کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریی هێزەکانی ڕێژیم لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی لەدایکبوونی شەهید محەممەد حەسەنزادە

11:52 - 10 گەلاوێژ 2723

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی لەدایکبوونی شەهید محەممەد حەسەنزادە لەسەر گڵکۆی ناوبراو، دەرگای گۆڕستانی شاری بۆکانیان داخست.

ڕۆژی دووشەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە داخستنی دەرگای چوونەژوورەوەی گۆڕستانی بۆکان، ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی لەدایکبوونی مەحەممەد حەسەنزادە، لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا گرت و ڕێگەیان نەدا کەس سەردانی ئەو گۆڕستانە بکات.

بەپێی گرتە ڤیدیویەک کە بڵاو بووەتەوە، خەڵکێکی زۆر بە چەپکی گوڵەوە ویستوویانە لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداری بکەن کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕێگەیان پێ نادرێت بڕۆنە نێو گۆڕستانەکەوە.

محەممەد حەسەنزادە تەمەن ٢٨ ساڵ، ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا لە شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید کرا.

جێگەی ئاماژەیە کە گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بووەتە مەکۆیەک بۆ پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان و درێژەدانی شۆڕش بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆیە هەتا ئێستا ڕێژیم جگە لە ڕێگریکردن لە سەردانی خەڵک بۆ سەر گڵکۆی شەهیدان، لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانی خۆیەوە چەندین جار لە هەوڵی قێزەوندا، گڵکۆی شەهیدانی تێک داوە.