کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیاندنە گشتییەکان

10:23 - 16 گەلاوێژ 2723

عومەر باڵەکی

 

لە سەردەمی ئێستادا ڕاگەیاندنە گشتییەکان یەکێک لە گرینگترین کەرەستەکانی  پێگەیاندنی خەڵک و تێگەیاندنی کۆمەڵگە لەو ڕووداوانەیە کە لە دەورووبەریان یا لە سەرانسەری جیهاندا ڕوو دەدەن. لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دێموکراتیکدا خوێندنەوە و گوێگرتن لە ڕاگەیاندنە گشتییەکان لە ماوەی نێوان سەدەی ١٩ و سەدەی  ٢٠دا بە چەشنێک پەرەی گرتووە کە بۆتە جۆرێک لە عادەتی ڕۆژانە و کردارێکی کۆمەڵایەتی.

 لەمێژە بۆ پێناسەی دێموکراسی و دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەریی لەنێو پێکهاتەی دەوڵەتەتدا دەگوترێ کە ڕاگەیاندنە گشتییەکان کۆڵەکەی چوارەمی دەسەڵاتن. چونکە ڕاگەیاندنە گشتییەکان بێجگە لە گەیاندنی زانیاری بە کۆمەڵگە، حوکمی چاوەدێرییان بەسەر کاروکردەوەکانی دەسەڵاتدارانی وڵاتدا هەیە و لە هەمان کاتدا ڕۆڵێکی تایبەتیان هەیە لە دروستکردنی پێوەندیی فەرهەنگی، سیاسیی و کۆمەڵایەتی لەنێوان دەوڵەت و پێکهاتەکانی وڵاتدا. لە سەردەمی ئێستادا ڕادەی ئازادی ڕاگەیاندنە گشتییەکان لە هەر وڵاتێک دەتوانێ پێوانەییەکی باش بێت بۆ هەڵسەنگاندنی ڕادەی پێشکەوتوویی ئەو وڵاتە لە بواری پەرەسەندن و گەشەکردنی دێموکراسی و ئازادییەکاندا.

لە سەردەمی ئێستادا بە بەرەکەتی ئینترنێت و تێکنۆلۆژیی سەردەم، سەردەمی بە جیهانیبوون و ڕاگەیاندنە. بۆیە هیچ بابەت و ڕووداێک لە بەرچاوی خەڵک ون نابێ و لە هەر کۆمەڵگەیەکدا چاوەڕوانیی خەڵک لە ڕاگەیاندن بە گشتی ئەوەیە کە ڕاستییەکان بگەینێتە دەستی خەڵک. چونکە ئەوە سەلمێندراوە ئەو ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆیانە لە جیهاندا بایەخ و حورمەتی نێونەتەوەیان هەیە کە لە کاروکردەوەی خۆیاندا زیاتر هەوڵیان داوە، ڕاستیی ڕووداوەکان بگەینە دەستی خەڵک و هەر ئەوەش وا دەکا هەر کاتێک ئەو جۆرە دەزگایانەی ڕاگەیاندن کە پێگەیەکی نێودەوڵەتییان بۆ خۆیان دەستبەر کردووە، ئەگەر ڕەخنەیەکی سیاسی و یا کۆمەڵایەتی لە حکوومەت بگرن، دەوڵەت بێ دوودڵی گرینگی پێ بدات و  بۆ چارەسەرکردنی ڕەخنەکە بە دوایدا دەڕوات.

لە سەردەمی ئێستادا بەپێی عورفی نێونەتەوەیی کەم دەبیندرێ دەزگایەکی ڕاگەیاندن بەتایبەتی ڕۆژنامەکان بە بیانووی ئەوەی بابەتێکی بڵاو کردووتەوە کە، بە دڵی فڵان و فیسار دەوڵەت و تەشکیلات سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبووە تووشی کیشەی یاسایی بن. چونکە بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێکی ناڕاست و دوور لە واقعییەت پێش هەموو لایەک زیان بە ئیعتیباری ئەو ڕۆژنامە یا دەزگای ڕاگەیاندنە دەگەینێ. هەروەک پێشتریش باس کرا، لە جیهانی دێموکراسیدا باوەڕ وایە کە دەزگای ڕاگەیاندن لەپێناو خزمەت بە کۆمەڵگەدا پێک هاتووە و،  لە پێگەیاندن و تێگەیاندنی کۆمەڵگەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە. بۆ پاراستنی ئەو ئەسڵە کە ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێر لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەبێ ئازاد بن لە نووسینی ڕاستیی ڕووداوەکان و گرینگییەکی تایبەت دەدەن بەو بابەتە. بۆ نموونە لە ئەسڵی یەکی یاسای بنەڕەتی ئەمریکادا هاتووە کۆنگرەی ئەمریکا (مەجلیسی میللی و سەنا) هیچ‌کات مافی ئەوەیان نییە یاسایەک پەسند بکەن کە ئازادیی ڕاگەیاندن بەرتەسک بکاتەوە و هەروەک باس کرا ئەو ئەسڵە لە یاسای بنەڕەتیی زۆر لە وڵاتانی پێشکەوتووی دیکە لە دنیادا ڕەچاو دەکرێ.

لە ئێرانی ژیر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ماوەی ٤٤ ساڵە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بوونەتە سەناگۆی دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە و لە بازنە و چوارچێوەییەکی دیاریکراودا کە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەست نیشان کراوە، هەڵدەسووڕێن. بۆیە هەر کاتێک ڕۆژنامەیەک یا ڕۆژنامەنووسێک ویستی ئەرکی ڕۆژنامەنووسیی خۆی بەجێ بگەیەنێ و، لە ڕاستیی ڕووداوێک کە لە کۆمەڵگەدا ڕووی داوە بکۆڵێتەوە و بۆ بەردەنگەکانی ڕاگوێزیت، تەڕدەست لەگەڵ دژایەتی دەزگاکانی پێوەندیدار بە وەزارەتی ئیرشاد و چاپەمەنییەکان و دەزگای داد و ناوەندە ئەمنییەتی و هێزە ئینتیزامییەکان ڕووبەروو دەبێتەوە. دواتریش بە تۆمەتی جۆراوجۆر ڕاپێچی بەندیخانە دەکرێ و ڕەنگە بەبێ هۆکار بۆ ڕاگرتنی کاتی و یا داخستنی یەکجاری ئەو ڕۆژنامە یا گۆڤارە و ئەو کردارەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تەنیا و تەنیا دەرخەری ئەو ڕاستییە کە لە دەرکەوتنی حەقیقەت و ڕوونبوونەوەی هۆکاری ڕووداوەکان ترسیان هەیە. بۆیە لە هەموو ماوەی  ٤٤ساڵی ڕابردوودا سەرجەم هەوڵی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئەوە بووە ئێران بکەنە کۆمەڵگەیەکی داخراو کە گەلانی ئەو وڵاتە سەریان بەکاری خۆیانەوە بێ و نەپڕژێنە سەر ئەو بابەتە کە بزانن لە ناوچەکانی دیکەی ئێران چ دەگوزەری و کۆمەڵگەی جیهانی بەهۆی پێشکەوتنی تکنۆلۆژی لە بواری سیاسیی، ئابووری و تەنانەت فەرهەنگی  بە چ خێراییەک ئالوگۆری بەسەردا دێ. هەر بۆیە کاتێک لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١هەتاوی ڕۆژنامەنووس "نیلووفەر حامیدی" ڕاپۆرتێکی لەسەر کوژرانی کچە کوردێکی سەقزی بە ناوی "ژینا ئەمینی" بە دەستی پۆلیسی بەناو ئەخلاق بۆ ئەو ڕۆژنامەیەی کاری تێدا دەکرد ئامادە کردبوو و، ڕۆژنامەکە ئەو ڕاپۆرتە و هەواڵەکەی بە وێنەکانی "ژینا ئەمینی" لەسەر تەختی نەخۆشخانە بڵاو کردەوە؛ چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسەش گۆردرا. بەدوای ئەوەی ناڕەزایەتییەکان بە کوشتنی ئەو کچە کوردە لە بەردەرگای ئەو نەخۆشخانەیەی تەرمی ژینا ئەمینی لێ بوو لە تاران دەستی پێ کرد، پۆلیس ئێران و دەزگای داد بە جێگای ئەوە دڵی خەڵک بدەنەوە و خەڵکی تووڕە ئارام بکەنەوە، کەوتنە سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی و بە کوشتنی ژینا ئەمینی و دەستبەسەرکردنی ناڕازییان و لەو نێوەدا خانمە ڕۆژنامەنووس "نیلووفەر حامیدی"یش بە تاوانی! ئەوەی لە ڕێگەی ڕاپۆرتێکەوە خەڵکی لە ڕاستیی ڕووداوەکە ئاگادار کردووتەوە دەستبەسەر کرا. بە دوای ئەودا خانمە ڕۆژنامەنووسێکی دیکە بە ناوی "ئیلاهە محەممەدی" یش لە سۆنگەی ئەوەی ڕاپۆرتی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی "ژینا ئەمینی" لە گۆرستانی ئایچی سەقز ئامادە کردبوو، و بڵاوی کردبۆوە؛ ئەویش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کرا. بەندکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە و دەیانی دیکە نیشان لەوەیە کە دەسەڵاتدارانی تاران لە دەرخستنی ڕاستییەکان دەترسن، چونکە بەدەرخستنی ڕاستییەکان کۆمەڵگەی ئێران هەروەک لە ڕاپەرینی ژینادا دیتمان بەڕوویاندا دەتەقێتەوە.

ئەگەر بە کورتی لە بواری یاساییەوە بڕوانینە دەستبەسەرکردنی ئەو دوو خاتوونە ڕۆژنامەنووسە دەبینین هەم بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان و هەم بەپێی یاسا نێوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەوان هیچ تاوانێکیان نەکردووە کە زیاتر لە ٣٠٠ رۆژ بێ دادگاییکردن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر بن. ئەوە لە حاڵێکدایە هەتا ئێستا هیچ دادگاییەک پێک نەهاتووە بۆ ئەوەی هۆکاری شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە کوشتنی بۆ کۆمەڵگەی ئێران بە گشتی ڕوون بکاتەوە، کە بۆ ماوەی زیاتر لە چوار مانگ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەڕبرین بە کوشتنی ژینا لەسەر شەقامەکانی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران بوون و بکەرانی ئەو ڕووداوە بە قسەی هەموو شارەزایانی بواری زانستی جینایی کوشتنی بەئانقەست بدرێنە دادگا و سزایان بەسەردا بسەپێندرێ. بەڵام هەروەک پێشتر باس کرا، دوو ڕۆژنامەنووس بە تاوانی گەیاندنی زانیاری بە خەڵک بەو شێوە سزا دەدرێن.

بەپێی نێوەرۆکی ئەسڵی ٣٢ لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی کەسێک کە وەکوو تۆمەتبار دەستبەسەر دەکرێ، دەبێ بەشێوەی نووسراو لە هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەی تێ بگەیەندرێ و لانیکەم لە ماوەی ٢٤ ساعاتدا پەروەندەی سەرەتایی بدرێ بە دادگا بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ڕێوشوینی دادگاییکردنی ئامادە بکرێ. لە ئەسڵی ٣٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە پارێزەر بۆ تۆمەتبار دەڵی: "لە هەموو دادگاکاندا لایەنەکانی کێشە، مافی ئەوەیان هەیە پارێزەر بۆخۆیان دەستنیشان بکەن و ئەگەر لە توانایاندا نەبوو حەقدەستی پارێزەر بدەن، لەسەر دادگایە ئیمکاناتی دابینکردنی پارێزەریان بۆ دابین بکا." بەڵام بەپێی ڕاگەیاندنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن نیلووفەر حامیدی و ئیلاهە محەممەدی زیاتر لە ٣٠٠ ڕۆژە دەستبەسەر کراون و نەک لەو ماوەدا نەبردراونەتە بەردەمی هیچ دادگایەک، بەڵکوو لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە ئیزنیان پێ نەدراوە دەستیان بە پارێزەریش ڕابگا و کاتێکیش پارێزەریان بۆ دیاری کراوە، ئەوجار پارێزەرەکان نەیانتوانیوە دەستیان بە بەڵگەکان ڕابگا بۆ ئەوەی بتوانن لە بەردەمی دادگادا داکۆکی لە "بریگرتە" ی خۆیان بکەن. کاتێکیش لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ئەو دوو خاتوونە ڕۆژنامەنووسە دەبردرێنە بەردەم دادگا، دادوەر ئیزن نادا دادگاییەکە بەشێوەی ئاشکرا بەڕێوە بچێ. ئەوەش لە بواری یاساییەوە لەنگ و لۆریی زۆری تێدایە، چونکە بەپێی یاسا ئەو جۆرە دادگایانە بێجگە لەوە دەبێ بەشێوەی ئاشکرا و بەبوونی پارێزەری تۆمەتبار بە ئامادەبوونی "هیئت منصفە" بەڕێوە بچێ.

هەموو ئەوانە نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی تاران لە ئاشکرابوونی ڕاستییەکان بۆ کۆمەڵگە زەندەقیان چووە، بەڵام درەنگ یا زوو ئەو تابۆیە زیاتر دەشکێ و گەلانی ئێران زیاتر و زیاتر ڕاستییەکانییان بۆ ڕوون دەبێتەوە و ئەوکاتە هیچ هێزێک ناتوانێ پێش بە لافاوی خەڵكی ناڕازی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بگرێ.