کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای ئانتاریۆی کانادا: خستنەخوارەوەی بە ئەنقەستی فڕۆکەی "٧٥٢"ی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە کردەوەیەکی تێرۆریستییە

10:45 - 12 گەلاوێژ 2723

دادگای باڵای ئانتاریۆ لە وڵاتی کانادا، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە پێبژاردنی ١٤٢ میلیۆن دۆلار بە بنەماڵەی کوژراوانی فڕۆکەی "٧٥٢"ی ئۆکراین مەحکووم کرد.

دادگای باڵای ئانتاریۆ لە وڵاتی کانادا لەسەر سکاڵای ٨ کەس لە بنەماڵەی کوژراوانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە مووشەکی سپای پاسداران لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی کە بە ئەنقەست خرایە خوارەوە، ئەو کردەوەیەی کۆماری ئیسلامیی بە کردەوەیەکی تێرۆریستی ناو برد و ڕێژیمی ئێرانی بە پێبژاردنی ١٤٢ میلیۆن دۆلار بەو بنەماڵەگەلە مەحکووم کرد.

بنەماڵەی قوربانییەکان لە وڵاتانی ئورووپایی و یەک لەوان کانادا سکاڵایان لەسەر عەلی خامنەیی و سپای پاسداران تۆمار کردووە و ئەوان بە بکەری ڕاستەوخۆی ئەو کردەوە تێرۆریستییە دەزانن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "سی.بی.ئێس"ی کانادا، دادوەری ئەو دۆسییەیە بە ناوی "دەیوید ئێستینسۆن" دەڵێت: بنەماڵەکان لە دادگا سەلماندیان کە لێدانی ئەو فڕۆکە ئۆکراینییە مەدەنییە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە ئەنقەست بووە و کردەوەیەکی تێرۆریستییە.