کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ئاگرتێبەردانی دارستان و لێڕەوارەکانی بانە و مەریوان

11:24 - 12 گەلاوێژ 2723

لە درێژەی ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە، لێڕەوار و دارستانی ئاواییەکانی بالک، سەڵەسیی کۆن، ئەوێهەنگ، ساڵیان، نجێ و ڕەشنەش سەر بە مەریوان و ئاواییەکانی یاقووباوا و کانی‌سوور سەر بە شاری بانە ئاگریان تێبەردرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکانی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، دارستان و لێڕەواری کێوەکانی دەوروبەری ئاواییەکانی "بالک، سەڵەسیی کۆن، ئەوێهەنگ، ساڵیان، نجێ و ڕەشنەش" سەر بە شاری مەریوان و هەروەها ئاواییەکانی "یاقووباوا و کانی‌سوور" سەر بە شاری بانە، لەلایەن بەکرێگیراوان و شوێنکەوتووانی ڕێژیمەوە ئاگریان تێبەردرا و بەشێکی زۆر لە ژینگەی کوردستان و ئێکۆسیستمی ئەو ناوچەگەلە لە ئاگردا سووتان.

هەروەها وەکوو هەمیشە خەڵکی ژینگەدۆست و نیشتمان‌خۆشەویستی بە ئەمەگی ئەو ناوچانە بە دەستی بەتاڵ و کەرەستە و ئیمکاناتی خۆیانەوە بە گژ ئاگرەکاندا چوونەوە و دوای هەڵمەت و ماندووبوونێکی زۆر ئاگرەکانیان کوژاندەوە.

شایانی باسە کە ساڵانە لە وەرزی هاویندا سپای پاسدارانی ڕێژیم و بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی تێکدان و لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان، ئاگر لە زۆربەی دارستان و شاخەکانی ئەم نیشتمانە بەردەدەن و دەبنە هۆی خەسارێکی یەکجارزۆری قەرەبوونەکراو بۆ خەڵکی کورد.