کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکردنی دەیان مامۆستای زانکۆ بەهۆی پشتیوانی لە خەڵک، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

12:04 - 8 خەرمانان 2723

ڕێژیمی ئێران دەیان مامۆستای زانکۆی زانکۆکانی ئێرانی بە هۆی پشتیوانیکردنیان لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە کارەکانیان دوور خستەوە.

هەواڵدەریی هێرانا ڕایگەیاندووە، دەیان مامۆستای زانکۆ لە شارەکانی ئێران، لە زانکۆکان دەر کراون و هەندێکیشیان دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراون.

ئەو هەواڵدەرییە ناوی ٢٢ مامۆستای پشتڕاست کردۆتەوە کە لەو پێوەندییەدا لەلایەن ڕێژیمەوە دەر کراون.

جێگای ئاماژەیە کە بەپێی ئاماری خودی ڕێژیم لە ناوەندە جیاجیاکان و میدیاکانیەوە، بەشێکی هەرەزۆری بژاردە و خوێندکار و مامۆستا و پسپۆڕانی زانکۆکان بە هۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەو وڵاتەیان بەجێ هێشتووە و ڕوویان لە وڵاتانی دیکە کردووە یان بەتەمای بەجێهێشتنی ئێرانن.