کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووتانی دەیان هێکتار لە دارستانەکانی "داڵاهوو"ی کرماشان لە ئاگردا

09:38 - 17 گەلاوێژ 2723

لە درێژەی ئاگربەردان لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵتی کوردستان، دەیان هێکتار لە دارستانەکانی داڵاهوو سەر بە شارستانی "کرند" لە پارێزگای کرماشان، لەلایەن دوژمنانی ژینگەوە لە ئاگردا سووتێنران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکانی پارێزگای کرماشان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەیان هێکتار لە لەوەڕگە و دارستانەکانی داڵاهوو سەر بە شارستانی کرند لە پارێزگای کرماشان، بەئەنقەست سووتێنراون و تەنیا لە ناوچەی "قەراویز" زیاتر لە ٤٠ هێکتار دارستان لە ئاگردا سووتاوە؛ هەروەها ئەو شوێن و ناوچانەی کە سووتێنراون، بریتین لە: "برەوەند، هۊکانی، سوفیوەند، ناودار، قەراویز، بزمیرئاوا، پشتی تەنگی زەهاو، جامۊلک و بیوەنیژ".

ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە وەک ناوچەکانی تری کوردستان، بە کەمترین ئیمکانات و بە دەستی بەتاڵ ئاگرەکانیان کۆنترۆڵ کردووە. لەمبارەوە ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم بچووکترین یارمەتییان بەو خەڵکە بەگەیاندووە.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ، ڕووبەرێکی زۆر لە لەوەڕگەکانی ناوچەی وزمەڵەی بانە و ئاژوانی کامێران و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٢ هەزار هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی مەریوان لە ئاگردا سووتێنران.