کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل؛ تێلئاڤیڤ هەڕەشەی وڵامێکی سەخت دەکات

22:27 - 17 جۆزەردان 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئێران هێرشێکی مووشەکی بالستیکی کردووەتە سەر باکووری ئەو وڵاتە و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیش خەریکی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەن.

هاوکات، هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل جەختیان کردەوە کە تا ئێستا توانیویانە سەرجەم ئەو مووشەکانە تێکبشکێنن کە لە ئێرانەوە هاویشتراون.

ئەم پەرەسەندنە توندە دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ناوچەی "زاحیە" لە باشووری بەیرووت.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئیسرائیلیی "وای نێت"، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە هاویشتنی مووشەکەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاندووە کە نابێت ڕێژیمی ئێران وا بیر بکاتەوە ئیسرائیل لەم بابەتە چاوپۆشی دەکات.

ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە کە ناوەکەی بڵاو نەکراوەتەوە، جەختی کردووەتەوە کە وڵامی ئیسرائیل زۆر سەخت و بڕیاردەر دەبێت؛ ناوبراو هەروەها زیادی کردووە کە ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی "هاوکێشەی نوێ" بسەپێنێت یان سەروەریی خاکی وڵاتەکەی پێشێل بکات.

لەلایەکی دیکەوە، بارەگای ناوەندیی "خاتم‌الانبیا"ی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی دایە تێلاڤیڤ کە ئەگەر هێرشەکانی بۆ سەر بەیرووت بەرفراوانتر بکات یان وڵامی ئەم هەنگاوەی ئێران بداتەوە، لەگەڵ کوشندەترین لێدان بەرەوڕوو دەبێتەوە.