کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلاسخارت و چەورکردنی ڕووبەری گۆمی قووڵی سیاسەت

10:36 - 16 گەلاوێژ 2723

دارسمە

 

زۆر ڕاستە دەڵێن سیاسەت قووڵە. ئەم سیاسەتە سەیر و سەمەرەیە ئەوەندە قووڵە، کەسێک بکەوێتە نێوی بەزەحمەت ڕێگەی ڕاست و چەوت دەدۆزێتەوه. لەنێو ئەم هەموو ڕووداوانەی ڕۆژانە لە دەوروبەرمان ڕوو دەدەن، ئەگەر تەنیا بە قووڵی سەیری ڕووداوێکیان بکەین، دەکرێت زۆر لەبەر یەکی بکێشینەوە. هەر کام لەم ڕووداوانە لە ڕوانینی یەکەمدا سادە و ساکارن. قووڵبوون تەنیا کێشە و ئاستەنگی سیاسەت نییە و ئەم شتە سەیر و سەمەرەیە سەرەڕای قووڵبوونی، خز و لووسیشە. ئەوەندە لووس و خزە، بکەویە نێوی، چەندی خۆت ببزێوی زیاتر بە قووڵاییدا بەرەو خوار دەخزی. سەرەڕای ئەم هەموو قووڵی و لووسی و خزۆکیەی سیاسەت هەیەتی، کەسانێک لەوپەڕی گەمژەییدا سەمای لەسەر دەکەن و تێی ناکەون. ئەوان سیاسەتمەداری هەرامەن. هەرامە هەمان "هەللامە"، "وانێک"،" تشت" یان "هین"ـه و لەم سەردەمەدا زۆرجار بۆ ئاماژە بە ئاکار و خوو و خدەی دزێو و ناشرین بەکار دەبرێت. لەبەر ئەوەی لە ڕوومان هەڵنایەت ڕێک و ڕاست ناوی ئاکاری ئەم جۆرە سیاسەتمەدارانه بهێنین، یارمەتیمان لە جێناوی شاش و گوماناویی "هەرامە" وەرگرتووە.

وەک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ئامیر و کەرەستەی ڕاگەیاندنانه‌وە بڵاو کرایەوە، خاتوون "جنین هنیس پلاسخارت"، نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتی یان سکرتیری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی هاتە تاران و لەگەڵ "میرزا وسێن" ئەمیرعەبدوڵڵاهیان کۆ بۆوە.

بۆ دەرکەوتنی نێورۆکی کۆبوونەوەی ئەم دوو کەسە پێش ئەوەی باس لەو هەواڵانە بکەین لە ئامێری ڕاگەیاندنی وڵاتی خۆمان لێرە لە ئیرانەوە بڵاو دەبنەوە، واباشە زۆر بەکورتییش بێت ئاوڕێک لە ڕابردووی ئەم دوو دانووستانکارە بدەینەوە. سەرەتا لە وڵاتی خۆمانەوە باس لە وسێن ئەمیرعەبدووڵاهیان دەکەین. دیارە لە بەشێک لەم کوردستانەی خۆمان ناوی "حوسێن" دەکوردێندرێت و دەبێتە "وسێن". ناوەکە بەمجۆرە باشتر دەگەڵ ڕستە و فرێز و هەڤۆکی کوردیدا دەگونجێت. وەک "وسێنە پرتە"، "وسێنەگێل"، "وسێنە شێت"، "وسێنە شەل"،"وسێن پاسدار"، "وسێن دووژنە" و "وسێن بەگ" و... بەم جۆرە "وسێن" لە زمانی کوردیدا هەموو جۆرە ئاکارێکی باش و خراپ وەخۆ دەکات. وسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، دوای ئەوەی حەمەجەواد زەریفی وزیری پێشووی دەرەوەی ئێران لە جێگری وەزیرەوە کردی بە باڵیۆزی ئێران لە عەمان و ئەویش قبووڵی نەکرد لەو پایەوە بیخەنە ئەم سایە، لە کابینەی بلەی ڕەئیسیدا دوو شەشی بۆ دەرکەوت و کردیان بە وەزیری دەرەوە و ئێستا کەڵەشێرە بڵقاسمەکەی ئێمەیە.

ئەمجارە با بچینە سەر جنین هنیس پلاسخارت. پلاسخارت شۆڕەژنێکی چاوگەشی دەم بە بزەی دەنێوەچووی ڕووگەشە و زۆر لە وسێنی خۆمان نەرم و نۆڵتر دیارە. خەڵکی وڵاتی هولەندە و بە نوێنەرایەتیی لیبراڵ و دێموکراتان ئەندامی پەرلەمانی ئورووپا و ماوەیەکیش وەزیری بەرگریی وڵاتی خۆی بووە و ئێستاش نزیکەی چوار ساڵە لە عێراق نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە. بەو جۆرەی بەردەوام پێشانی داوە، لە عێراق داشی سوارە. بە شان و شەوکەت و هەڵسوکەوتی نیوەپیاوانەیەوە  دیارە پێشترێ لە سەردەمی وەزارەتی بەرگریدا سەربازانە ژیاوە.

پلاسخارت پێچەوانەی وسێنی خۆمان ماندووە و دایمە لە هاتووچۆ و ڕاوێچکەدایە. قاچێکی لە هەولێر و پێیەکی لە بەغدایە. هەر دوێنێ یان پێرێ و ڕەنگە ڕۆژی پێش پێرێ بێت، لە هەولێر لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە کوردانی ئیزدیدا وتارێکی دوورودرێژی پێشکەش کرد. هێندێک جاریش گوێی سەرۆکی لایەنە ناکۆکە کوردەکان دەگرێت و شان بە شانی یەکتر ڕیزیان دەکات و واش هەڵدەکەوێت بە لەچکە شینەکەیەوە لە بەردەم ئایەتوڵڵا سیستانییش چۆک دابدات.

پلاسخارتمان وک ژنێکی باش ناساند و هیچ پێیەوە دیار نییە وەک وسێنی خۆمان لەو باشانە بێت. پلاسخارت لەم سەردانەی دواییدا بۆ ئێران هیچ دیار نەبوو بە چ مەبەستێک لەگەڵ وسێنی خۆماندا کۆ بووەتەوە. لە هەواڵانیشدا تەنیا ئەوەندە بڵاو کرایەوە، نوێنەری تایبەتی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخی عێراق پێشکەش کرد و وسێنیش جەختی لە ئاسایشی سنووریی نێوان ئێران و عێراق کردەوە.

ئەوەی ئامێری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسانی بێ‌زانیاری دەستیان کەوت، تەنیا قژی بەدەرەوەی نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. ئەو پلاسخارتەی لە عێراق بە سەروقژی کورتکراوەی جوانیه‌وە بەدەم سیاستەمەدارانەوە پێدەکەنێت و هێندێک جار لەچکێکی شینی بۆ ڕۆژی مەبادا بەشانییەوەیە نەوەک بەناچاری بەرەوڕووی مەرجەعێکی ئەهلی تەشەییووع ببێتەوە، لە تاران نیوەی قژی بەدەرەوە بوو. هەی خوا بەقوربانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بکات، دەنا ساڵی ڕابردوو لەم سەروبەندەدا ژینا ئەمینی نیوەی نیوەی نیوەی ئەوەندەی ئەو قژی بەدەرەوە نەبوو، دایانە بەر مست و پێلەقان و ڕوحیان لێ سەند.

پلاسخارتیش لەم هاوینە گەرمەی مانگی گەلاوێژ نیوەی قژی بە لەچکە شینەکەی ڕەنگی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داپۆشیبوو، بەڵام بە نیوە ڕووتەکەی سەری خزمەتێکی گەورە‌ی بە ڕۆژنامە‌نووس و ڕاگەیەنکاران کرد و لەجیات بڵاوکردنەوەی هەواڵی نێوەرۆکی سەردانەکەی ئاڵبوومی وێنەی قژیان بڵاو کردەوە.

پلاسخارت بەم کارەی بیانووی دایە دەست ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەژێر مەترسیی گرتن و کوشتن‌دان و لە بڵاوکردنەوەی ئەو شیمانانە ڕزگاری کردن نەکا ئەم سەردانە پێوەندیی به هەڕشەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردانی شۆڕشگێڕی ئێران لە عێراقەوە هەبێت و هینەکە ئەوەندەی دیکە هین بێت.

لەم گەمەیەدا هەموو لایەک بۆیان کرا خۆیان لە قووڵایی سیاسەت بپارێزن، ڕووبەرەکەی  چەور و لووس بکەن و بیکەن بە مەیدانی خلیسکانێ و خۆشخوشانێ.