووریی ئێران دەخاتە مەترسییەوە.

 

شیکاریی کارناسانی بانکی جیهانی سەبارەت بە ئاماری ئابووریی ئێران کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕاگەیەندراوە، نیشان دەدات کە ڕێژەی هەڵاوسان لە سەرووی ٤٠ لەسەد بەردەوام دەبێت و نرخی کاڵا و خۆراکیش بەردەوام بەرز دەبێتەوە.