کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل پێگەکانی حیزبوڵڵای لە ناوچەی زاحیەی بەیرووت بۆردومان کرد

22:01 - 17 جۆزەردان 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشێکی نوێی سەربازیی بۆ سەر ناوچەی "زاحیە" لە باشووری بەیرووت ئەنجام دا. نووسینگەی "بێنیامین نێتانیاهوو"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئامانجی ئەم هێرشە پێکانی ناوەندەکانی فەرماندەیی حیزبوڵڵا بووە.

بەپێی ئەم بەیاننامەیە، هێرشەکە لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی نێتانیاهوو و یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری و وەک "وڵامێک بۆ هێرشەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر خاکی ئیسرائیل" ئەنجام دراوە، کە تێیدا ناوەندێکی فەرماندەیی سەربازی لە زاحیە کراوەتە ئامانجی سەرەکی.

هاوکات میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتڕاستیان کردووەتەوە کە باڵەخانەیەک لە گەڕەکەکانی زاحیە، کە بە پێگەی سەرەکی و بنکەی هێزی حیزبوڵڵا لە بەیرووت دادەنرێت، بۆردومان کراوە.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە حەفتەی ڕابردوو، دوای هۆشداریی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر زاحیە، بارەگای ناوەندیی "خاتم‌الانبیا"ی سپای پاسداران هۆشداریی دابووە دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن؛ بەڵام دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە داوای لە نێتانیاهوو کردووە هێرشەکە ڕابگرێت و ئەویش قەبووڵی کردووە و دواتر دەوڵەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر حیزبوڵڵا بەردەوام بێت لە هێرشەکانی، زاحیە دەکەنەوە بە ئامانج.

تا ئێستا تاران هیچ کاردانەوەیەکی فەرمیی نیشان نەداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئاگربەستی لوبنان وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی خۆی لەگەڵ ئەمریکادا سەیر دەکات.