لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانی سێشەممەی خانەنشینکراوان و فەرهەنگییان، لانیکەم لە ١٦ شاری کوردستان و ئێران گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.
ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانان، خانەنشینکراوان و فەرهەنگیان لە ١٦ شاری کوردستان و ئێران، لەوانە: "کرماشان، ئیلام، سنە، ورمێ، تاران، یەزد، ئەردەبیل، کەرەج، تەورێز، قەزوین، ئەراک، برووجێرد، خوڕماوا، زاهیدان، کۆیەشت و پۆلدۆختەر" لە بەردەم سندووقی خانەنشینیی شارەکانیان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دژی نایەکسانیی حەقدەست و خراپیی بارودۆخی ژیان بەڕێوە برد.
لەو ناڕەزایەتیانەدا فەرهەنگیان و خانەنشینکراوان دروشمیان بەرز کردەوە و خوازیاری چارەسەرکردنی داواکارییەکانیان و نەهێشتنی هەڵاواردن و جێگیرکردنی دادپەروەری و جێبەجێکردنی هاوسانسازی مووچەکان بوون.
هەروەها ناڕازییان بە وتنەوەی دروشمەکانی: "وەزیری ناکارامە دەست لەکار بکێشەوە"، "بزووتنەوەی خانەنشینکراوان ئامادەیە بۆ ڕاپەڕین" و "تا دەرکردن، تا زیندان، تا کۆتایی خۆڕاگری دەکەین"یان، دژی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتەوە.
هەروەها ژمارەیەک لە خوێندکارانی قۆناغی کۆتایی ددانپزیشکی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەردەم بینای دیوانی عەداڵەتی ئیداری بەڕێوە برد.
هەر لەو پێوەندییەدا بۆ دووهەمین حەفتەی بەردەوام، گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی ماشینسازی ئەراک بە ناڕەزایەتیدەربڕین بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان بەڕێوەچوو.
ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینکراوان، پەروەردەکاران و سەندیکا جۆراوجۆرەکان بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکانیان و لە دژی گەندەڵیی بەربڵاوی بەرپرسانی ڕێژیم هەموو حەوتوویەک بەرفراوانتر دەبێت و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان و چارەسەرکردنی داواکارییەکانی هاووڵاتییان، خەریکی سەرکوتکردنی ناڕازییان لە سەرتاسەری کوردستان و ئێراندایە.