مەنسوور مروەتی
بەرەوپیلی یەک ساڵەی شۆڕشی ژینا و سەرهەڵدانی نوێی خەڵکی ئێران دەچین. ئێستا کاتێکی لەبارە بۆ ئەوەی هەمووان هەڵسەنگاندن و خەسارناسییەکی واقعبینانە بۆ ئەم یەکساڵەی تێکۆشانی خۆیان بکەن. ئەگەر ئەم ماوەیە خاڵی هاوبەشی هەموو خەڵکی ئێران ڕزگاربوون لە دەست زوڵم و زۆریی ڕێژیمی سەرتاپا گەندەڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، بێگومان ئەوا بۆ نەتەوە بندەستەکانی نێو ئەو چوارچێوە جوغرافیاییە جیاواز لەو خاڵە هاوبەشە، پرسێکی لەمێژینەی چارەسەرنەکراو بە ناوی مافی نەتەوەیی بوونی هەیە کە لانیکەم بۆ خەڵکی کوردستان لە پلەی یەکەمدایە. پرسێکی ژیانەکی کە وەبیرهێنەرەوەی خەبات و هەوڵ و تێکۆشانێکی سەدان ساڵەی پڕ لە چەرمەسەری و کەوتن و هەستانەوە و هەورازونشێوی زۆری نەتەوەی کوردە. بۆیە لە شۆڕشی ئەمجارەشدا پرسی نەتەوەیی پڕڕەنگتر لە هەمووکات و لە ڕیزی هەرەپێشەوەی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بوو.
لەگەڵ هەموو ئەو نەهامەتییانەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە، لە شەڕ و ماڵوێرانی، پەلامار و ئێعدام، کوشتاری بەکۆمەڵ و ژێنوساید، بۆمباران و ڕاوەدوونان، کۆچی زۆرەملێ و تێرۆری ڕێبەرانی کورد و دەسبەسەرکرانی بەربڵاوی چالاکانی سیاسی،مەدەنییەوە بگرە هەتا مووشەک و درۆنبارانی حیزبەکانی کوردستان کە مەبەست لێی زەبروەشاندن لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان و لاوازکردن و نەهێشتنیەتی، بەڵام سەرنجڕاکێش و خاڵی بەهێزی بزووتنەوەکە ئەوەیە: ئەم گەلە کۆڵی نەداوە و هەروا لەسەر پێ و چالاکە و لە شۆڕشی ژیناشدا بزوێنەر و پێشەنگی شۆڕشەکە بوو و هەیە.
خاڵێکی تری بەهێزیی بزووتنەوەی کوردستان ئەو یەکگرتووییە ڕێژەییەی لەنێو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و بەتایبەت لە ناوەندی هاوکاریدا هەبوو. ناوەندی هاوکاری کە خۆی وەک وڵامدانەوەیەک بە پێویستیی یەکگرتوویی و پێکەوەکارکردن بوو، لە شۆڕشی ژینادا ڕۆڵێکی زۆر باشی گێڕا. بەڵام مەنشووری جۆرجتاون و هاتنەئارای بیروڕای جیاواز لە کوردستان ئەو یەکگرتووییەی ناوەندی هاوکاری لەلایەن کۆمەڵگەی سیاسیی کوردستانەوە هێمای پرسیاری لەسەر دانرا و خوڵقێنەری دۆخێکی نەرێنی بوو کە دەکرێ لە هەڵسەنگاندنی ئەم یەکساڵەی دواییدا ئەمە بە یەکێک لە خەسارەکان ناو ببرێ.
بە حوکمی پێگە و کاریگەریی زیاتری حیزبی دێموکرات لە بزووتنەوەی کوردستان و لە کۆمەڵگەی کوردستان، دەکرێ بگوترێ کە ئەم حیزبە هەر بەو ڕاددیەش بەرپرسایەتیی گرینگی دەکەوێتە سەرشان و وەک ئاڵاهەڵگری پرسی نەتەوەیی لە کوردستان پێویستە خوێندنەوەیەکی تازەتر بۆ هەڵوێست و ڕەفتارە سیاسییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی لاوان وەکوو چینێکی زیندووتری کومەڵگە بکا. حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک یەکەم حیزبی مودێڕن لە سەد ساڵەی ڕابردوودا، شانازیی دامەزراندنی یەکەم حکوومەتی کوردی و ڕەسمیەت بەخشین بە هێما نەتەوەییەکانی کوردی، وەکوو ئاڵای کوردستان، سروودی نەتەوەیی و سوپای میللی کوردستان لە دنیادا هەیە. سەرەڕای لەنێوچوونی کۆماری کوردستان بەڵام ئەوەی لەو کۆمارەدا لە پرۆسەی نەتەوەسازییدا کاری بۆ کرا سەرکەوتنێکی باشی وەدەست هێنا و بزوتنەوەی کوردستانی خستە سەر ڕێڕەوێکی وەها کە ئێستا گەشەی ناوسیونالیزم لە کوردستاندا لەوپەڕی خۆیدایە.
لە بابەت خۆشەویستی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان و کاریگەرییان لە سەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەت نەوی نوێ دەیان و سەدان نموونەی بەرچاو هەیە بەڵام لێرەدا ئەوەندە بەسە ئاماژە بە دوو کەس لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شاری پیرانشار بکرێ. باوی شەهید کۆمار دەرئوفتادە لە کاتی ناشتنی تەرمی جگەرگۆشەکەیدا بە گەرووی پڕگریانەوە گوتی: "ئەمن ئەم کوڕەم لە ٢٥ی گەلاوێژدا لە دایک بوو، ناوم نا کۆمار." یان باوکی شەهید کاروان، ئەویش هەر لە کاتی ناشتنی کوڕەکەیدا گوتی: "لە بەر خۆشەویستیی کاروانی شەهیدان ناوی کوڕەکەمم نا کاروان" کە مەبەست بەرنامەی کاروانی شەهیدانی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتە کە تێدا ڕێز لە یاد و ناوی شەهیدانی پێشمەرگە دەگیرێ.
بە گشتی هەڵسوکەوتی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە کوردستاندا جیا لەوەی دەکرێ بڵێین بێوێنە بوون، لە لایەکی دیکەوە نیشاندەری ئاستێکی بەرز لە وشیاری سیاسی و هەست بە بەرپرسیارەتی لە بەرانبەر دۆزی ڕەوا و مافەکانی گەلەکەیان بوو. مانگرتنە بەردرێژەکانی دوکاندار و بازاڕییەکانی کوردستان، یارمەتیدانی برینداران بە هەموو جۆرەکان و بەتایبەت لەلایەن دوکتور و پەرستارەکان و لە سەرپشت بوونی درگای ماڵان بۆ پەناهێنانی خۆپیشاندەران و بەتەنیا نەهێشتنەوەی بنەماڵەی شەهیدان و چەندین و چەندەها نموونەی دیکە لە هاودڵی و هاوکاریی خەڵکی کوردستان تابلۆیەکی بەربەرینی پڕ لە هیوا و ئومێدیان لە ئاستی بەرزی هەست و ویستی نەتەوەیی لە کوردستان خستە پێش چاوی دونیا. لە یەک ڕستەدا وا باشە بگوترێ کە خەڵکی کوردستان لەم شۆڕشەدا وەک نەتەوە دەرکەوتن. نەتەوەیەک کە بە پێناسە نوێیەکەی نەک تەنیا زمانی هاوبەش و مێژووی هاوبەش و ئایینی هاوبەش و شتی وا، بەڵکوو نەتەوەیەک بە هەست و ویستی هاوبەشەوە. بێگومان بۆ هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی ئێستای کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی لەم شۆڕەشدا و دەرکەوتنە فرەلایەن و مانادارەکانیان پێویست بە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیی بەرفراوان هەیە و لە توانای ئەم وتارەدا نییە، بەڵام ئەوەی بەئاشکرا دیارە ئەوەیە،میللەتێک بە هەموو وجوودیەوە داوای مافەکانی خۆی دەکا. ئەم نەتەوەیە لە مافەکانی خۆی تێگەیشتووە و بەباشی ئاگاداری جیاوازییەکانی خۆی لەگەڵ نەتەوەی باڵادەستە کە ساڵانێکە دەسەڵاتدارەکانی حاشایان لێ کردووە و هەوڵیان داوە بیسڕنەوە.
لەوە ئەولاتر ئێستا نەوەیەک پەروەردە بووە و لە مەیداندایە کە سێ و چوار ساڵ لەوەپێش شەهید دوکتور قاسملوو بە جۆرێک لە جۆرەکان پێشبینیی کردبوو. دوکتور قاسملوو لە دوایین قسەکانی لەگەڵ هەیئەتی بەناو وتووێژکاری ئێران دەڵێ، نەوەی ئێمە ئێستا لەبەرانبەر داواکاریی خۆمان کە خودموختارییە بەرپرسیارین، بەڵام ڕەنگە لە دواڕۆژدا و نەوەی دواڕۆژ داوای سەربەخۆیی بکەن.
ئەوەی مەبەستی ئەم وتارەیە ئەوەیە بوترێ چاوخشاندنێکی سەرپێی بە ڕەفتارە سیاسی و مەدەنیەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێمان دەڵێ کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵوگۆڕی قۆڵی بەسەردا هاتووە و لە ئێستا تینووی گوتارێکی تۆختری نەتەوەیی لەچاو ڕابردوویە. ئەوان لە بیروزەینی خۆیاندا سنووری خۆیان لە گەڵ دەرەوەی کوردستان دیاری کردووە،و پێویستە ئەم واقعییەتە لە چاوی هیچ ڕێکخراوێکی بەرپرسەوە ون نەبێ. وەک لە سەرەتاشدا باس کرا، لەم بوارەدا ئەرکی سەرەکی لە سەرشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. حیزبی دێموکرات ئەو حیزبەیە کە لە هەموو قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی بزووتنەوەی کوردستاندا بە هەڵسەنگاندن و دەرکی دروست و واقعبینانە لە ژینگەی سیاسی خۆی، هەنگاوی دروست و پێویستی هەڵگرتووتەوە. حیزبێک کە هەر لە سەرەتاوە دامەزرێنەر و پارێزەری هێما نەتەوەییەکانی نەتەوەی خۆی بووە پێویستە لە ئێستادا کە ناسیونالیزم لە ڕۆژهەڵاتدا لە چڵەپۆپەی خۆیدایە بەباشی دەرک بەم بابەتە بکا و بە گوتارێکی ڕادیکاڵتر لە پێشوو ڕەسالەتی مێژوویی خۆی بەجێ بێنێ.