کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە ئاگربەردان لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

17:00 - 15 گەلاوێژ 2723

ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ، ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە ئاگربەردان لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:

هاونیشتمانیانی ئازیز!
خەمخۆران و ژینگەپارێزانی کوردستان!

هەروەک هەموولایەک ئاگادارن ماوەی چەند ڕۆژێکە دیسان دارستانەکانی کوردستان و بە تایبەت و بەدیاریکراوی دارستانەکانی ناوچەی مەریوان لە ئاگردا دەسووتێن و ئەوەی لە  گیان و ژیانی خۆی مایەی داناوە بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە تەنیا و تەنیا ئێوەی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرن. 
بۆیە پڕبەدڵ ئەوپەڕی سپاسی خۆمانتان پێشکەش دەکەین و لەبەرانبەر هەموو ماندووبوون و شەونخۆنییەکانتاندا دەستی ڕێز و پێزانین بەسینگمانەوە دەنێین و پێتان سەربەرزین.

ئیتر بۆ هەموو لایەک ئاشکرا و ڕوونە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانەی لە ژینگەی کوردستان دەکەوێتەوە نەک یارمەتیدەری ژینگەپارێزانی بەهەڵوێست نییە بەڵکوو دەستوپێوەندییە بەکرێگیراوەکانی خۆیان دەستیان لە ئاگرتێبەردانەکاندا هەیە. لەوەها حاڵەتێکدا ئەوە تەنیا خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ژینگەپارێزانی تێکۆشەرن کە قۆڵی هیممەتی لێ هەڵدەماڵێن و بەهانای یەکترەوە دەچن بۆ ڕزگارکردنی ژینگەی نیشتمانەکەیان. 

لەم چەند ڕۆژەی تێکۆشانی ژینگەپارێزان ئەوە چالاکانی ژینگەپارێزیی شارەکانی دەوروبەری مەریوان بوون کە بە هانای ژینگەپارێزانی ناوچەی مەریوانەوە چوون کە ئەوەش نیشانەی ئەوپەڕی خەمخۆری و دڵسۆزییانە بۆ پاراستنی نیشتمانە خۆشەویستەکەمان. 

جارێکی دیکە و وێڕای سپاسی پڕبەدڵ و ماندوونەبوونی لە ئێوەی خۆشەویست، داوا لە هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە هەرچی لە توانایاندا هەیە و چییان پێ دەکرێت، بە هانای ژینگەپارێزانی مەریوانەوە بچن و جارێکی دیکە بیسەلمێنن کە ڕزگاریی نیشتمان کاڵایەکە پڕ بە باڵای دڵسۆزی و هەڵوێستی کوردانەی ئێوە.

هەر سەرکەوتوو بن و بەو هیوایە بەری زەحمەتەکانی خۆتان بە ئاوەدانیی کوردستان بچێننەوە.

ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢