ئەحمەد موقەدەسی، بەرپرسی ئەنجومەنی مانگاداران لە ئێران ڕایگەیاندووە کە نابێت بەرپرسان گرانیی ئێستای گۆشت، مریشک، شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکان بخەنە ئەستۆی شەڕ؛ چونکە بازدانی سەرەکیی نرخەکان پێش دەستپێکردنی شەڕ و هاوکات لەگەڵ لادانی "ئەرزی تەرجیحی" (دراوی پاڵپشتیکراوی دەوڵەت) ڕووی داوە.
ناوبراو بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی لادانی ئەرزی تەرجیحی وتی، ئەو ڕۆژەی کە ئەم دراوە بڕدرا، نرخی زۆرێک لە کاڵا سەرەکییەکان و کەرەستەکانی بەرهەمهێنان چەند هێندە بوو؛ لە کاتێکدا لەو سەردەمەدا هێشتا هیچ شەڕێک لە ئارادا نەبوو.
بە وتەی موقەدەسی، بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی ئالیکی ئاژەڵ، تێچووی بەرهەمهێنانی بە شێوەیەکی بەرچاو بردەوە سەرێ و دەرئەنجامەکەی ڕاستەوخۆ لە نرخی شیر، بەرهەمە شیرییەکان، گۆشت و مریشکدا ڕەنگی دایەوە.
موقەدەسی جەختی کردەوە کە ئێران ساڵانێکە لەژێر گەمارۆدایە و بەرپرسان ناتوانن گرانیی کاڵا بنەڕەتییەکان بدەنە پاڵ شەڕ یان گەمارۆکان.
ئەو هۆکاری سەرەکیی دۆخی ئێستای بە "سیاسەتی چەوتی لادانی ئەرزی تەرجیحی" دانا و بەرپرسانی ڕێژیمی بە هۆکاری سەرەکیی کێشەکانی ئێران ناو برد.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ڕاپۆرتە فەرمییەکان باس لە گەشەی نرخی خۆراک، دابەزینی هێزی کڕینی بنەماڵەکان و زیادبوونی گوشار لەسەر ئەمنییەتی خۆراک دەکەن.