کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وشککردنی یەکجاریی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ڕێژیمەوە

11:27 - 9 خەرمانان 2723

عیسا کەڵانتەری، بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ڕێژیمی ئێران دەڵێت: لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا هەموو سەرچاوە گرینگەکانی ئاوی ئێرانمان وشک کردووە.

عیسا کەڵانتەری، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خەرمانان لە وتووێژێک لەگەڵ ماڵپەڕی "دیدێبانێ ئیران" وتی: ئێمە وەکوو بەرپرسانی حکوومەت لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا ئاوی وڵاتمان تەواو کردووە، چونکە هەموو دەسەڵاتە ئاوییەکانی وڵات لە دەستی یەک کەسدایە.

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی زەوینناسیی ئێران و ئیدارەی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا باس لەوە دەکات کە بەشێکی هەرەزۆری دەشتی ناوەڕاستی ئێران و بە تایبەت پارێزگاکانی ئیسفەهان، فارس و خوراسانەکان لە لێواری داڕمانی خاک و کۆچی دانیشتووان نزیک بوونەتەوە و ئەو پارێزگاگەلە لەگەڵ هاوسەنگییەکی نەرێنیی گەورەی ئاوی ژێرزەوی و دانیشتووان ڕووبەڕوون و هەر ئەوەش وایکردووە خەڵک بیر لە کۆچ بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژاوای ئێران، واتە کوردستان بکەن کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیان زیاترە.