کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە چەندین شاری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

18:58 - 17 گەلاوێژ 2723

لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕینی چین و توێژە جیاوازەکان لە ئێران و کوردستان، چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی گەلاوێژ، خانەنشینکراوانی سندووقی خانەنشینی لە کرماشان، خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە ئیلام و کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوان و مامۆستایانی سنە، لەهەمبەر پێشێلکردنی مافەکانیان، هاوشێوەی حەوتووەکانی ڕابردوو، کۆبونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوان و مامۆستایانی سنە، بە هەڵگرتنی بەنێر و پلاکارد و وتنەوەی دروشم، سەبارەت بە پێڕانەگەیشتن بە داخوازییەکانیان، هاوساننەکردنی مووچەکانیان، هەڵاوسان، گرانی و کێشە لە بیمەی دەرمانییەکانیان، هاوشێوەی سێشەممەکانی ڕابردوو، لە بەرانبەر سندووقی خانەنشینکراوان لە سنە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

لەلایەکی ترەوە کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی   دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ئیلام، سەبارەت بە دۆخی سەختی بژێویی ژیانیان و هاوساننەکردنی مووچەکانیان لەگەڵ فەرمانبەران، لە بەردەم پارێزگاریی ڕێژیم لەو شارە کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەروەها کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی کرماشانیش سەبارەت بە پێڕانەگەیشتن بە داخوازییەکانیان لەلایەن ڕێژیمەوە و گرانی و هەڵاوسان، ناڕەزایەتییان دەربڕی و دژی ڕێژیم دروشمیان وتەوە.

بەپێی ڤیدیۆیەک کە بڵاو کراوەتەوە، یەکێک لە خانەنشینکراوان لە ناڕەزایەتییەکانی کرماشاندا هاواری دەکرد: "ئێمە برسیمانە؛ مافەکانی ئێمە پێشێل کراوە؛ نەمان بۆ ئەو بەرپرسانەی کە خیانەت لە ئێمە دەکەن؛ ئەگەر ئێمە پێکەوە بین، بە مافەکانمان دەگەین."

هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چەندین شاری تری ئێران، لەوانە "مەلارد، هەمەدان، ئەلبۆرز، شیراز، ئەهواز، تاران، کەرەج و ئەردەبیل"، چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.