کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەسەنایەتی تەنیا ڕەمزی سەرکەوتن

11:32 - 6 خەرمانان 2723

مامۆستای مافخواز

مێژووی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد بۆ دەستەبەری داوا ڕەواکانی سەلمێنەری کۆمەڵێک هەقێقەت و ڕاستی حاشالێنەکراوە. هەر کام لەو ڕاستییانە لەگەڵ خۆیاندا کۆمەڵێک ڕووداوی تاڵ و جەرگبڕی بە نیسبەت ئەم میللەتە ماف‌زەوتکراوە پەلکێش کردووە کە بارتەقای هەر کامەیان ڕووبارێک لە خوێن و فرمێسک و ئازار لە سەر ناخی تاکی کورد بووە.

کاریگەری هزری هەر کارەساتێکی خوڵقاو دژ بە میللەتی کورد دەیتوانی وا لەو نەتەوە بکات بەردەوام بیر لە تۆڵە و کوشتن و بڕینی نەیارانی بکاتەوە بەڵام بە پێچەوانە لە لووتکەی مافخوازیدا دەبینین ویستی "دێموکراسی بۆ ئێران" و دوایە "خودموختاری بۆ کوردستان" بەرز دەکرێتەوە یا ئەوەتا لە لووتکەی سەرکەوتن و دەسەڵاتدارەتی کورد ئامادە نییە شوێنپەنجە لەسەر مەرگی دیکتاتۆرێک وەک سەدام دانێت.

ئەم دوو نموونە هێما لەوەیە مرۆڤدۆستیی کورد وەک پێوەر و پڕەنسیپێک بۆ سەرجەم جومگەکانی خەباتی مافخوازانەی ئەم گەلە شۆڕ بووەتەوە و لەم پێوەندییەدا جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە قەوارەی هێزی سیاسی چالاک لە ژێر کارتێکەری ئەم هزرە ئینسانییە، چالاکیی مافخوازانەی خۆی ڕێک خستووە و تێکۆشاوە کۆڵەکەی بنەڕەتی ئەم خەباتە ڕەوایەی، بڕگەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ بێت.

ئاوڕدانەوە لە چەشنی چالاکیی سیاسی ئەم هێزانە بە پشتبەستن بە دەیان و بگرە سەدان بەڵگەی سەلمێندراو تەنانەت لەلایەن دوژمنانی کوردەوە، دەری دەخات حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هێزی سەرەکیی ڕۆژهەڵات، خاوەندارەتیی لەو پڕەنسیپانە کردووە و لە ژێر کارتێکەری پەروەردەی سیاسی و ئەخلاقی مەکتەبی ڕێبەرانی شەهیدی، قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی وەفادار بەو ڕێچکە چالاکی ڕێکخراوەیی لە بەشە جۆراوجۆرە سیاسی، چەکداری و دیپلۆماتیکەکانی ڕێک خستووە.

ئاستی وەفادارمانەوە بەو ڕێباز و پێوەرانە زۆر کات ئەم حیزبەی لە بەردەم گلەیی و گازندەی ناوخۆیی داناوە بەڵام ئەمە وای نەکردووە حیزب دەستهەڵگری ئەو پێوەر و پڕەنسیپانە بێت و ڕەسەنایەتیی چالاکی سەربەخۆ و مرۆڤدۆستانە بە هەندێ بەرژەەندی بەرتەسکی حیزب و کورت مەودا بگۆڕێتەوە.

 

لە بەستێنی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و بە پشتبەستن بەو پێوەرانە و لێکدانەوەی ژیرانەی ڕێبەرایەتیی سیاسی حیزب، لە بابەت ئاستی ڕەسەنایەتیی هەندێ قەوارەی بەناو سیاسی و تاکەکەسی ناسراو، ئامادە نەبوو لە ژێر کارتێکەری شەڕی میدیایی و هەڵخەڵەتێنراوی ڕای گشتی بە هەستی توندوتیژ، بەشداری قەوارەی پێکهێنراو لەسەر بنەمای باڵادەستیی هزری دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەی پاشایەتی و بنەماڵەی پالەوی بکات.

دەرکەوتنی ڕاستییەکان و پەردەلادان لەسەر ئامانجی قیزەونی پاشماوەکانی دەسەڵاتدارەتی پالەوەی کە درێژەدان بە هەمان سیاسەتی سەرکوت و قڕکردنی گەلانی کورد و بەلووچ و... هاوچەشنی دەسەڵاتی کۆماری سێدارە بە چەکی سپا و بەسیج بوو، ڕەسەنایەتی بانگەوازی مافخوازانەی حیزب و ڕێبەرایەتییەکەی بۆ ڕای گشتی گەلانی ئێران باشتر سەلماند بە چەشنێک کە ئێستا گەلانی بەشخوراوی بەلووچ و تورکمەن و عەرەب و ئازەری و فارسیش بە تێگەیشتن لە ئاستی ڕەسەنایەتیی بانگەوازی ئازادیخوازیی گەلی کورد، بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هیواکانیان لەسەر دروستبوونی بەرە یان ئێئتلافێک بە بەشداری ئەم حیزبە لەگەڵ هێزە سیاسییە ئازادیخوازانەکانی دیکەی ئێران سەریەک خستووە.

ئەمە و واقعی کۆمەڵگا بۆ ڕەچاو کردنی سیاسەتی ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی  و ئاستی وەفاداری هێزە سیاسییەکان بەو پێوەرانە دەیسەلمێنێ کە ڕەسەنایەتی ڕەمزی سەرکەوتنە بۆ داهاتوو.