کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەبات ژیانە

22:57 - 17 گەلاوێژ 2723

ڕەزا دانشجوو

"پاپیۆن" یەکێکە لەو فیلمانەی بۆ ماوەیەکی زۆر سەرقاڵت دەکات. هەر دیمەنێک لەم فیلمە دەتوانرێت بە چیرۆکی کەسێکەوە ببەسترێتەوە. چیرۆکێکی ناوازە لە وازنەهێنان و ملنەدان بۆ نادادپەروەری. ئەوکاتەی گوێیەک نییە بۆ بیستنی ڕاستییەکان و مرۆڤ ناچار دەبێت ڕێگایەکی تر بۆ ئەستاندنی مافە پێشێلکراوەکانی هەڵبژێرێت. ئەمە سەرەتای خەباتێکە، لایەنێکی تەسلیمبوون و ملکەچبوونە بۆ ویست و داوای ستەمکار و لایەنەکەی تری گەڕان بو دۆزینەوەی ڕێگای ڕزگارییە. ئەم ڕزگارییە کە زۆربەی کاتەکان بەئاسانی وەدەست نایەت و پێویستی بە نەسرەوتن و تێپەڕاندنی سەختی و نەهامەتیەکانە. ئیرادەی لاواز کۆتایی ئەم ململانێیەیە، ئەوکاتەی کە هەست بە سەر ئیرادەدا زاڵ دەبێت و مرۆڤ خۆی تەسلیمی چارەنووس ئەکات، ئێتر گەیشتن بە ئازادی دەبێتە خەون و خەیاڵێکی بێ‌سەرەنجام.

ئەوەی "پاپیۆن" دەکاتە فیلمێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش ئیرادەی ماندوویی‌نەناسی پاڵەوانی فیلمەکە لەم شەڕەدایە. هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگر بێت لە گەیشتن بە ئازادی، نە زیندانی تاکەکەسی لە هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون دەیترسێنێت، و نە بوونی ڕاوچییەکانی مرۆڤ دەتوانێت لەم ڕێگەیە دوودڵی بکات. دوودڵی خاڵی دەستپێکی گومانکردن لە بڕیارێکی دروستە. "پاپیۆن" هاوڕێیەتی لەگەڵ جەماعەتی گول قەبوڵ دەکات لە کاتێکدا باش دەزانێت ئەم هاوڕێیەتییە دەتوانێت سەرەتای تووشبوونی نەخۆشییەکی مەترسیدار بێت، بەڵام باوەڕی بەو ڕێگایە هەیە کە هەڵیبژاردووە، و دەزانێت کە ئەم ڕێگایە ڕێگای ڕزگارییە. دوورخستنەوە و فڕێدانی بۆ "دوڕگەی شەیتان" لوتکەی ئەم ململانێیەیە. لەم شوێنەدا جارێکی تر هاوڕێ کۆنەکەی دەبینێتەوە، تێ‌دەکۆشێت جارێکی تر قەناعەتی پێ بهێنێت کە لەم شوێنە دوورکەوتەوەش هیوایەک بۆ داهاتوو هەیە و لێرەشدا مرۆڤ دەتوانێت بیر لە ڕزگاری بکاتەوە. ئەم دوورگەیە سنوورێکە لە نێوان "پاپیۆن" و هاوڕێکەیدا. ئەو هاوڕێیەی کە ئیتر لە شەڕ و ململانێ بێزارە. لە چاوی هاوڕێکەیدا، خەبات و تێکۆشان چیتر وەڵامدار نییە، مرۆڤ ناچارە ملکەچی قەدەر و تەسلیمی چارەنووس بێت! هاوڕێیەکەی بەجێی خەبات بۆ ڕزگاری دەیهەوێت لەم دوورگەیەدا بمێنێتەوە و چاوەڕێی مردن بکات. بەڵام "پاپیۆن" بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی "موریس". پاپیۆن دەیهەوێت دونیای دەرەوەی دوورگە نیشان هاوڕێیەکەی بدات، لە کۆتاییدا "موریس" ڕازی دەبێت تا ببێتە موسافیری ڕێگەی ڕزگاری. مۆسیقای ناوازە و دڵڕفێن و ئاسمانی "جێری گۆلد سمیت" بەشێکە لە چیرۆکی هیوابەخشی خەبات بۆ ڕزگاری، بێ وەستان، بێ دوودڵیی.

سێکانسی کۆتایی پاپیۆن شاکارێکی تەواو و مانیفێستی کۆڵنەدان بۆ گەیشتن بە ئازادییە. چرکەساتێک پێش ڕۆیشتن "موریس" دیسان پەشیمان بووەتەوە، دەترسێت و داوا لە "پاپیۆن" دەکات کە ئەویش نەڕوات. تێکۆشان بۆ ڕازیکردنی موریس ئیتر بێ‌ئەنجامە، پاپیۆن دەبێت بریار بدات، ماڵئاوایی لە موریس دەکات و بەبێ ‌ترس و دڵەڕاوکێ خۆی داوێتە نێو شەپۆلەکانی سەرسوڕهێنەری ئوقیانووس و سواری چەند تەختەدارێک ڕێگای ڕزگاری دەبرێت، سەخت و چەتوون بەڵام دەکرێت و دەبێ ببێت.

"پاپیۆن" لەنێوان چاوەڕوانیی بۆ مردن و هەوڵدان بۆ مانەوە، ڕێگەی دووەم هەڵدەبژێرێت. شکستەکان هەرگیز نەیانتوانیوە ئیرادەی بەچۆک دابێنن، و ئێستا بەئیرادەتر لە هەموو کاتێکە. بەدەستهێنانی ئازادی سەخت و چەتوونە، ڕزگاری بایەخی زۆری هەیە و تێچووی خۆی دەوێت. "پاپیۆن" لە کاتێکدا خەریکە لە "دوورگەی شەیتان"، ئەم شوێنەی هەم لەلای زیندانبانەکان و هەم لای زیندانییەکان هەڵاتن لێی مەحاڵ بوو،  بەرەو ڕزگاری دوور دەکەوێتەوە، هاوار دەکات: "جەماعەتی زۆڵ، چاولێکەن، من زیندووم". پاپیۆن زیندوو مایەوە، چونکە لە ململانێی ژیاندا بەجێی تەسلیمبوون و ملکەچی، خەبات و سەرهەڵدانی هەڵبژارد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ساڵانی دوورودرێژی خەبات و تێکۆشان لەدژی دوو دەسەڵاتی فاشیست، لە چەندین بەربەست و قۆناغی سەخت تێپەڕیوە، دەیان ناخۆشی و نەهامەتیی بە چاوی خۆی بینیوە، لە ئێعدام و تیرۆرکردنی ڕێبەران و سەدان کادر و ئەندامەوە تا کۆچ و ئاوارەیی زۆرەملێ، لە هێرشی سەربازییەوە تا مووشەکباران، لە هەوڵدان بۆ تێکدانی پێوەندییەکانی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کورد تا هتد. بەڵام ئەوەی دەبێ بگوترێ، سەرەڕای هەموو ئەم ڕووداوانەی لەلایەن داگیرکەرانەوە بەسەر حزبی دێموکراتدا سەپێنراون و هەندێ ڕووداوی ناخۆشی نێوخۆیی وەک دابڕان و دابەشبوون، حیزبی دێموکرات توانیویەتی وەک کۆنترین حیزبی سیاسیی چالاک نەک تەنیا لە جوغرافیای کوردستان بەڵکوو لە ئێراندا بە شێوەیەکی دینامیکیتر لە پێشوو درێژە بە چالاکییەکانی خۆی بدات.

لە بەرانبەردا پێویستە بگوترێ زۆرێک لەم حیزبانەی سەردەمێک توانای کۆکردنەوەی بەمیلیون کەس خەڵکیان هەبوو و ژمارەی ئەندامەکانیان دەگەیشتە سەدان هەزار، ئێستا لە ساحەی سیاسیدا نە ناویان هەیە و نە ناونیشانیان ماوە! ڕەنگە گرنگترین هۆکاری ئەم جیاوازییە لە پڕۆسەی پێکهێنانی ئەو حیزبانەدا بدۆزرێتەوە. زۆربەی ئەو حیزبانە دەرەنجامی شێوەیەکی تایبەت لە بیرکردنەوە و لەژێر کاریگەریی بیروڕای زاڵی سەردەمی خۆیان و لە ڕاستیدا کارکردی پێشهاتە جیهانی و ناوچەییەکان بوون، لە کاتێکدا حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمای خواست و پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە سەری هەڵداوە و دەرەنجامی پەرەسەندنێکی فیکری لە کۆمەڵەی ژ-کاف بۆ کۆماری کوردستانە. لە ڕاستیدا حیزبی دێموکرات هیچ کاتێک شتێکی جیا لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات نەبووە و ناتوانێت بێت.

هۆکاری مانەوەی دێموکرات وەک بزووتنەوەیەکی کاریگەر دوای نزیک بە هەشتا ساڵ خەباتی سیاسی نەتەنیا لە ڕۆژهەڵات بەڵکوو لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و لەنێو ئۆپۆزسیۆنی ئیرانیدا هەر دەگەڕێتەوە سەر ئەم ڕاستییە کە حیزبی دێموکرات ئاڵاهەڵگری ویست و داخوازییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بووە هەیە. ئەم پێوەندییەی نێوان دێموکرات و خەڵکی ڕۆژهەڵات هەرچەندە فاکتەرێکی زۆر هاندەرە لە ڕێگای تێپەڕاندنی قەیرانەکان بۆ حیزبی دێموکرات، بەڵام لە هەمان کاتدا قورسایی بڕیاردان لەم حیزبەش چەند بەرانبەر دەکات.

هەلومەرجی ئاڵۆزی ئەم ڕۆژانە لە جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، گوشاری داگیرکەران، بەتایبەت ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی، ململانێی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەستیاری ئەم بابەتە دوو هێندە دەکات. بڕیارە سیاسییەکان بەشێکن لە پڕۆسەی کاری حیزبێک و بەپێی هەلومەرج و پێداویستییەکانی ڕۆژ دەردەچن و ڕەنگە تاقمێکیان لەلایەن خەڵکەوە خوازراو نەبن و ئەمە لە دونیای سیاسەت ڕێگەپێدراوە. بەڵام هیچ بڕیارێکی حیزبی ناتوانێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک لە هێڵەسوورەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات لابدات.

بۆ نموونە وەستانی شەڕی چەکداری لە چەند قۆناغێکی جیاوازدا دەتوانرێت وەک بڕیارێکی سیاسی کە بەپێی بارودۆخی ناوچە گیراوە پۆلێن بکرێت. بەڵام خەبات و تێکۆشان سیاسی لەدژی داگیرکەر بە هەر شێوەیەک ڕێگەپێدراوە و بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکرات، ئەم نیشانە شەرەفە بە هەموو شێوەیەک پارێزراوە. ئەم نیشانە شەرەفە دەرئەنجامی خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرزە و شتێک نییە پشتگوێ بخرێت. خەبات ژیانە و تەسلیمبوون کۆتایی کارەساتبارانەی خەونی ڕزگاریخوازییە. وشەکان ناتوانن حەقیقەت بگۆڕن، ئەوە بارودۆخەکانن کە شوناس بە وشەکان دەبەخشن.

ئەوانەی تەپڵی نائومێدی لێ بدەن و وەک "موریس" لە خەبات و تێکۆشان ماندوو بوون، چارەنووسیان تێداچوونە. هەڵاتن لە"دوورگەی شەیتان" یش ئاساییە ئەگەر مرۆڤ کۆڵ نەدات و باوەڕی بە بەرخۆدان و ڕزگاری هەبێت، ئەوکات دەتوانێت ببیتە هاوسەفەری شەپۆلەکانی دەریا و سواری تەختەدارێک بەرەو شوێنی مەبەست ڕێگا ببڕێت. دەبێ باوەڕت بە خەبات هەبێت و دەبێ ئازادی ئامانجت بێت، ئەوکات مرۆڤ دەتوانێت چاوەڕوانی داهاتوو بێت، ئەم ڕۆژەی کە ئاڵای کوردستان لەسەر لوتکەی چیاکانە شەکاوە و کەسێک لە ناخی دڵییەوە، ساڵیان تووڕەیی لە قوڕگیدا، هاوار دەکات: "ها داگیرکەر، لە بیرتە پێم گوتی، ئێرە نیشتیمانی منە و تۆ درەنگ یا زوو دەبێ بڕۆیت".