کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی سووتانی دارستانەکانی کوردستان سەرەڕای هەوڵی بێوچانی ژینگەپارێزان

10:53 - 15 گەلاوێژ 2723

سەرەڕای هەوڵی بێ وچان و تاقەتپڕووکێنی ژینگەپارێزان و پارێزەرانی نیشتمان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سووتانی دارستانەکانی مەریوان هێشتا بەردەوامە و کۆنترۆڵ نەکراوە.

هەرچەند هەموو ساڵێک کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوانی ئاگر لە جەستەی کوردستان بەردەدەن، بەڵام ئەمساڵ پێوانەی ئاگرەکە زۆر زیاتر و کوتوپڕتر لە ساڵانی پێشوو بووە، بە تایبەت لە شاری مەریوان و دەوروبەری بە جۆرێک بوو کە ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بەپەلە داوای لە خەڵکی کوردستان و ژینگەپارێزانی کورد کرد کە بە هانایانەوە بچن و یارمەتیدەریان بن لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا.

سەرەڕای بە هاناوەچوونی خەڵکی کوردستان و ژینگەپارێزانی سنە، پاوە، بانە و سەقزیش، هێشتا لە دەوروبەری ئاواییەکانی دەرەوەران، کیکن، نجێ، هەنجیران، مڕانە، بایەوە و کۆڵیت ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا پێنج چالاكی ژینگەپارێزی مەریوان بە ناوەکانی ئازاد ڕۆحی، لایەق ئەحمەدی، سەرکەوت عێبادی، ئالان ئەردەشیری و دلێر مەحەممەدی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن بەكرێگیراوانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر كران و چارەنووسیان ڕوون نییە.

 لەلایەکی دیکەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گوندەکانی "مەزناوا"، "هەزنی"، "گاکی" و "زەردەكانی" لە ناوچەی ئالانی سەردەشت کەوتنە بەر ڕقی داگیرکەران و  ٥٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو گوندانە لەلایەن داگیرکەران و بەکرێگیراوانیانەوە سووتێندران.

 

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، ئەمساڵ زیاتر لە ١٨ جار ئاگركەوتنەوە لە ناوچەی ئالانی سەردەشت و دارستانەکانی ئەم شارە تۆمار کراوە و لە ئەنجامدا بە گشتی زیاتر لە ٨٠ هێکتار لە دارستانەكان لەنێو چوون.