کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانی گوندی "ئاغەرە"ی تیکاب لە بەردەم بنکەی هێزەکانی ڕێژیم لەو شارە

11:24 - 10 گەلاوێژ 2723

بەشێک لە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانی ڕۆژی ڕابردووی گوندی ئاغەرەی سەر بە شاری تیکاب بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی خەڵکی ئەو گوندە لە بەردەم بنکەی هێزەکانی ڕێژیم لە شاری تیکاب کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەشێک لە بنەماڵەی ئەو کەسگەلەی کە لە هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر گوندی ئاغەرە و دوابەدوای تێکهەڵچوونی ئەو هێزانە لەگەڵ خەڵکی ناڕازی لە بەردەم کانگای زێڕی ئەو ئاواییە و دەسبەسەرکردنی دەیان کەس و بریندارکردنی ٣ کەسی لەلایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییەوە لێکەوتەوە، کۆ بوونەوە و داوای ئازادکردنی خەڵکی ئەو گوندەیان کرد.

جێگای ئاماژەیە شەوی دووشەممە ٩ی گەلاوێژ، هێزە حکوومەتییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی "ئاغەرە" و زیاتر لە ۵٠ کەسیان دەسبەسەر کردووە کە تاکوو ئێستا ناسنامەی ٢٩ کەسیان ئاشکرا بووە.