کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

12:42 - 17 گەلاوێژ 2723

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، مام قادر جوولفا، ناسراو بە مام قادری بێشاسپی، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات لە شارۆچکەی نەڵاس سەر بە شاری سەردەشت، بەهۆی نەخۆشی و بە ساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مام قادر هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە لەگەڵ جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و حیزبی دێموکرات ئاشنا بوو. لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوی، یەکێک لە هەڵسووڕاوانی ئەم بزووتنەوە بوو و دۆستی نزیکی شەهیدان محەممەدی ڕەسوەمەرە و موراد وەیسە و قادری مام عەوڵڵا بوو.

مام قادر پاش سەرکوتی جووڵانەوەی ٤٦ و ٤٧، ماوەیەک پەڕیوەی گەرمێن دەبێت و لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات خەبات دەکات. پاشان دەسبەسەر و لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکی تر ڕادەستی ئێران دەکرێنەوە.

مام قادر دوای ئاشکرابوونی خەباتی حیزب لە ساڵی ٥٧، خۆی لە کۆڕی هاوسەنگەرانیدا دەبینێتەوە و لە مانگەکانی هێرش و دیفاع لە ئازادیدا وەک پێشمەرگە و دواتریش وەک پێشمەرگەی هێزی بەرگری لە خزمەت وەدیهاتنی ئامانجەکانی حیزبدا بووە.

‎دوای گرتنی ناوچەی سەردەشت لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، باری نالەباری ژیان، مام قادر ناچار دەکات بگەڕێتەوە بۆ گوندی بێشاسپ و ساڵانێک هەر لەوێ ژیان بەسەر دەبات و پاشان هەتا کاتی ماڵاوایی لە ژیان دانیشتووی شاری نەڵاس بووە.

‎حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی مام قادر، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.