کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێموکرات و ٢٥ی گەلاوێژ

10:23 - 14 گەلاوێژ 2723

شیوا مورادیان

لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، دوای ٣ ساڵ خەباتی سیاسی و ڕێكخراوەیی، كۆمەڵەی ژ ـ ک (کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد)، ڕۆڵە تێكۆشەرەكانی كورد بە ڕێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، حیزبی دێموکراتیان دامەزراند.

ڕەنگە باسکردن لە دامەزرانی حیزبێکی مۆدێڕن لەم سەردەمە زۆر ئاسایی بێت، بەڵام حیزبی دێموکرات لە سەردەمێکدا دامەزرا  کە بارودۆخی سیاسیی ئێران و كوردستان بەتایبەت دوای ئەو کەشە سیاسییەی کە لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانیدا، ئێران و كوردستانی گرتبووەوە بە خوێندنەوەیەكی مۆدێڕن و جیهانبینییەكی نوێیەوە بە پێكهێنانی حیزبی دێموكرات، بزووتنەوەی كوردی خستە سەر ڕێبازێكی نوێ‌ و  کاری گرووپی و نیزاممەند هاتە ئاراوە، کە ئەمە لەو کاتە زەمەنییەدا کارێکی کەم‌وێنە یان باشتر وایە بڵێین کارێکی بێ‌وێنە بووە.

دامەزرانی حیزبێکی مۆدێڕن لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا و لە کۆمەڵگایەکی داخراو و دواکەوتوو و تەنراو بە بیری عەشیرەیی کارێکی ئەستەم بووە، ئەوەی کە جێگای ئاماژەیە ئەوەیە تەنانەت حیزبی دێموکرات بەرنامەی سیاسیی خۆی لە سەر ٨ خاڵی زۆر گرینگ دادەمەزرێنێت کە ئەو ٨ خاڵە بریتی بوون لە:

یەکەم: نەتەوەی کورد لە نێوخۆی ئێراندا بۆ هەڵسووڕاندنی کاروباری ناوچەی خۆی سەربەخۆ و ئازاد بێ و لە سنووری دەوڵەتی ئێراندا خودمۆختاری دەستەبەر بکات.

دووهەم: مافی خوێندن بە زمانی زگماکیی خۆی هەبێت (تەواوی کاروباری ئێدارەکان بە زمانی زگماکی بەڕێوە بچێ).

سێهەم: لەسەر بناغەی یاسای بنەڕەتی، ئەنجومەنی ویلایەتی کوردستان بە زوویی هەڵبژێردرێ و بە هەموو کاروباری کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی ڕابگا و چاوەدێرییان بەسەردا بکات.

چوارەم: کاربەدەستانی دەوڵەت دەبێ لە خەڵکی ناوچەکە بن.

پێنجەم: لەسەر ئەساسی یاسای بنەڕەتی لە نێوان خەڵکی جووتیار و خاوەن مڵکدا ڕێکەوتنێک پێک بهێندرێت کە مافی هەر دوو لایەن دەستەبەر بکات.

شەشەم: حیزبی دێـموکرات تێدەکۆشێ لە خەباتدا لەگەڵ نەتەوەی ئازەربایجان، ئاسوورییەکان، ئەرمەنییەکان و...، یەکیەتی و برایەتییەکی تەواو پێک بهێنێ.

حەوتەم: حیزبی دێموکرات بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانی و پەرەپێدانی فەرهەنگ و لەش‌ساغی و باشترکردنی ژیانی ئابووری و مەعنەویی گەلی کورد، دەست دەکا بە سوود وەرگرتن لە سامانە سروشتی و کانگاکانی کوردستان.

هەشتەم و کۆتا خاڵ: حیزب خوازیارە هەموو گەلانی ئێران هەلی تێکۆشانی ئازادییان پێ بدرێت و بەختەوەر بن.

ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە حیزبی دێموکرات پاش نزیک بە ٧٨ ساڵ بەسەر دامەزرانیدا، بە بوونی هەموو ئەو پەلامارانەی کە لەلایەن دوو دەسەڵاتی پەهلەوی و ئاخوندییەوە بەرەو ڕووی بوونەتەوە و سەرەرای ئەوەی کە هەموو گرووپ و دەوڵەت و دەسەڵاتێک پێیان وابوو لە دوای تێرۆری دوو سکرتێری کاریزما و لێهاتووی ئەو حیزبە، دەیان و بگرە سەدان کادر و پێشمەرگەی دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵدەگرن، بە پێچەوانە هەموو جارێک دێموکرات بە‌هێزتر لە جاران بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی لە خەبات بەردەوام بووە.

ئەمە نەک تەنیا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە حیزبی دێموکرات لەسەر سیاسەتێکی دروست دامەزراوە، بەڵکوو دەرخەری ئەوەشە کە دێموکرات بە سیاسەتە دروستەکەی لەنێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا جێگایەکی وەها گەورەی هەیە کە دێموکرات و خەڵک وەک دووانەیەکی لێکدانەبڕاو هەوڵی دەستەبەرکردنی مافی نەتەوایەتیی کورد دەدەن.

دێموکرات ئێستاش لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا حیزبی پێشڕەو و ڕێنیشاندەرە، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بناغەی ئەم حیزبە لەسەر دێموکراسی و بنه‌ما و باوه‌ڕێکی پته‌وی نه‌ته‌وه‌یی دانراوە. هەر بۆیە پاش نزیک بە ٧٨ ساڵ بەسەر دامەزانی ئەم حیزبەدا، دێموکرات پێناسە و ٢٥ی گەلاوێژ، باوەڕە بە ڕێبازێکی دروست.