ئەندامان و لایەنگرانی نیشتمانپەروەر و بە ئەمەگی دێموکرات لە ئاودانانی ئیلامەوە تا مەهاباد، بۆکان و سەردەشت، بە چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغی یادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیان پیرۆز کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی ١٤ و ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی و لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵوەگەڕی ٧٨ـەمین ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، ئەندامان، لایەنگران و دڵسۆزانی وەفاداری ڕێبازی دێموکرات لە سەراوباخی ئاودانانی ئیلام بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، نووسینی دروشم و هەڵواسینی وێنە و تراکتی تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ، پەیمانیان لەگەڵ حیزبە خۆشەویستەکەیان و خەڵک و خاکی کوردستان نوێ کردەوە.
هاوکات تێکۆشەرانی قارەمانی دێموکرات لە ئاواییەکانی تاڵاو، مەرجانئاوا، جەعفەرئاوا، حاجیحەسەن، هۆبەی حاجی حەسەن، دێمەنسوور، خێراوا، تازەکەند، گەوجاوا، گەزەڵێن، دێویس ئاغا، سەیداوا و قەرەقشڵاخ، سەر بە شاری مەهاباد، بە شێوەیەکی بەربڵاو و گونجاو چالاکییەکی بێوێنەیان بەڕێوە برد و سەلماندیان کە فشار و زەختی دوژمن کار لەسەر ئیرادەی شۆڕشگێڕیی خەڵکی کورد ناکات.
هەر لەو پێوەندییەدا ئێوارەی ١٥ی گەلاوێژ، ئەندامان و لایەنگرانی بەهەڵوێست و قارەمانی حیزب لە شاری سەردەشت، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٨ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە گردەسوری سەردەشت کاری تەبلیغییان بەڕێوە برد و تراکت و نووسراوەی تایبەت بەم یادەیان بڵاو کردووەتەوە و گردەسووریان بە جامانە و ئاڵای کوردستان ڕازاندەوە.
هەروەها ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنیی حیزب لە بۆکانی شاری هەڵمەت و ئازایەتی، بە بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکت و نووسینی تایبەت یادی ٢٥ی گەلاوێژیان کردەوە و پەیمانیان لەگەڵ دێموکرات و ڕێبازی شەهیدانی حیزب و گەل نوێ کردەوە.
ئەو شوێنانەی کە لە شاری بۆکان چالاکیی تەبلیغییان تێدا کراوە بریتین لە: موجتەمەعی ئیدارات و پشت ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم، ئیدارەی موحیتی زیست و قاڵیبافی، ڕێگای کێوەڕەش و شوێنی گەشتیاریی ناڵەشکێنە و سەر دوندی ناڵەشکێنە.