کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: کۆماری ئیسلامی بۆ بازدان بەسەر قەیرانە کەڵەکەبووەکانی دەیەوێ شەڕ بە حیزبی دێموکرات، عێڕاق و ئەمریکا بفرۆشێ

21:31 - 8 خەرمانان 2723

ئاماژە: دوای ئەوەی کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پرێس‌کۆنفڕانسێکدا باسی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنیەتیی نێوان ئێران و عێڕاقی کرد و ڕایگەیاند کە دواکات بۆ جێبەجێ بوونی ئەو ڕێککەوتننامەیە کە بەشێکی چەککردنی حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و داخستنی بنکە و بارەگاکانیانە؛ وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ تەلەڤزیۆنی "ایران انترناشنال" و "رادیو فردا"دا هەڵوێست و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی شی کردەوە.

 

کاک خالید عەزیزی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە وەڵامی ئێوە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی بەغدا لەمەڕ هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی چییە، گوتی: ئێمە لە کۆبوونەوەکانی خۆمان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێمان گوتوون و هەمیشە لەسەر ئەو سیاسەتەی خۆمان پێداگریمان کردووە کە حیزبی دێموکرات دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی عێڕاقدا ناکا و خاکی ئەو وڵاتەی بۆ هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکار نەهێناوە. بەتایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا هیچ هێزێکی پێشمەرگەی بۆ نێوخۆی کوردستانی ئێران نەناردۆتەوە، بۆیە ئیدیعاکانی کۆماری ئیسلامی لە بیانووگرتن بەولاوەتر نین. بەرپرسانی حکوومەتی عێڕاقیش قەت باسی چەکداماڵینی ئێمەیان لەگەڵ نەهێناوینەتە گۆڕێ و ئەمن لەسەر ئەو باوەڕەم ئەوەی ئێران لەسەری دەڕوا بۆ ترسی خۆیان لە ٢٥ی خەرمانان، ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی و ئامادەیی کوردستان بۆ شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی و کاردانەوەکان دەگەڕێتەوە. بۆیە ڕێژیم دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران بەلاڕێدا ببا و بانگەشە بۆ ئەوە دەکا کە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان نائەمنی و بۆشایی ئەمنیەتی هەیە و دەیەوێ دۆخی میلیتاری و شەڕی تێدا جێگیر بکات.

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە کاردانەوەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو ئۆڵتیماتۆمەی کۆماری ئیسلامی چییە و ئاخۆ بابەتی گواستنەوەتان بۆ کەمپ و شوێنی نوێ لە ڕۆژئاوای هەرێم چیی لێ دێ، گوتی: ئێمە لەو ماوەیەدا بەبەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم لە پێوەندیدا بووین و بابەتی چەکداماڵینی حیزبی دێموکرات وەک ئەوەی کۆماری ئیسلامی باسی دەکا بە هیچ جۆرێک لە ئارادا نییە. لەبەر ئەوەی کاربەدەستانی عێڕاق دەزانن لەو وڵاتەدا هەموو ڕێکخراو و حیزبە سیاسییەکان دەبێ ئەمنیەتیان هەبێ و، دەشزانن ئێمە هیچ هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر دەسەڵات و ئەمنیەتی ئەو وڵاتە نین و خاکی عێڕاقمان بەدژی ئێران بەکار نەهێناوە. بنکەکانی ئێمە وەک شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەران و ئەندامانی حیزب و بنەماڵەکانیان لەم وڵاتە هەم بەرپرسانی عێڕاق و هەم ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانن کە سڤیل و مەدەنین و بۆ هیچ ئامانجێکی سەربازی بەکار نەهاتوون. لە دوا هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەو بنکانە ژن و منداڵ کوژران و قوتابخانە کرایە ئامانج و لێی درا. بۆیە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بیەوێ لەسەر ئەو سیاسەتەی بەردەوام بێت، بنکەکانی ئێمە لەهەر کوێیەکی کوردستانی عێڕاق و تەنانەت ١٠٠ کیلۆمیتر دوورتر لە شوێنی ئێستاش بێت، دیسان وەک بیانوو دەیهێنێتەوە و ئەو باسانە دەورووژێنێتەوە.

کاک خالید لە وەڵامی پرسیاری کاردانەوەی حیزب بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی گوتی: لەو دۆخەدا دەبینین کە بەداخەوە ئاسمانی وڵاتی عێڕاق بەرگرییەکی نییە و هەموو خاکی ئەو وڵاتە بۆتە بەشێک لە پیلانگێڕی و بەرنامە شەڕەنگێزی و قەیرانخوڵقێنییەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕێژیم بەئاشکرا دەستێوەردانی تێدا دەکا. بینیشمان کە لە دوا هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی سیاسیی کوردی ئێران لە خاکی عێڕاقدا ژمارەیەکی زۆر لەوان کوژران و بریندار بوون کە بەشێکیان ژن و منداڵ بوون و نەمانتوانی هیچ بەرگرییەک لە خۆمان بکەین. ئێمە دەبینین کە بزووتنەوەیەکی بەرین و گشتگیری سیاسی-مەدەنیی بەهێز لە نێوخۆی کوردستانی ئێران ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی خستووەتە تەنگانەوە و ڕێژیم بەدوای تۆڵە لە خەڵکی کوردستاندا دەگەڕێ. بۆیە لە ڕۆژانی ساڵیادی شۆڕشی ژینادا دەیەوێ بیکاتەوە بە بیانوویەک بۆ بەردەوامیی شەڕەنگێزییەکانی. بۆیە کاربەدەستان حکوومەتی عێڕاق، نەتەوە یەکگرتووەکان، حیزب و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە جۆراوجۆرە بیانی و خۆوڵاتییەکان لە عێڕاق بەرپرسایەتیی ئەوەیان دەکەوێتە ئەستۆ کە داکۆکی لە پەنابەران و حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بکەن کە خاکی وڵاتەکەیاندا تەنیا چالاکیی سیاسییان هەیە. ئێمە هەمیشە گوتومانە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێویست ناکات پێشمەرگەکانی بۆ چالاکیی سیاسی و پێشمەرگانە بۆ نێوخۆی کوردستانی ئێران بنێرێتەوە، چونکی هەمووان دەبینین کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی بەرین لە کوردستان لە ئارادایە و یەکیەتی و هاودڵی خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران کۆماری ئیسلامییان بەرەوڕووی گەورەترین قەیران کردووەتەوە. بۆیە پێویست ناکات ئێمە ئەو ڕێگەیە بگرینە بەر، بەڵام سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بۆ دەربازبوون لە قەیرانە سیاسییە نێوخۆییەکانی هەر شەڕفرۆشتنە و دەیەوێ ئێمە، ئەمریکا و عێڕاق تووشی شەڕێکی داسەپاو بکات.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئاخۆ نیگەران نین چارەنووسی موجاهیدینی خەلق بە سەر ئێوەش بێت؟ گوتی: شتی وا لەگۆڕێدا نییە. یەکەم پێوەندیی نێوان حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و خەڵک و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان یەکجار باش و لەمێژینەیە. هەروەها حیزب و ڕێکخراوە غەیرەکوردەکان لە بەغداش بەو ناسینەی لە مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران و حیزبی دێموکرات هەیانە، دەزانن حیزبی ئێمە نەک لە شەڕەنگێزی و قەیرانخوڵقێنی ناگەڕێ، بەڵکوو د. عەبدوڵڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری حیزبی دێموکرات لەسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ دیپلۆمات‌تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی و لە کۆبوونەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە ڤییەن تێرۆر کراوە.

کاک خالید عەزیزی لە وتووێژ لەگەڵ "ایران انترناشناڵ"دا ئەو ئاکامگیرییەی لە باسەکەی کرد: ئێمە ڕێز لە پێوەندییە سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسییەکانی هەرێم و بەغدا لەگەڵ تاران دەگرین و ئەوە بە مافی سروشتیی ئەوان دەزانین؛ بەڵام ئەوە ئێمە نین بەشێک لە قەیرانەکە بین، بەڵکوو ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە بۆ چەواشەکردنی بیروڕای گشتی و بازدان بە سەر قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێران بەدوای خوڵقاندنی قەیرانی دیکەیە و بۆ ئەو مەبەستە ئێمەی کردووەتە بیانوو. بۆیە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و بەغدا هەموو هەوڵمان ئەوەیە ڕێگەچارەیەک ببینینەوە کە بیانوو لە کۆماری ئیسلامی ببڕین.

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی‌تردا بۆ "ڕادیۆ فەردا" وێڕای ڕوونکردنەوە و پێداگریی لەسەر سیاسەت و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند ئەوە کە ئێران لە کاربەدەستانی عێڕاقی داوا بکات لە خاکی ئەم وڵاتەوە هێرش و پەلاماری نەکرێتە سەر، دەتوانێ یاسایی بێت و ئێمەش لەمێژ ساڵە لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە هیچ هەڕەشەیەکمان بۆ سەر ڕێژیم دروست نەکردووە و پێبەندی بەڵێن و دەروەستییەکانی خۆمان بە هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێڕاق بووین. بەڵام ئەوە کە ئێران داوا دەکات ئێمە لە خاکی عێڕاقدا چەک بکرێین نە ڕێگەپێدراوە و نە یاسایی و هیچ پڕەنسیپێکی پێوەندیی نێوان وڵاتان و یاسای نێونەتەوەیی ئیزن بەوە نادا. چونکی ئەوە پێوندیی ڕاستەوخۆی بە عێڕاقەوە هەیە و ئەوە داوایەی ئێران هەم دەستێوەردانە و هەم پڕکێشی و نایاسایی.