"دۆناڵد ترامپ"، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئێنبیسی نیوز" ڕایگەیاند کە لەسەر بەشداربوونی لوبنان لە ڕێککەوتنی کورتخایەنی نێوان واشنگتۆن و تاران پێداگری ناکات؛ بەڵام جەختی کردەوە کە وەک بەشێک لە هەر ڕێککەوتنێک، لە سەرەتاوە داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران ئازاد ناکات و هیچ سزایەکیش پێشوەختە لانابات.
ترامپ لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەم هەنگاوانە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێن، وتی: "بەڵێ، دوای ئەوە. ئەگەر ڕەفتارێکی گونجاویان هەبێت و پێبەندی بەڵێنەکانیان بن، ئەو کاتە گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەکەین."
سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر لەگەڵ تاران بگاتە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سێ مانگەی نێوان هەردوو وڵات، واشنگتۆن لەگەڵ ئێران هاوکاری دەکات بۆ کۆکردنەوە و لەنێوبردنی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئاست بەرزی ئەو وڵاتە.
ناوبراو هۆشداریی دا کە ئەگەر ڕێککەوتن نەیەتە ئاراوە، واشنگتۆن توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە پێشوو لاواز دەکات تا هێزەکانی ئەمریکا بتوانن بە ئەمنییەتی تەواوەوە ئەو ماددانە کۆ بکەنەوە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە پێداگریی لەسەر زیادکردنی بەندێکی نوێ کردووە تا ڕێگری لە ئێران بکات لە کڕین یان دەستخستنی چەکی ئەتۆمی لە دەرەوە، نەک تەنیا بەرهەمهێنانی؛ بە وتەی ترامپ، تاران لە سەرەتادا دژایەتیی ئەم مەرجەی کردووە بەڵام دواتر ناچار بووە پاشەکشە بکات.