کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی دژی حیزبی دێموکرات

01:07 - 14 گەلاوێژ 2723

عەلی بداغی

ئەمڕۆ شەممە، ١٤ی گەلاوێژ، دوو ساڵ بە سەر تێرۆری شەهید مووسا باباخانی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات تێپەڕی. تێرۆرکرانی شەهید مووسا باباخانی لە شاری هەولێر لە درێژەی شەپۆلی نوێی کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم ڕووی دا کە بە تەقینەوەی شەوی یەلدای بەردم بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب لە شەوزستانی ١٣٩٥ دەستی پێ کرد و، دواتر تێرۆری کاک قادر قادری، فەرماندەی نیزامی و سەباح ڕەحمانی، ئەندامی حیزبی دێموکرات لە زستانی ساڵی ١٣٩٦ و پاشان هێرشی مووشەکیی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگانی حیزبی دێموکراتی بەدوودا هات. ئەم شەپۆلە نوێیەی تاوانخوڵقێنیی ڕێژیم لە بەردەوامیی خۆیدا مووشەک‌بارانی ڕەزبەر و خەزەڵوەری پاییزی ساڵی ڕابردووی لێ کەوتەوە کە بووە هۆی شەهیدبوونی ١٣ کادر و پێشمەرگە و تەنانەت منداڵی تەمەن یەک ڕۆژە و؛ بە تێرۆری "لوقمان ئاجی"، "عادڵ موهاجیر" و "سیامەند شابۆیی" لە پووشپەڕی مانگی ڕابردوو درێژەی پێ دراوە.

مووسا باباخانی، خەڵکی کرماشان کە ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی لە هۆتێل سلێمانیی شاری هەولێر تێرۆر کرا، وەک تازەلاوێکی کرماشانیی بەهەست و شۆڕشگێڕی گەلەکەی هەر لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە بۆ خەبات لە پێناو ئازادی و سەربەستیی نەتەوەکەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هەڵبژارد.  شەهید مووسا وەک پێشمەرگە و کادرێکی بەوەج لە ماوەی ٢٣ ساڵ تێکۆشانی پێشمەرگانەیدا زۆربەی قۆناغەکانی وێستگەکانی ژیانی حیزبیی بڕی و لە کۆنگرەکانی ١٥، ١٦ و ١٧ی حیزبی دێموکراتدا بە ئەندامی ڕێبەریی حیزب هەڵبژێردرا. مووسا باباخانی لە ئۆڕگانەکانی پارێزگاری، تەشکیلات و ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتدا ماندوویی‌نەناسانە لەپێناو بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕ و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و، کۆکردنەوەی خەڵک و ڕێکخستنیان لە دەوری ئامانجەکانی حیزب بەتایبەت لە ناوچەی کرماشان تێکۆشا. هەر ئەو چالاکییە بەرچاو و هەڵسووڕانە دیار و شوێندانەرەشی بوو کە ئەوی بۆ دەزگای ئەمنیەتی و تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبووە ئامانج کە دواجار توانییان بە تێرۆر کردنی، مەبەستە گڵاوەکەی خۆیان بەدی بێنن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا بەبەردەوامیی تێرۆری تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی لە بەرنامەی کاری خۆیدا بووە و تەنانەت لە سەرووترین ئاستی ڕێبەریی ڕێژیمدا بڕیار لەسەر تێرۆری ئاست‌بەرزترین ڕێبەرانی ئەم حیزبە، واتە د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی دراوە. بەڵام بەدەر لەوەی کۆماری ئیسلامی خۆی بە دوژمنی قەستەسەری بزووتنەوەی کورد لە ئێران دەزانێ، و هیچ کات و دەرفەتێکی بۆ زەبروەشاندن لە جووڵانەوەی کورد بەفیڕۆ نەداوە؛ لە ئاستی سەرانسەریشدا هەمیشە چەکی تێرۆری لەدژی نەیارانی بەکار هێناوە. بۆ نموونە تەنیا لە دەیەی ٦٠ ڕا هەتا نیوەی یەکەمی دەیەی ٧٠ و هەتا هەراکانی قەتڵە زنجیرەییەکان، لانیکەم ١٨٠ چالاکی سیاسیی دژبەر لە نێوخۆی وڵاتی تێرۆر کردووە.

لە دەرەوەی وڵاتیش بە درێژایی پتر لە چوار دەیەی ڕابردوو، باڵوێزخانە کۆنسوولگەری و نووسینگەکانی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتان شوێنی داڕشتن و جێبەجێکردنی پیلانە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم بوون. وەک چۆن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی مانگی جولای خۆیدا ئاشکرای کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیە لە دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا ٣٦٠ کردەوەی تێرۆریستیی لە زیاتر لە ٤٠ وڵاتدا کردووە. ئەم ڕاپۆرتە کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستانی لەخۆی نەگرتووە کە هەر بەپێی ئامارەکان و لەسۆنگەی بۆشایی ئەمنییەتی و دەست‌ئاوەڵایی کۆماری ئیسلامی لە دەیەی ٧٠ی هەتاویدا زیاتر لە ٤٠٠ تێکۆشەری سیاسیی کوردی دژبەری ڕێژیم لە هەرێمی کوردستانی عیڕاق لە ڕێگەی تۆڕ و تیمە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە شەهید کران و سەدان کەسیش بە برینداری گیانیان دەرباز کرد.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی ئایدۆلۆژیی خۆی هەموو کاتێک تێرۆری بە چەکێکی پێویست و کاریگەر بۆ نەهیشتن و تێدابردنی نەیارانی خۆی زانیوە. هەروەها بۆ لێدانی مخالفانی خۆی بەتایبەت لە نێو هێزە پێشکەوتنخواز و ماف‌ویستەکاندا تێرۆری لە چەشن و شێوازی جۆراوجۆری خۆیدا بەکار هێناوە. هەوڵدان و پیلان‌داڕشتن بەمەبەستی زەبروەشاندنی فیزیکی لە حیزب و لایەنەکان و کەسایەتییە مخالف و جیابیرەکان کە بە ناوی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەموو لایەک ناسراوە، هیچ سنوور و جوغرافیاییەکی نەناسیوە. بەشێک لە کارنامەی تێرۆریستیی ئەم ڕێژیمە بریتییە لە تێرۆری دەیان کەسایەتیی سیاسیی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی و؛ بەشداری و تێوەگلانی لە کردەوە تێرۆریستییەکان لە وڵاتانی وەک ئاڕژانتین، تایلەند، هیند، کێنیا، بەحرەین و عێڕاق. بەڵام تێرۆریزمیی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداریی ڕەشی خۆیدا دژ بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەم ڕێژیمە، بەشی شێری بەر بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد و حیزبی دێموکرات کەوتووە.

ئامانجی سەرەکی و گشتیی ڕێژیم لەم تێرۆرانە لاوازکردنی بزووتنەوەی مافخوازانە و نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بووە و هەیە و بۆ ئەم مەبەستەش حیزبی دێموکرات وەک لایەنی سەرەکی و شوێندار لەم بزووتنەوەیەدا کراوەتە ئامانج و تا ئێستاش ئەم حیزبە بۆ تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هەمیشە ئامانجە. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی باوەڕیان وایە تەنیا بە توندوتیژی و سەرکوتی خوێناوی دەتوانن تەمەنی دەسەڵاتەکەیان درێژتر بکەنەوە و ئەزموونی کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵاتیش سەلماندوویەتی کە "تێرۆر" و "باج‌ئەستێنی" و کردنیانی بە چەکێک لەبەرانبەر وڵاتانی ڕۆژاوادا هەتا ئێستاش بۆ کۆماری ئیسلامی دەسکەوتێکی زۆری بووە. هەر ئەو ئەزموونەش دەری‌دەخا کە هەڕەشە، شەڕانخێوی و جینایەتەکانی ئەو ڕێژیمە تەنیا کاتێک لە کەمی دەدەن کە تێچووەکانی بۆ کۆماری ئیسلامی زیاتر لە قازانجی بن، بەڵام هەتا ئەو کاتەی کاربەدەستانی ڕێژیم و نێردراوە تێرۆریستەکانیان بە ئیرادەی کۆمەڵگەی جیهانی هەس نەدرێنەوە، لەسەر ئەو خەت و شوێنەیان بەردەوام دەبن.