کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزەرێکی مافی منداڵان لە پارلمانی ئاڵمان، کەفاڵەتی سیاسیی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی لە ئەستۆ گرت

10:08 - 19 گەلاوێژ 2723

سارا لارکمپ، پارێزەری مافی منداڵان لە فراکسیۆنی  SPDی پارلمانی ئاڵمان، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە فەیسبووکی خۆی، ڕایگەیاند کە کەفاڵەتی سیاسیی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی (سۆلینا)، لە ئەستۆ گرتووە و لە نامەیەکدا بۆ باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە ئاڵمان، بەنیسبەت دۆخی ئەوان نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و خوازیاری ئازادییان لەو دۆخە نامرۆڤانەی زیندانی ورمێ بووە.

سارا لارکمپ، لەم پۆستە فەیسبووکییەدا ڕایگەیاندووە: "وەکوو نوێنەری پارێزەری مافی منداڵان لە فراکسیۆنی  SPDی پارلمانی ئاڵمان، من بە دۆخی ئەم دایک و منداڵە حەپەساوم و نیگەرانم! بۆیە داوا لە هەمووان دەکەم ئەم پۆستەی من هاوبەش بکەن و سەرنجمان بخەینە سەر چارەنووسی سوعدا و سۆلینا!"

ئەم پارلمانتارە ئاڵمانییە، بە ئاماژەدان بە نەبوونی کەرەستەی یاریکردن، پزیشکی منداڵان، دەرمان، خواردن و جلوبەرگی پێویست بۆ سۆلینا، ئیزنی یەک کاتژمێر چوونەدەرەوە لە بەند لە ڕۆژدا و دەسپێڕانەگەیشتنی سوعدا بە پارێزەر و مەرەخەسی وتوویەتی: دۆخی ئەوان دژی مافی مرۆڤە و دەبێ بەزوویی ئازاد بکرێن.

ئەم پارێزەری مافی منداڵان لە پارلمانی ئاڵمان، لە دەقی نامەکەیدا وتوویەتی: "پاش ئەوەی کە لە دۆخی سوعدا و سۆلینا ئاگادار کرامەوە، ئەرکی پشتیوانی لەوان لە ڕێکخراوی مافی مرۆیی هاوارم لە ئەستۆ گرت. سوعدا بە ئەندامەتی لە گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورد تۆمەتبار کراوە، تۆمەتێک کە کۆمەڵگەی بەلاڕێداچووی ئێران، لەگەڵی بەرەوڕوویە. ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکراندا دووگیان بووە و ناچار بووە لە دۆخێکی مەترسیداردا منداڵەکەی بێنێتە دونیاوە و ئێستا بە ١٢ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە."

کەفاڵەتی سیاسیی سوعدا خەدیرزادە، لەلایەن سارا لارکمپ لە ئاکامی زانیاریی وردی "کوردپا" و هەوڵی دوو مانگە و هاوکاریی دوو لایەنەی لەگەڵ ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هاوار"، بووە.

پێشتر "کوردپا"، لە یەکەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سۆلینادا، پەرژابووە سەر دۆخی ئەم دایک و منداڵە زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ورمێ.