کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: کۆماری ئیسلامی بە هەڕشەکردن لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دیهەوێت ڕای گشتی بەلاڕێدا ببات

11:20 - 7 خەرمانان 2723

وتەبێژی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە هەڕشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وتووێژێکدا وتی: کۆماری ئیسلامی لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا وەک بیانوویەک هەڕەشە لە حیزبە کوردییەکان دەکات و دەیهەوێت قەیرانە سیاسییەکانی نێوخۆی ئێرانی پێ دابپۆشێت.

شەوی دووشەممە ٦ی خەرمانان، کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێک لەگەڵ تێلێڤیزیۆنی ''ئێران ئینتێرنەشناڵ'' سەبارەت بە دوایین هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نیشتەجێ لە باشووری کوردستان ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بە دوای بیانوویە و دیهەوێت ڕای گشتیی خەڵکی ئێران بەلاڕێدا ببات.

بەڕێز عەزیزی وتی: ''ئێمە لە دانیشتنەکانی خۆمان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە وتوومانە لە کاروباری عێراقدا دەستێوەردان ناکەین و و هیچکاتیش ئەو وڵاتە ناکەینە پشتی جبهەی خۆمان دژی ڕێژیمی ئێران و چەند ساڵە هێزی نیزامیی خۆمان بۆ خاکی ڕۆژهەڵات نەناردووەتەوە. ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی ئیدیعای دەکات بەتەواوی بیانوویە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەوڵەتی عێراق هیچکات بە حیزبی دێموکراتی نەوتووە کە دەبێ چەک بکرێن.''

ناوبراو وتی: ''من لەسەر ئەو باوەڕەم ئەو بابەتە لە پێوەندی لەگەڵ ڕاپەرینی سەرانسەریی گەلانی ئێرانە کە لە کوردستان ئەو ئامادەییە دژی کۆماری ئیسلامی پێک دێت و کۆماری ئیسلامی سەرلەنوێ دەیهەوێت ڕای گشتیی خەڵکی ئێران بەلاڕێدا ببات و ئەوە بڵێت کە لە کوردستان و ناوچە سنوورییەکان لەنێوان عێراق و ئێران ئاڵۆزی هەیە و بەو مەبەستە کەشی شەڕ لەو شوێنانە پێک بێنێت.''

وتەبێژی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد: ''بەهۆی ئەوەیکە خەباتێکی مەدەنی و گشتی لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ئارادایە، کۆماری ئیسلامی بە دوای تۆڵەکردنەوە لە خەڵکی کوردستانە و لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا دەیهەوێت وەک بیانوویەک کەڵکی لێ وەربگرێت و قەیرانە سیاسییەکانی نێوخۆی ئێرانی پێ دابپۆشێت."