
مامۆستا سەید تاهیر حوسێنی، کوڕی سەید محەممەدئەمین، کەسایەتیی خۆشناو، نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی مامۆستایان و قوتابییانی بۆکان و نووسەری بە توانا لە بواری ئەدەبی منداڵان، بە ڕووداوی هاتوچۆ لە جادەی بورهان، گیانی لەدەست دا.
سەرەتای ژیانی مامۆستایەتیی سەید تاهیر لە پارێزگای سنە بوو؛ دواتر گەڕاوەتەوە بۆکان و لە قوتابخانەکانی ئاواییەکانی بۆکان و قوتابخانەی دواناوەندیی فەرهەنگیان وانەی ئەدەبیاتی فارسیی وتووەتەوە و هەمێشە ڕێنوین و ڕێپیشاندەری باشی قوتابییان بووە.
مامۆستا سەید تاهیر حوسێنی لەگەڵ چەند کەسی دیکەدا لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا کار و خزمەتی بە منداڵانی کورد دەکرد تاکوو لەگەڵ زمان و ئەدەبی کوردی ئاشنا بن.
بەشێک لە کتێبەکانی مامۆستا سەید تاهیر بریتین لە: ''ماسی ئاغا، هەیاس و ئەڵماس (چیرۆکی فولکلۆر)، میوەکان، کوڵوانەسوور، سوڵتان مەحموود و هەیاسی خاس، شەرحی ٣٠٠ غەزەلی حافز" و هەروەها چەندین کتێبی دیکەی لە بواری ئەدەبی نیشتمانپەروەریی کوردستان هەیە کە ئیزنی چاپیان پێ نەدراوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا سەید تاهیر حوسێنی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی ناوچەی بۆکان دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.