سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی دوایین کۆنگرەی لاوانی سوسیال دێموکراتی سوید پەیامێکی ئاراستەی سکرتێری هەڵبژێردراوی ئەو ڕێکخراوە کرد.
ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، پێشەوا عەلیپوور، سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیامێکی ئاراستەی "دیار چیچەک" سکرتێری هەڵبژێردراوی لاوانی سوسیال دێموکراتی سوید کرد و کۆمەڵێک مژار و بابەتی لەگەڵ هاوتای سویدی خۆی هێنایە بەر باس و لەو پەیامەدا وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی لاوانی سۆسیال دێموکراتی سوید، هیوای خواست کە لاوانی کورد و لاوانی کۆمەڵگای سویدی بتوانن بە یەکەوە هاوپەیمانێکی باش بن بۆ پاراستنی مافە ئینسانییەکان و هەوڵدان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە درێژەی پەیامەکەدا هاتووە کە، پێویستە پاراستنی نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ تێکۆشانی لاوانی کورد لە کوردستانی بندەستی ئێران و تورکیە و سووریە و عێراق بخەینە ئەولەوییەتەکانی تێکۆشانمان.
بەڕێز دیار چیچەک سکرتێری لاوانی سوسیال دێموکراتی سوید، لە وڵامی سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتدا، وێڕای سپاس و دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ ئەو پەیوەندییە، بە گرنگییەوە ئاماژەی بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان دا و وتی: هەست بە هاوسۆزییەکی زۆر دەکەم بۆ ئەو دۆخەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێوە لە پەیامەکەتاندا ئاماژەتان پێ کردووە و ڕێکخراوەکەمان هەمیشە دەنگێکی بەهێز بووە بۆ هاودەنگی نێونەتەوەیی، بۆیە دەمهەوێت پێتان بڵێم کە لە قۆناغی داهاتوودا ئەرکە نێونەتەوەییەکانمان بەهێزتر دەکەین بەتایبەت بە گرنگیدان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، هیوادارم لە داهاتوودا زیاتر هاوکاریتان بکەین و چاوەڕێی پەیوەندی زیاترم لەگەڵ ئێوە و ڕێکخراوەکەتان.