هاوکات کە ١٧ی گەلاوێژ ڕۆژی هەواڵنێرە لە ئێران، ئەنجومەنی سێنفیی ڕۆژنامەنووسانی تاران ڕایگەیاند کە زیاتر لە ١٠٠ هەواڵنێر و ڕۆژنامەنووس لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێران دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی سێشەممە ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی "هەواڵنێر" لە ئێراندا و بەو بۆنەیەوە ئەکبەر مۆنتەجێبی، بەرپرسی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای تاران بە ئاماژەدان بە دەسبەسەرکردنی زیاتر لە ١٠٠ هەواڵنێر و ڕۆژنامەنووس لە کاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێراندا، لەسەر ئەوە جەختی کردەوە کە دەورانی ڕەشی ڕۆژنامەوانی لە ئێراندا هەروا بەردەوامە.
مۆنتەجێبی ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ هەواڵنێر دەسبەسەر کراون و حکوومەت ناتوانێت بە گرتن و دەسبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێران ڕێڕەوی گەیاندنی زانیاری دابخات، لەبەر ئەوەی ئەو کارە وەکوو ئاو ڕێڕەوی خۆی کردووەتەوە و ڕاناگیرێت.
هەر لەو بارەیەوە، ڕۆژنامەی "هەممیهەن" لیستێکی لە ناوی دەیان هەواڵنێری دەسبەسەرکراو بڵاو کردەوە و بە ئاماژەدان بە شەپۆلی بەربڵاوی دەسبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان، نووسیویەتی: لانیکەم ٧٦ هەواڵنێر، ڕۆژنامەنووس و وێنەگر لە سەرەتای خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی گەلانی ئێراندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەر کراون.