بریتانیا چەند کەسی ڕێژیمی ئێرانی لە پێوەندی لەگەڵ ناردنی دڕۆن بۆ ڕووسیە خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە و هاوکات وەزارەتی دەرەوەی کاناداش لە هاوئاهەنگیی خۆی لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا، بریتانیا و ئەمریکا، سێزدەهەمین بەستەی گەمارۆکانی خۆی دژی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاند.
ڕۆژی سێشەممە ١٧ی گەلاوێژ، وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا لە هەوڵێکی دیکە بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ڕووسیە بە کەرەستەی شەڕ، ٢٢ کەس و ٣ شیرکەتی بیانی لەوانە ئێران، تورکیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بێلاڕووس، ئێسلواکی و سویسی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا، شیرکەتی ''پەڕئاوەر پارس'' و هەوت لە بەڕێوەبەرانی ئەو شیرکەتەی بەهۆی ڕۆڵیان لە لێکۆڵینەوە و گەشە و بەرهەمهێنانی دڕۆن بۆ سپای پاسداران خستە نێو لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە.
جەیمز کلۆرلی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا بە ئاماژەدان بە بەستەی نوێی گەمارۆکانی ئەو وڵاتە لە دژی پاڵپشتیی سەربازیی دەرەکی بۆ ڕووسیە، وتی: |گەمارۆوە مێژووییەکانی ئەمڕۆ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی زیاتری تەقەمەنی لە جبەخانەی ڕووسیە و داخستنی تۆڕی زنجیرەیی دابینکردن کە پاڵپشتیی پیشەسازیی بەرگریی پۆتین دەکەن."
بریتانیا لە سەرەتای هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ کەس و دامەزراوەی خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی کانادا، هاوتەریب لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا، بریتانیا و ئەمریکا، سێزدەیەمین بەستەی گەمارۆکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاند و حەوت کەسی بەهۆی چالاکییەکانیانەوە کە "ئاشتی و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە" خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە.
لەنێو ئەو کەسانەدا فەرماندەیەکی پێشووی سپای پاسداران و بەرپرسانی باڵای دیکەی کۆماری ئیسلامی بوونیان هەیە کە لە دابینکردنی کەرەستە بۆ هێزی ئینتزامیی ڕێژیم و لە شیرکەتەکانی بەرهەمهێنانی دڕۆن و ناردنیان بۆ ڕووسیە دەستیان هەبووە.
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا وڵاتانی ڕۆژاوایی چەندین جار بەهۆی ناردنی دڕۆن بۆ ڕووسیە و سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی سەرتاسەری، گەمارۆیان خستووەتە سەر بەرپرسان و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی.