کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەلەقاژەی سایبێرییەکانی ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی شۆڕشی "ژینا"دا

10:41 - 16 گەلاوێژ 2723

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵوەگەڕی دەسپێکی شۆڕشی ژینا، هەوڵ و پەلەقاژەی سایبێرییەکانی ڕێژیم بۆ دەسبەسەرداگرتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت لاپەڕەی تیکۆشەرانی سیاسی چڕتر دەبێتەوە.

بەپێی ئاگاداری و ڕاگەیەندراوی بەشی "کورد سایبێری"، ڕێژیمی ئێران لە بەرەبەری یەکەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و دەسپێکی شۆڕشی سەرتاسەریی "ژینا" لە ئێران و کوردستاندا، ترسێکی یەکجار زۆری لێ‌ نیشتووە و لە ڕێگای بەسیجە سایبێرییەکانییەوە هەوڵی دەسبەسەرداگرتنی زانیاری و کۆنترۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەدا.

لەم پێوەندییەدا ناوەندی "کورد سایبێری" هەموو لایەک و بە تایبەت  خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە کە وشیاری پیلانە جۆراجۆرەکانی ڕێژیم، بە تایبەت لە بواری سایبێرییەوە بن و هیچ لینکێکی نەناسراو مەکەنەوە. زۆربەی پلاتفۆرم و ئەپەکان بە تایبەت لە ئێران، داخراون، بۆیە فریوی لینک و ئەپی هاوشێوەی ساختە مەخۆن. باوەڕ بە هیچ جۆرە نامەیەک مەکەن، دژە فیلتێری خۆڕایی بەکار مەهێنن، ئەو شوێنانەی بانگەشە بۆ لینکی "دژە فیلتێر" دەکەن زۆر بە وردی ئاگاداریان بن. سیستم و ئەپەکانتان هەم ئاپدەیت بکەنەوە و هەم لە بواری ئەمنییەتییەوە بە وردی ڕێکخستنیان بۆ ئەنجام بدەن، کەسانی نەناسراو "فاڵۆ" مەکەن و "فالۆ"یان وەرمەگرن. تەنانەت وڵامی هیچ پەیامێکیان مەدەنەوە.

هەروەها هەر هەواڵ و بابەتێک کە لەسەر تۆڕە کۆمڵایەتییەکان بڵاو دەبنەوە، تا سەرچاوەی سەرەکییان نەزانن، باوەڕیان پێ مەکەن و بڵاویام مەکەنەوە یان لایکیان مەکەن.