کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی نووسەرانی کوردستان سەبارەت بە ئاگربەردان لە دارستانەکانی کوردستان

09:46 - 16 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ، ناوەندی نووسەرانی کوردستان سەبارەت بە ئاگربەردان لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە بەشگەلێک لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:

هەموومان باش دەزانین و بەو دڵنیایییە گەیشتووین کە مان و هەبوونمان بە مان و هەبوونی نیشتمانەوە بەستراوەتەوە، واتە ئەگەر هەتا ئێستا توانیومانە لەهەمبەر پەلامار و هێرشی داگیرکەرانی کوردستاندا خۆڕاگر بین و خۆ بەدەستەوە نەدەین، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بیانوویەکی پتەو لە پشتی ئەم هەمووە خۆڕاگرییەمانەوە هەیە و ئەویش شەڕ لەپێناو خاکێکە کە دایکمانە و کەرامەتی پێ بەخشیوین و هەر ئەم کەرامەتەشە مانامان پێ دەبەخشێت و خاڵی هاوبەشی هەموومانە.

نیشتمان بۆ ئێمە تەنیا جوگرافیایەک و پانتایەکی ڕووت و پەتی نییە، بەڵکوو دار و بەردی ئەم خاکە سەدان بەسەرهات و قارەمانەتیی تێیدا پەنگی خواردووەتەوە. هەر دارێکمان بە سەدان جار قارەمانانی نیشتمانی لەژێر سێبەری خۆیدا پەنا داوە، ئەو قارەمانانەی کە گیانی خۆیان داوە هەتا دەستی پیسی دوژمن و بێگانە نەگاتە جەستەی پیرۆزی نیشتمان.

لە ئێستادا کە بەشێک لە جەستەی نیشتمانمان لەلایەن دوژمنی دڵڕەق و سوێندخواردووی کوردستانەوە گڕی تێ بەر دراوە، ئەرکی هەموومانە بە هانایەوە بڕۆین و نەهێڵین خەونی دوژمن کە چاوی بە بەژن و باڵای جوان و ڕازاوەی نیشتمانمان هەڵنایە، بێتە دی.

لێرەوە داوا لە سەرجەم دڵسۆزانی نیشتمان و کوردستان دەکەین کە بە هەر شێوە و ڕێگایەک کە دەتوانن بە هانای ژینگەپارێزانی نیشتماندۆست و تیمە خۆبەشەکانەوە بڕۆن و بە یارمەتی و هاوکارییان باری قورسی ئەو ئەرکە نیشتمانییەیان لەسەر کەم بکەنەوە.