و: کەماڵ حەسەنپوور
کریستیان ساینس مۆنیتۆر – سکات پیترسن
یەکەم کاریگەریی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لە جەنگی ئۆکرایندا لە کۆتاییەکانی ئاگوست ئاشکرا بوو، کاتێک ڕووسیە کەڵکی لە شاهید-١٣٦ وەرگرت تا تۆپخانەی جۆری M777ی ئەمریکایی لەنێو بەرێ، کە هێزەکانی ئۆکراین کەڵکیان لێ وەردەگرت. لەو کاتەوە، درۆنە کامیکازە و جۆرەکانی دیکەی ئێرانی، دەورێکی بەرچاویان لە هەڵمەتی ڕووسیە لە ئۆکرایندا گێڕاوە. یەکەم بە هۆی پەشۆکاندنی هێزەکانی ئۆکراینی لە بەرەی جەنگ بە درۆنی هەنگێو کە ٨٠ کیلۆ تەقەمەنی هەڵدەگرن و، پاشان بە ناردنی شەپۆلی ئەوان دژی ئامانجەکانی مەدەنی و ژێرخانی ئەو وڵاتە لە سەرانسەری ئۆکراین.
هێزەکانی ئۆکراینی ئێستا فێری خستنەخوارەوەی درۆنە هێواش و بەژاوەژاوی ئێرانی، کە دەنگی ماتۆڕەکەیان وەک هی ئامێری چیمەنبڕ دەچێ، بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوپەیمانیی ئێران-ڕووسیە، بە دروستکردنی ناوەندی بەرهەمهێنانی درۆن بۆ کەرتی کشتوکاڵ، لە ناوچەی تاتارستان کە سەدان کیلۆمیتر لە مۆسکۆ دوورە، خەریکی پەرەئەستاندنە، گوایە ئێستا ئەو شوێنە بۆتە ناوەندی بەرهەمهێنانی هاوبەشی درۆنی ئێرانی. ئەوەش ئاکامەکەی بۆ ئێران جێگای ڕەزامەندی بووە، چونکە دەوری نەریتیی ڕووسیە وەک پارێزەر-مشتەری، پێچەوانە بۆتەوە. ئەوە نیشانەی هاوپشتی دژەئەمریکایی لە ڕووسیە لە کاتی پێویستدا بووە، هەردوو وڵات کەوتوونە ژێر گەمارۆی بەربڵاوی ئەمریکایی و ئورووپاییەوە. ئێران هیوادارە بتوانێ دەسەڵاتی ژیۆپۆلیتیکی خۆی گەشە پێ بدا و ببێتە هۆی دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی پێشکەوتووی پارێزگاریی ئاسمانیی S-400 و فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆ ٣۵.
لەگەڵ ئەوەشدا، تێچووی ئێران گەلێک زۆر بووە. لایەنگری لە ڕووسیە لە جەنگ دژی ئۆکراین تەنانەت هەڵگرتنی بەشێک لە گەمارۆکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی زۆرتر وەدوا خستووە و، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ئەگەری ڕێککەوتنێک لەمەڕ خاوکردنەوەی گەشەی بەرنامەی ناوکیی ئێران تەنانەت پێش داگیرکاریی ڕووسیە، لاواز ببوو، دوورە دیمەنی داهاتووی ئابووری پڕ لە کێشەی ئێران تاریکە.
عەلی واعیز، سەرۆکی پرۆژەی ئێران سەر بە گرووپی کێشەی نێونەتەوەیی دەڵێ، " ئێران هیچ بژاردەیەکی جێگرەوەی نەبوو و نەیدەتوانی پشتگیریی ڕووسیە نەکات، چونکە ئێران دۆستی زۆر نین." ئاغای واعیز دەڵێ، "ڕووسیە تاقە وڵاتێکە کە کەڵکی لە ڤیتۆ وەرگرتووە تا لە ئەنجومەنی ئاسایش پارێزگاری لە ئێران بکات. تەنیا وڵاتێکە کە لە ساڵانی ڕابردوودا تەکنەلۆژیی بەرگریی داوە بە ئێران؛ و لە سووریە ئێرانی ڕزگار کرد. شوێنێک کە بە بۆچوونی من ئێران لێکدانەوەی هەڵەی کرد... ئەوان ئاستی کاردانەوەی ئورووپاییەکان لەمەڕ پرسی ئۆکراین وهەروەها چەندە بە سەر ئێراندا دەشکێتەوەیان بە کەم گرت."
کاردانەوە لەسەر دیپلۆماسی ناوکی
وڵاتە یەکگرتووەکان، کە تا ئێستا بایی دەیان میلیارد دۆڵار کەرەستەی سەربازیی بۆ ئۆکراین دابین کردووە، وەک "هاوبەشییەکی بێوێنە" باسی پەیوەندییەکانی کرێملین لەگەڵ ئێرانی لە جەنگێکدا کردووە کە ڕووسیە تووشی زەختی سەربازیی و سیاسی بووە.
ڕەنگبێ ئێران وای دانابێ کە شتێکی کەمی بۆ لەکیسدان لە ئورووپا هەیە چونکە بازرگانییەکەی لەگەڵ ئەوێ تێدا چووبوو. هەروەها ئێران متمانەی بە ئورووپا نەمابوو، چونکە لە جێبەجێکردنی بەڵێنییەکانی بۆ بووژاندنەوەی ئابووری ئێران، دوای کشانەوەی سەرکۆمار ترامپ لە ڕێککەوتننامەی ناوکی لە ٢٠١٨، شکستیان هێنابوو. لەگەڵ ئەوەشدا، پشتگیریی ئێران لە ڕووسیە، کاریگەریی لەسەر لێکدانەوەکانی واشینگتۆنیش هەیە.
ئاغای واعیز هەروەها دەڵێ، "ئەوە بۆتە هۆی دژوارتر بوون و لە ڕوانگەی سیاسییەوە پڕتێچووتربوونی دیپلۆماسیی ناوکی. چونکە هەر رێککەوتنێک کە لەویدا ئێران لە بواری ئابوورییەوە سوودی پێ بگا، لە ڕوانگەی توندئاژۆیان لە واشینگتۆن وەک دابینکردنی دارایی بۆ ئەو دوو لایەنەی جەنگ لە ئۆکراین سەیر دەکرێ."
ئەو هاوکارییە لەگەڵ مۆسکۆ لە ئاگوستی ساڵی ڕابردوو دەستی پێ کرد، کاتێک ئێران یەکەم درۆنەکانی بۆ دابین کردن. بەگوێرەی ڕاپۆرت، ڕووسیە بە فڕۆکەیەکدا ١٤۵ میلیۆن دۆلار دراوی نەغد و سێ هاژەکی بۆ ئەندازیاریی پێچەوانە ناردە ئێران: یەکی جاڤەلین و یەکی ستینگەر، هەر دووکیان ئەمریکایی و یەک دانە جیلی داهاتووی چەکی سووکی دژە تانک (NLAW)، هی بریتانیا کە هەموویان بۆ ئۆکراین نێردرابوون بەڵام کەوتبوونە دەست ڕووسیە.
وڵادتە یەکگرتووەکان لە مانگی مایدا گوتی ڕووسیە ٤٠٠ درۆنی ئێرانی وەرگرتوون، ئەگەرچی ئۆکراین دەڵێ ١٧٠٠ دانەن. ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانی ئێران لە مانگی مارچدا گوتیان گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆ ٣۵ تەواو بووە.
پرۆفیسۆر عەبدولڕەسوڵ فەرزام دیوسالار، پسپۆڕی ئێران لە زانکۆی کاتۆلیکا دێل ساکرۆ کڤۆرێ لە میلان دەڵێ، "ئەوانە دوو دەوڵەتن کە ڕوانگەکانیان لەمەڕ هەڕەشە هاوشێوەیە و لە پەیوەندی لەگەڵ یەرمەتیدانی یەکتر لە بواری ئاسایشی وڵاتەوە خۆیان وەک هاوکاری باشی یەکتر دەزانن." ئەو دەڵێ، سەرەڕای مێژووی ڕووسیە لە وەدواخستندا " ڕووسیەییەکان ئەوەی بەڵێنیان دابوو، پێشکەشیان کرد. ئەوان لە پەیوەندی لەگەڵ پشتگیری لە کاکڵەی ئاسایشی ئێران نەگۆڕن."
گەشەی دەیانساڵە
بەرنامەی درۆنی ئێران لە کاتی جەنگی ئێران-عێراق لە هەشتاکانی زایینیدا، وەک ئامرازێکی ستراتێژی ناهاوشێوە بۆ بەرپەرچدانەوەی کێبڕکێکارانی ناوچەیی دەستی پێ کرد کە لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە تەیار کرابوون و هەروەها بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ خودی وڵاتە یەکگرتووەکان، دەستی پێ کرد.
بەرنامەی ئێران هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرداگرتن و ئەندازیاریی پێچەوانەی درۆنی پێشکەوتووی ئەمریکایی کە لە عێراق و ئەفغانستان کەڵکیان لێ وەرگیرابوو، لە ناویاندا درۆنی دژە ڕاداری RQ-170 کە "سی ئای ئەی" کەڵکی لێ وەردەگرتن و بە ساغی لە خاکی ئێران لە ٢٠١١ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بەردرابۆوە، گەشەی کرد.
ئێران ئەزموونەکانی لەگەڵ میلیشیا شیعەکان، لە حیزبوڵڵای لوبنان تا حوسییەکانی یەمەن بەش دەکات هەتا جەنگی ئۆکراین. ترۆپکی نموونەی تواناییەکانی درۆنی ئێرانی لە سێپتەمبەری ٢٠١٩ ئاشکرا بوو، کاتێک بنکەی پاڵاوتنی نەوت لە خۆرهەڵاتی عەڕەبستانی سعودی بە ١٨ درۆنان لە عەبقیق هەنگێوتران.
ئێران بە فەرمی حاشا لە گواستنەوەی درۆن بۆ ڕووسیە لە کاتی جەنگدا دەکات و ئیدیعای بێلایەنی دەکات. بەڵام کەڵکوەرگرتنی ڕووسیە لە "هێزی درۆنی" ئێرانی لە ئۆکراین سەرچاوەی شانازی بووە بۆ ئێران. ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری گەورەی ئێران لە ئۆکتۆبری ڕابردوودا گوتی، "چەند ساڵ لەوەپێش دەیگوت وێنەکانی درۆنەکانی ئێرانی و هاژەکەکانی نموونەی فۆتۆشاپ کراون. ئێستا دەڵێن درۆنەکانی ئێرانی گەلێک مەترسیدارن س؛ بۆچی ئەوان بە وڵاتێکی تایبەت دەفرۆشن؟"
ڕۆژنامەی توندئاژۆی کەیهان لە فیبرواری بەو "ئالنگارییە" خۆی هەڵناوە کە هەناردەکردنی کەرەستەی سەربازی، بەتایبەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی دروست کردووە و ئیدیعای کرد "سەرجەم باڵادەستی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکانی لە دوای جەنگی جیهانیی دووهەمەوە هێناوەتە ژێر پرسیار."
بەڕاستی، بۆ بڕیاردەرانی ئێران، نزیکتر بوونەوە لە ڕووسیە ئاکامی سروشتیی ساڵانێکی زۆر مامەڵەی خراپ لەگەڵ خۆراوایە. هەنگاوی یەکلاکەرەوە کاتێک بوو کە دۆناڵد ترامپ لە ڕێککەوتنی ناوکی ٢٠١۵، کە بە بەرجام ناسراوە، کشایەوە و گەمارۆکانی سەپاندنەوە.
مامەڵەی ڕووسیە-ئێرانیش دژواریی خۆیان هەبووە: بۆ وێنە، لە ساڵەکانی ٢٠٠٠ی زایینی، ڕووسیە بۆ ماوەی چەند ساڵ تەواوکردنی رێئاکتۆری وزەی ناوکیی بوشەهر، کە بۆ ئێرانی دروست کردبوو، وەدوا خست. یاساغکردنی چەند ساڵە لەلایەن ڕووسیەوە دژی کڕینی سیستەمی هاژەکی بەرگریی ئاسمانیی S-300 نموونەیەکی دیکەیە.
مۆسکۆ هەروەها پشتیوانیی لە گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێرانی کرد کە بووە هۆی ڕێککەوتنی ناوکی ٢٠١۵. بەڵام لە هەمان ساڵ، کاتێک هێزە زەمینییەکانی ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەکانی بۆ مانەوەی دەسەڵاتی سەرکۆمار بەشار ئەلئەسەد شەڕیان دەکرد، ڕووسیە هێزی سەربازیی نارد تا هەوشانی ئێران، لە سەرکەوتنی ئەسەد دڵنیا بێ.
سنووردانانەکانی ئێران
لەگەڵ ئەوەشدا، وێدەچێ ئێران خۆی سنووردار کردبێ. بەگوێرەی ڕاپۆرت، ئێران ڕاهێنەری ناردنە بنکەکانی ڕووسیە لە دوورگەی کەریمە و ئەولاتر تا ڕاهێنان بە ئەفسەرانی ڕووسیە بکات چۆن کەڵک لە درۆنەکان وەرگرن. بەڵام هاژەکی بالیستیکی هەناردە نەکردوون، سەرەڕای کەمبوونەوەی ڕێژەی هاژەکەکانی ڕووسیە و ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان لەمەڕ وتووێژ لەو بوارەدا. هەروەها ئیدیعاکانی ئێران لەمەڕ بێلایەنی، ئەوە دەگەینن کە دەرگای بۆ هاندەرە ئەرێنییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و هەروەها خۆبواردن لە ڕەخنەی نێوخۆیی بۆ پشتگیریی لە داگیرکردنی وڵاتێک، لە کاتێکدا کە ئێران لە هەشتاکانی زایینیدا لەلایەن عێراقەوە داگیر کرابوو، ئاواڵا هێشتۆتەوە.
ڕۆژنامەی ڕێفۆرخوازی "ئیعتیماد" لە ئوکتوبردا هۆشداریی دا: "بەڕاستی هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ وڵاتێک کە خەریکی جەنگە "هەنگاوێکی گەلێک ڕیسکدارە، بە تایبەتی کاتێک کە وەرگرەکە بەفەرمی وەک لایەنی هێرشبەر ناسراوە." هەروەها نووسیبووی، "ئێمە بۆخۆمان لە کاتی جەنگ لەگەڵ عێراق تووشی هەمان نەهامەتی بووینەوە. ئێران دەبێ چاوەڕوانی کاردانەوەکانی بێ ... بەو گرینگییە ستراتێژیکییەی خۆراوا دەڕوانێتە ئۆکراین، مەسەلەکە گیروگرفتێکی جیددی دیکە بە لیستەی کێشەکانمانەوە زیاد دەکات."
وێدەچی ڕووسیەش گەیشتبێتە هەمان ئەو سنووردارییە. حەوتووی ڕابردوو بە پشتگیریی لە لێدوانێک لەگەڵ ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، دوای کۆبوونەوەی ئەو ئەنجومەنە لە مۆسکۆ، دەسەڵاتی ئێرانی بەسەر سێ دوورگەی کەنداوی فارسدا هێنابوو ژێر پرسیار، کە ئیماڕەتەکانی یەکگرتووی عەڕبی ئیدیعای خاوەندرییەکەیانی دەکات، و ئەوە بووە هۆی تووڕەیی لە ڕادەبەدەری ئێران.
پڕۆفیسۆر دیوسالار دەڵێ: "زۆر باسی 'مەزنترین' پشتگیریی ئێران لە ڕووسیە دەکرێ، بەڵام ئەوە دەیتوانی زۆرتر بێ. ئێران وریا بوو کە خاکی ئۆکراین بە هی ڕووسیە نەزانێ؛ ئەو وریا بوو چرای سەوز هەڵنەکات... و ڕووسیە لەوە تووڕە بوو." ناوبراو هەروەها دەڵێ، ئێران تاقمێک ناکۆکی لە سەر خاک لەگەڵ دراوسێکانی هەن کە دانپێدانانی کارێکی پڕ مەترسی دەبێ. "لە ڕوانگەی ڕووسیەوە، پشتیوانی تەواو نییە. لە ڕوانگەی ئێرانەوە، ئەوە ئەوپەڕی ئەو شتەیە ئەوان دەتوانن پێشکەشی بکەن."
ئاغای واعیز لە گرووپی کێشەی نێونەتەوەیی دەڵێ، بەڕاستی ئەگەر ئێڕان بە پشتیوانییەکەی لە ڕووسیە گەڕانەوە بۆ جۆرێک ڕێککەوتنی ناوکی ئاڵۆز کردووە، کە بۆتە هۆی سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئەو وڵاتەدا، کشانەوەی ترامپ لە ڕێكکەوتنەکەش تێچوویەکی خستۆتە سەر جەنگی ئۆکراین کە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان گەلێک گرینگە.
ئەو دەڵێ، "ئەمن پێموایە، بهاتبا بەرجام بووژاباوە و ئێران شتی زۆرتری بۆ لەکیسچوون هەبا، ئەوکات گەلێک زۆرتر لە پشتگیریی لە ڕووسیە لە جەنگە دەستدرێژیکارانەکەی دژی ئۆکراین، بەگومان دەبوو."
توێژەرێکی ئێرانی یارمەتیی بەو ڕاپۆرتە کردووە.