بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە کە تێلاڤیڤ وڵامێکی توند بە هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەداتەوە.
کاناڵی ١٢ی تلویزیۆنی ئیسرائیل لەمبارەیەوە بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی وڵات جەختیان کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن هاوکێشەیەکی نوێ بێتە ئاراوە کە تێیدا تاران بتوانێت لە وڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لە بەیرووت، خاکی ئیسرائیل بکاتە ئامانج.
هەرچەندە تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی و ئاشکرا لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە سەبارەت بەم هێرشە مووشەکییە بەردەوامانە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنییەتی وڵاتەکەی، بەم زووانە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنییەتی پێک دەهێنن.
هاوکات، کەناڵی ١٣ی تلویزیۆنی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە کە لە گفتوگۆ سەرەتاییەکاندا لەگەڵ نێتانیاهوو، هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی ئەمنییەتی بەو شێوەیەیە کە تاران بەدوای هەڵگیرساندنی شەڕێکی گشتگیر و بەربڵاوەوە نییە، بەڵکوو تەنیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم هێرشە سنووردارەوە، وەک پەیامێک پشتگیریی خۆی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان پیشان بدات.