کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تابلۆی شەرەف و کەرامەت (شەهیدان قاسم و عومەر محەممەدپوور)

10:33 - 16 گەلاوێژ 2723

برایم چووکەڵی

 

کەم نین ئەو بنەماڵە سەربەرزانەی دوو، سێ و تەنانەت شەش شەهیدیان پێشکێش بە بارەگای ئازادی کردووە. یەکێک لەو بنەماڵە شۆڕشگێڕانە کە دوو ڕۆڵە، دوو قارەمان، دوو برای فەرماندەیان پێشکەش بە ئازادیی نیشتمان کردووە، بنەماڵەی محەممەدپوورن لە ناوچەی شنۆ کە لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"دا ڕێزیان لێ دەگرین: شەهیدان قاسم‌ و عومەر محەممەدپوور (خاتوونباغی) لە هێزی کێلەشین.

قاسم محەممەدپوور ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لەنێو بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشی گوندی حاجی‌ئالیکەندی مەهاباد لەدایک بوو. بنەماڵەکەی بەهۆی بوێری و مل دانەنەواندن بۆ ویست و ئیرادەی دەربەگەکانی گوندەکەیان لە حاجی‌ئالیکەند باریان کرد و دواجار لە شاری شنۆ گیرسانەوە. قاسم لەگەڵ ئەوەدا بەهۆی بارودۆخی ژیان نەیتوانیبوو بچێتە قوتابخانە، بەڵام دەیزانی هۆکاری چەوسانەوەی خۆی و هەژاریی خەڵکەکەی و دواکەوتوویی کۆمەڵگەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە. بۆیە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧ و لەگەڵ ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزب خۆی بە کۆمیتەی حیزب لە شنۆ ناساند و چەکی شەرەف ‌و کوردایەتی کردە شانی ‌و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی حیزبی دیموکراتی پۆشی و لە هێزی سمکۆی ئەوکاتدا سازمان درا.

قاسم لە ماوەیەکی زۆر کورتدا هەستی خۆشەویستیی هاوسەنگەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و ئەوپەڕی ئازایەتی ‌و قارەمانەتی و لەخۆبوردوویی لە خۆی پێشان دا. ئەو نەک هەر خۆشەویستی هاوسەنگەرانی، بەڵکوو جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەی شنۆ بە گەورە و چووکەوە بوو. قاسم وەک پیشمەرگەیەکی ئازا، چاونەترس و بەنەزم پلەکانی حیزبیی یەک بەدوای یەکدا بە سەرکەوتن بڕی ‌و بە فەرماندەری لکێکی هێزی شەهید سمکۆ دیاری کرا. لەژێر فەرماندەیی قاسمی بەوەجدا دەیان زەبری گورچوبڕ لە پەیکەری هیزەکانی ڕێژیمی ئیسلامی کەوت.

‌هیزەکانی کۆماری ئیسلامی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی هێرشێکی بەربڵاویان بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان دەست پێ کرد. قاسم ‌و پێشمەرگەکانی ژێر فەرماندەهی ئەو‌ بەرەنگاری خۆفرۆشان‌ و داگیرکەران بوونەوە. هێزی دوژمن ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ١٣٦٠ لە چەندین لاوە هێرشی کردبووە سەر بەرزاییەکانی داوەڵان و ڕێگای شنۆ بۆ پیرانشار. هێزی دوژمن چەند جار لەلایەن ڕۆڵە قارەمانەکانی دێموکراتەوە تێک شکا و زەبری کاریگەری وێ ‌کەوت و ژمارەیەکی زۆری لێ کوژرا و بریندار بوو. هەروەها چەند دەزگا ماشێنی بە ئاوری چەکی پێشمەرگەکان لەنێو چوون. بەڵام بەداخەوە لەم شەڕە نابەرانبەرەدا قاسم محەممەدپوور لەگەڵ ٤ هاوسەنگەری دیکەی (حەسەن پەرنیان، شیرزاد خوشناو، مووسا ڕووستایی و مەولود شێخی) گیانی پاکیان بەختی ئازادی کرد و چوونە کاروانی لەپساننەهاتووی شەهیدانی نەتەوەی کوردەوە.

دووهەمین ڕۆڵەی ئەو نیشتمانە هەر لەو بنەماڵەیە عەمەر محەممەدپوورە کە بەداخەوە داوای ٢٨ ڕۆژ لە شەهید بوونی قاسمی برای -کە عومەر وەک فەرماندەی لک شوێنی برا فەرماندەکەی پڕ کردبۆوە- لە شەرێکی حەماسیدا لە ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەری سالی ١٣٦٠ گیانی بەختی ڕزگاری کرد. لەو شەڕە کە لە گوندی دێ‌شەمش ‌و گوندەکانی دەورووبەر کرا، دوژمن لە هەموو لایەکەوە هێرشی بۆ سەر سەنگەری خەباتگێڕانی دێموکرات هێنا. پێشمەرگەکانی هیزی کێلەشین ‌و ئەفشین زەبرێکی باشیان لە دوژمن وەشاند و بە دەیان کەس لە هیزەکانی ڕێژیمیان کوشت، بەڵام بەداخەوە لە کاتی ڕۆژاوابوون لەنێو باغەکانی گوندی "کۆنە‌قەڵا"‌دا عومەر محەممەدپوور بە گوللەی جینایەتکاران پێکرا.

شەهید عومەر محەممەدپوور ساڵی ١٣٢٢ لەدایک بوو. ئەویش وەک کاکە قاسمی نەیتوانی بچێتە خوێندن و کاتێک بنەماڵەکەیان بە هۆی زۆڵمی ئاغاکان لە ئاوایی "حاجی‌ئاڵیکەند" باریان کرد، شانی دایە بەر کاری تاقەتپڕووکێن و ڕۆژانە. شەهید عومەر ساڵی ١٣٥٨ وێڕای قاسمی برای تێکەڵاوی کاروانی شۆڕشگێڕانی حیزبی دێموکرات بوو.

هەر لە سەرەتاوە دیار بوو عومەری ‌هێدی ‌و هێمن‌ و لەسەرەخۆ داهاتوویەکی ڕوونی لەپێشە. ئەو زۆر زوو بوو بە خۆشەویستی هاوڕێیانی ‌و لەدڵی ئەواندا جێگای گرت. شەهید عومەر لە مەیدانی کردەوە‌دا پێشمەرگەیەکی قارەمان ‌و نموونە بوو. هیچ کات ترس نەیتوانی بچێتە نێودڵی و لە زۆربەی شەرەکاندا لە سەنگەری پێشەوە بوو، و وەک هەڵۆ بە سەر دوژمندا زاڵ بوو. هەر بە هۆی ئەو تایبەتمەندییانەوە وەک فەرماندەری پەڵ و پاشان وەک فەرماندەری لک دیاری کرا و بەوپەڕی دڵسۆزی ‌‌و ئیمانەوە ئەرکی پێ‌ئەسپێردراوی جێبەجێ دەکرد. بە فەرماندەیی ئەم تێکۆشەرە لە دەیان عەمەلیاتدا زۆر زەبری قورسی گیانی و ماڵی لە دوژمن کەوت.

شەهید عومەر محەممەدپوور لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی شنۆ و شومالی کوردستان و نەغەدە‌دا، وەکو شەڕەکانی گەڵی ‌قاسملوو، کانی‌سپی، نێوشاری ورمێ، ڕێگای شنۆ بۆ نەغەدە، پیر ناسر، نەڵۆس و چەپەراوێ و زۆر حەماسەی دیکە‌شدا چالاکانە و قارەمانانە‌دا بەشداریی کرد. بەڵام هەروەک گوترا لە شەرە قورس و نابەرانبەرەکەی ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەری سالی ١٣٦٠ کە لە بەیانی‌ ڕا لە ئاوایی دێ‌شەمس ‌و گوندەکانی دەورووبەر دەستی پێ کردبوو، و دوژمن لە هەموو لایەکەوە هێرشی بۆ سەر سەنگەری خەباتگێرانی دیێوکرات هێنابوو، شەهید بوو و چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.