کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی، کانە زێڕەکانی کوردستان و ئێرانی ڕادەستی سپا، چین و ڕووسیە کردووە

16:02 - 12 گەلاوێژ 2723

حەوت کانگای زێڕی کوردستان و ئێران، ساڵانە ١٣ تۆن زێڕ بەرهەم دەهێنن و لەلایەن عەلی خامنەییەوە ڕادەستی سپای پاسداران، چین و ڕووسیە کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ماڵپەڕی "ئێران ئینتێرناشناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ٧ کانگای زێڕی ئێران و کوردستان کە ساڵانە ١٣ تۆن زێڕ بەرهەم دەهێنن، ڕادەستی سپای تێرۆریست و وڵاتانی چین و ڕووسیەی کردووە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو کانگای زێڕانە کە لە کوردستان و ئێراندان، بێجگە لە پیسبوونی ژینگە و زەرەر و زیان زیاتر، هیچ سوودێکی بۆ خەڵکی ناوچەکە نییە.

ئەوەیکە پشکی ئەو کانە زێڕانە دەبا، لە پلەی یەکەمدا سپای تێرۆریستی پاسدارانە کە لە دەرەوەی ئێران خەرجی میلیشیاکانی خۆی دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ مانەوەی خۆی بە فەرمانی خامنەیی ڕادەستی وڵاتی چین و ڕووسیەی کردووە و خەڵکی کوردستان و ئێرانیش بەگشتی و خەڵکی ئەو ناوچانەی کە نزیکی کانە زێڕەکانن بە تایبەتی، لە هەموو مافێک بێبەش کراون و تەنانەت وەکوو کرێکاریش کاریان پێ نادەن و ئەگەر ناڕەزایەتیش دەردەبڕن هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران، هەڵدەکوتنە سەریان و دەسبەسەر و بەندیان دەکەن.